9وتار

بۆنی عەتر لە ڕۆژگاری بارووتدا

11/1/2026 1:05:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

(١–٢)

شەو، پێش ئەوەی بچمە ناو جێگا، ڕیپۆرتاژێکی نایابم دەربارەی حەمامەکانی خانەقین بینی؛ بە زمانی عەرەبی و بە خوێندنەوە و دەنگی بەسۆزی برای ئازیز و هاوڕێی دێرینم، کاک نیهاد خەیاتەوە.

وێنە کۆنەکانی خانەقین و دەنگی کاک نیهاد لەگەڵم هاتنە ناو جێگا. چاوم داخست، بەڵام ئەوان نەخەوتن. شەو تا بەیانی، لەگەڵ بیرەوەرییەکانم ئەملا و ئەولام دەکرد؛ وەک هەموویان لە ناخمدا زیندوو بووبنەوە و هەر یەکەیان بیەوێت شتێکم بیر بخاتەوە. ڕۆژ هەڵهات، هاتمە خوارەوە و ئەم وتارەم نووسی.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە خانەقین دە حەمامی جۆراوجۆر هەبوو؛ بەشێکیان تایبەت بوو بە ژنان و ئەوانی تریش بۆ پیاوان بوون. لە منداڵیدا، لەگەڵ باوکم بۆ  ئەسکی حەمامی نزیک ئەڵوەن چەندین جار چۆمە. دواتر، لە گەنجایەتیدا، لە بۆنەکان و بەیانیانی زووی ڕۆژانی هەینیدا، بە کۆمەڵ لەگەڵ برادەرەکانم دەچووینە حەمام؛ وای لێ هات کە هەموو حەمامە پیاوانەکانی شارمان تاقی کردەوە.

بەتایبەتی لە زستاناندا، هەندێک پرتەقاڵمان لە باخەکانی جەلەوە دەکردەوە و لەگەڵ خۆمان دەمانبرد بۆ حەمام. لەناو هەڵم و گەرمای حەمامدا، بۆنی پرتەقاڵەکان بڵاو دەبووەوە؛ دڵ و دەروونی ئێمە و ئەوانەشی فێنک دەکردەوە کە لە دەوروبەرمان بوون. تامی ئەو پرتەقاڵانە و خۆشیی ئەو گردبونەوەیە هێشتا لە یادم ماون.

کۆنترین حەمامی خانەقین «ئەسکی حەمام» بوو؛ واتە «حەمامی کۆن». لە سلێمانیش «حەمامی سوورەت» بە یەکێک لە کۆنترین حەمامەکانی شار ناسراوە. ئەم شوێنانە، لە نێوان دیوارەکان و لەژێر گومەزەکانیاندا، بەشێک لە ژیانی خەڵکیان لە خۆ گرتووە؛ ژیانێک کە هەمووی لە کتێبەکانی مێژوودا نەنووسراوەتەوە.

بوونی ئەو ژمارە زۆرەی حەمام لە خانەقین، دەرچەیەکمان بۆ ناسینی باری کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو شارە دێرینە دەکاتەوە. حەمام، بێجگە لەوەی نیشانەی پاکی بووە، سەرچاوەی بژێوی خێزانان و شوێنی گردبونەوەی خەڵکیش بوو. وەک چایخانە؛ هەواڵ و قسە و گلەیی و پێکەنین تێیدا دەگوازرانەوە؛ خەڵک یەکتریان دەبینی، پرسیاری یەکتریان دەکرد و لە حاڵی یەکتر ئاگادار دەبوون.

لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قورباندا و لە بۆنەکانی شایی و خۆشیدا، حەمامەکان قەرەباڵغ دەبوون و بە ئاسانی نۆبەت دەست نەدەکەوت. خۆشۆردن بەشێک بوو لە ئامادەبوون بۆ خۆشی؛ جلێکی تازە، ڕووخسارێکی ڕێکخراو، خۆ بە «تیف‌تیفە» دان و بۆنێکی خۆش. هەر کەس بە قەدەر توانای خۆی دەیویست بە ڕووخۆشییەوە بەشداریی جەژن و شادییەکان بکات.

بۆیە پاراستنی یادەوەریی شارەکانمان بەشێکە لە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر ئەو خەڵکەی بە کار و ڕەنج و خۆشی و ناخۆشییەکانیان، ژیانیان بەو شارانە بەخشیوە. مزگەوتێک، حەمامێکی کۆن، قوتابخانەیەک، چایخانەیەک، دیوەخانێک و بازاریەکی قەیسەری کۆن، هەر یەکەیان بەشێک لە ناسنامەمان هەڵدەگرن. پێویستە چیرۆکەکانیان تۆمار بکەین و ئەوەی لەو شوێنانە ماوەتەوە بیپارێزین؛ تا نەوەکانی دواتر بزانن پێش ئەوان چۆن ژیاوین، چۆن خۆشەویستیمان بینیوە و لەناو چ تەنگانەیەکدا پێکەنیوین.

ئەم وردەکارییانە، لەوانەیە ئەمڕۆ بچووک بنوێنن، بەڵام لەو ڕۆژگارەدا بەشێک بوون لە چێژی ژیان و ڕێزگرتن لە خۆمان و لەوانەی چاوەڕێی دیداریان بووین. هەندێک جار بۆنێک، وێنەیەک یان دەنگێک، هەموو ئەو ڕۆژگارە دەگەڕێنێتەوە. ئەو شەوەش، یادی حەمامەکانی خانەقین بردمییەوە بۆ شاییەکی سادەی سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی....

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن