شوێنێک بۆ ئەوەی هێشتا نەهاتووە
11/12/2026 1:14:00 PM
عیماد ئهحمهد
مرۆڤ تەمەنی خۆی بەو شتانە دەباتەسەر کە هێشتا نەهاتوون؛ بە گەڕانەوەی کەسێک، بە کردنەوەی دەرگایەک، بە بەیانییەک کە پێی وایە لە ئەمڕۆ میهرەبانتر دەبێت. رەنگە هەر ئەمەش بێت وا دەکات شەوان چرای ژوورەکە بکوژێنینەوە و لە ناخماندا رووناکییەکی بچووک بەجێ بهێڵین. هەموو شەوێک، پێش ئەوەی بخەوین، شوێنێک بۆ ئەوەی هێشتا نەهاتووە چۆڵ دەکەین.
کاتێک بە بیرەوەریدا دەگەڕێمەوە بۆ جەلەوە و کەناری ئەڵوەن، دەپرسێم: ئەو منداڵەی لەوێ بەجێم هێشتووە، ئەگەر ئەمڕۆ هەبێت، دەمناسێتەوە؟ یان تەنیا لە حەزێکی کۆندا دەمدۆزێتەوە کە هێشتا لە چاوەکانمدا ماوە؟ لە خەیاڵمدا دەچمە تەنیشتی و دادەنیشم. ئەو سەیری ئاوەکە دەکات، من سەیری ئەو رووبارەی بۆ ئەو رێگایەکە بۆ شوێنە دوورەکان؛ بۆ منیش رێگای گەڕانەوەیە.
لە منداڵیدا حەزەکانمان بە ئەندازەی دەستە بچووکەکانمان بوون؛ دەمانتوانی حەزەکانمان بگرین، بیانخۆین، لە گیرفانمان دایانبنێین، یان نیشانی هاوڕێیەکمانی بدەین. ئەوکاتە شادیی لە شتێکی بچووکدا جێی دەبووەوە. دواتر دەستەکانمان گەورە بوون و حەزەکانمان لە باوەش دەرچوون. هەندێکیان گۆڕان بۆ خەون، هەندێکیان بوون بە خەم، هەندێکیش هێشتا لە قوژبنێکی دڵدا چاوەڕێن، وەک جلێکی جەژن کە خاوەنەکەی گەورە بووە و ئەو هەر بە قەبارەی منداڵێک ماوەتەوە.
حەز زۆرجار بە زمانی «ئێستا» قسە دەکات. هیوا فێری چاوەڕوانی دەبێت. خەونیش هەندێ جار کاتژمێرەکەی لە مەچەکی دەکاتەوە و دەڕوات بۆ ئەو شوێنانەی هێشتا لە نەخشەدا نین. ئەم سێیانەیە لە ناخماندا پێکەوە دەژین؛ جارێک دەست لە ملی یەکتر دەکەن، جارێکیش شەوێکمان لێ تێکدەدەن. حەز دەڵێت: «بۆچی هێشتا نەبوو؟» هیوا دەڵێت: «رەنگە سبەی.» خەون لە پشت پەنجەرەوە بانگمان دەکات: «دەبێت هەنگاوێک بنێین.»
دوای کۆچی باوکم، کاتێک لای وەستا عەبدو شاگرد بووم، نان لە زۆربەی وشە گەورەکان نزیکتر بوو. پێش ئەوەی مرۆڤ لە واتای ژیان بپرسێت، هەندێ جار ناچارە بزانێت ئێوارە چی دەباتەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام تەنگانە ناتوانێت هەموو شوێنەکانی ناخ پڕبکاتەوە. لەنێوان ماندووبوونی دەست و خەمی ناندا، هێشتا کونێکی بچووک بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە. مرۆڤ لەو کونەوە هەناسە دەدات.
لە خەیاڵمدا، ماسییەک لە ناو ئەڵوەن سەری لە ئاو دەردەهێنێت و لە بولبولێک دەپرسێت کە لەسەر سەعافێکی دارخورما نیشتووەتەوە: «تۆ کە باڵت هەیە، هێشتا حەزت بە چییە؟» بولبول دەڵێت: «بە لقێک کە کاتێک دەگەڕێمەوە، هێشتا لە شوێنی خۆی بێت. ئەی تۆ؟»
ماسی دەڵێت: «بەوەی ئەم ئاوە رێگای خۆی ون نەکات، لەبەرئەوەی هەموو خەونەکانم لە ناویدا هەڵگرتووە.»
بولبول لە ئاوەکە دەڕوانێت: «من هەر بەیانییەک ئاسمان لە رووبارەکەتدا دەبینم؛ پێم وایە تۆش لە ئاسمانێکدا دەژیت.»
ماسی دەڵێت: «منیش سێبەری باڵەکانت دەبینم و پێم وایە تۆش دەتوانیت مەلە بکەیت.»
هەردووکیان بێدەنگ دەبن. شنەبایەک بە گەڵاکانی دارخورماکەدا تێدەپەڕێت و رووی ئاوەکە دەجووڵێنێت.
ماسی دەپرسێت: «ئەگەر سبەی ئەم رووبارە کەمئاوتر بوو، هەر دێیتەوە؟» بولبول دەڵێت: «دێمەوە و بانگت دەکەم.»
«ئەگەر دەنگم نەگەیشتە سەر ئاوەکە چی دەکەی؟»
بولبول دەڵێت: «لەسەر لقێکی نزمتر دەنیشمەوە.»
گوێ لە گفتوگۆکەیان دەگرم و بیر دەکەمەوە، هەندێ جار هیوا ئەو کەسەیە کە کاتێک دەنگت نایگاتێ، کەمێک لێت نزیکتر دەبێتەوە.
هەر لەوێوە تێدەگەم کە حەز و هیوا و خەون، لە هەموو شوێنێک یەک واتایان نییە. لە ماڵێکی تێردا، خەون رەنگە گەشتێک بێت بۆ وڵاتێکی دوور؛ لە ماڵێکی برسیدا، سفرەیەکی تەواوە. لە زینداندا، دەنگی پێی کەسێکی ئاشنایە لەپشت دەرگاوە؛ لە تاراوگەدا، رێگایەکە بەبێ ترس بەرەو ماڵ دەتباتەوە. لە نەخۆشخانەدا، هیوا هەندێ جار لە یەک وشەی پزیشکدا جێی دەبێتەوە. وشەکە بچووکە، بەڵام بنەماڵەیەک لەژێر سێبەریدا شەوەکەیان بەسەر دەبەن.
تەنانەت کاتە جیاوازەکانی رۆژیش رەنگی خەون دەگۆڕن. ئەوەی بەیانی بەئاسانی بەڵێنی پێ دەدەین، شەو لەبەردەممان دادەنیشێت و لێمان دەپرسێت: «چی لێ هات؟» بەیانی، رێگاکان فراوانتر دەردەکەوێت؛ شەو، دەنگی ئەو هەنگاوانە دەبیستین کە نەمانناون. بەدرێژایی تەمەن هەروایە. لە گەنجیدا دەمانەوێت زوو بگەین؛ دواتر فێردەبین بپرسین: بۆ کوێ؟ لە تەمەنی مندا، هەندێ جار خەون ئەوەیە کات هێواشتر بڕوات، بۆ ئەوەی بتوانیت قسەی کەسێکی خۆشەویست تا کۆتایی ببیستیت.
ساڵانی خەبات، خەونی تاکەکەسی لەناو خەونی گەورەتردا شوێنی خۆی دەدۆزییەوە. مرۆڤ داهاتووی خۆی لە چارەنووسی هاوڕێکانی جیا نەدەکردەوە. ئەمڕۆ، کە بیر لە رۆیشتووان دەکەمەوە، پرسیارێک لە ناخمدا دەمێنێتەوە: لەوەی ئەوان خەونیان پێوە دەبینی، چەندەی بووەتە بەشێک لە ژیانی خەڵک؟ بەهای خەونێکی گشتی کاتێک دەردەکەوێت کە منداڵێک بتوانێت بەبێ ترس بڕواتە قوتابخانە و دایکێک شەو بەدڵنیایی سەربنێتەوە. ئەگەر لە خەونە گەورەکانماندا شوێنێک بۆ ئەم ئارامییە بچووکە نەبێت، پێویستە جارێکی تر سەیریان بکەینەوە. بەڵام خەونیش پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. هەندێ جار ئەوەندە دڵمان بە وێنەیەکی کۆنەوە گرێدەدەین کە ناتوانین ژیانی گۆڕاو ببینین. وەفاداریی بۆ خەون، لەوانەیە لەوەدابێت شێوەکەی بگۆڕین، تا ماناکەی بمێنێت. ئەوەی بە ئازادیی دەست پێ دەکات، نابێت لە رێگادا ببێتە قەفەس؛ تەنانەت ئەگەر بە جوانترین وشەکانیش ڕازابێتەوە.
منیش هەموو ئەوەی حەزم لێ بووە بەدەستم نەهێناوە. هەندێ خەونم لەگەڵ کەسانێکدا ماوە کە چیتر نەماون، هەندێکیان لە شوێنێکدا بەجێماون کە گەڕانەوە بۆی، گەڕانەوە بۆ هەمان ژیان نییە. ماڵ دەمێنێت، بەڵام ئەو دەنگەی لە ناوییەوە بانگی دەکردیت، نامێنێت. کەنار دەمێنێت، بەڵام ئەو تەمەنەی لەسەری دادەنیشتیت ناگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناتەواوی هەموو جارێک شکست نییە. هەندێ خەون ئەوەندەمان دەگۆڕێت کە تەنانەت ئەگەر پێیشی نەگەین، ناتوانین بڵێین بە دەست بەتاڵیی گەڕاوینەتەوە.
کاتێک سەیری نەوەکانم دەکەم، دەبینم داهاتوو تەنیا بەردەوامیی رابردووی من نییە. ئەوان حەز و پرسیار و رێگای خۆیان هەیە. دەمەوێت ئەزموونەکەم بۆ ئەوان رووناکییەک بێت، بەڵام دەبێت شوێن بۆ چاوەکانی خۆشیان بهێڵمەوە. با شتێک ببینن کە من نەمبینیوە. با خەونێک ببینن کە من تەنانەت ناوێکیشم بۆ نەدۆزیوەتەوە. رەنگە بەشێکی هیوا هەر ئەوە بێت: بتوانیت داهاتوویەکت خۆش بوێت کە هەموو وردەکارییەکانی بە خواستی تۆ نەنەخشاوە.
ئێستا حەز دەکەم ماوەیەک قەڵەم دابنێم. وشەکانیش پێویستیان بە دووریی هەیە؛ زۆر لێیان نزیک بیتەوە، هەندێ جار دەنگی یەکتر دادەپۆشن. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ گوێگرتن؛ بۆ قسەیەکی سادە، بۆ بێدەنگیی نێوان دوو رستە، بۆ ئەو شتانەی رۆژانە بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕم و لە پەلەپەلی نووسیندا نایانبینم. رەنگە لەو ماوەیەدا، رستەیەک لە ناخمدا بگات کە ئەمڕۆ بە زۆر ناتوانم بینووسم.
هیوادارم ئەوەی نووسیومە، لە بیردا بمێنێتەوە؛ پرسیارێک بجووڵێنێت، یادێک زیندوو بکاتەوە، یان کەسێک هانبدات، لە حاڵی دڵی کەسێکی دیکە بپرسێت. ژیانی وتار لەوێوە درێژدەبێتەوە کە خوێنەر، لەنێو وشەکانی کەسێکی دیکەدا بەشێک لە خۆی دەدۆزێتەوە.
لە خەیاڵمدا، هێشتا ئەو منداڵە لە کەناری ئەڵوەن دانیشتووە. پێش ئەوەی لێی دوور بکەومەوە، لێم دەپرسێت: «ئەی خەونەکانمان چیان لێ بەسەرهات؟» لە وەڵامدا دەڵێم: «هەندێکیان هێناوماننەتە دی، هەندێکیان لە رێگادان.» دەڵێت: «ئەی ئەوانەی نەهاتن؟» سەیری ئاوەکە دەکەم و دەڵێم: «ئەوانیش فێریان کردین چاوەڕێی چی بکەین و بۆ چی هەنگاو بنێین.»
مۆبایلەکە دادەنێم و پەنجەرەکە بە کراوەیی دەهێڵمەوە. هێشتا حەزم بە ژیانە؛ هێشتا شوێنێکم بۆ ئەوەی نەهاتووە هەیە.