لەنێوان دوو کەنار و سێ وێستگەدا سەفەرێک بۆ قوڵایی بیرەوەری
4/19/2026 12:13:00 PM
عیماد ئهحمهد
ئەمڕۆ کوردستان وەک تابلۆیەک لە رەنگی بەهارە؛ ئاسمانێکی وەک چاوی منداڵێکی ساوا، پاک و بێگەرد، شیناییەکەی تێکەڵی تیشکی زێڕینی خۆر بووە، و هەناسەی فێنکی بەهار بۆنی “نێرگزی خاک”ی هەڵگرتووە.
لەم رۆژە پیرۆزەدا کە کوردانی ئێزیدی جەژنی “سەری ساڵ” و نوێبوونەوەی سروشت دەگێڕن، ئێمەش بەرەو باوەشی شەمێران و تاوگۆزی کەوتینە رێ. هاوسەفەری سەمیری برام کە پشتیوان و مایەی ئارامیی داهاتوومە، لەگەڵ ئارامی کوڕم کە هەڵگری ناوی ئایندەی منە و چەند پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و بەوەفا، وایکرد ئەم رێگایە تەنیا مەودایەکی جوگرافی نەبێت، بەڵکو ببێتە سەفەرێک بەناو کاتدا.
جەژنی ئێزیدی، بە تایبەتی “چوارشەمبا سۆر”، رەسەنایەتییەکە لە قوڵاییی مێژوو؛ موژدەی هاتنی بەهار و نوێکردنەوەی پەیوەندیی مرۆڤ و سروشتە. وەک چۆن سروشت لەم وەرزەدا بەرگی نوێ دەپۆشێت، مرۆڤی کوردیش لەم جەژنەدا پەیمانی وەفا لەگەڵ خاک نوێ دەکاتەوە. ئەم جەژنە تەنیا هی کۆمەڵگەیەکی ئاینی نییە، بەڵکو ناسنامەی دێرینی هەموومانە کە رەگەکەی لە قووڵایی مێژووی ئەم نیشتمانەدا چەقیوە.
دوای نزیکەی دوو کاتژمێر رێگا، گەیشتینە شوێنی مەبەست. کوڕەکان سەیرانەکەیان رێکخست و شتەکانیان ئامادەکرد. منیش لەسەر تەپۆڵکەیەکی سەر لێواری بەنداوی دەربەندیخان دانیشتم. چاوم لە شەپۆلە نەرمەکانی ئاوەکە بوو، بەڵام بیرم گەڕایەوە بۆ 52 ساڵ لەمەوبەر.
لە دواینیوەرۆی رۆژی(1974/4/26)، رژێمی دکتاتۆر بە خەستی جەستەی هەڵەبجەی بە بۆمبی ناپاڵم بریندار کرد. دوای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە، لە (29 /4 /1974)، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خانەقینی، بە دڵێکی پڕ لە خەم و چاوێکی پڕ لە ئومێد، لە کەناری نەورۆڵی-یەوە بەرەو تاوگۆزی بە کەڵەک پەڕینەوە. لە یەکی ئایار «جەژنی کرێکاران»دا گەیشتینە بێلوولە، بەڵام ئەمڕۆ، لەم دیوی شەمێرانەوە، سەیری ئەو دیوی بەنداوەکە دەکەم.
ئەوسا:
• ئاسمان پڕ بوو لە ناپاڵم و دەنگی فڕۆکە.
• شارەکان لە دووکەڵدا دەخنکان.
• رێگا پڕ بوو لە ترس و نادیاری.
• کارەبا لە گوندەکان نەبوو.
• رێگا و بان قیرتاو نەکرابوو.
• بەڵام ئاوی بەنداوەکە وەک چاوی قرژاڵ پاک بوو.
ئێستا:
• ئاسمانێکی روون و ئارام.
• شیناییەک بە پەڵە هەوری سپی وەک قاپێکی سیرامیکی
چینی، رازاوەتەوە.
• کارەبا لە گوندەکان هەیە.
• جادەکان قیرتاون.
•بەڵام ئاوی بەنداوەکە وەک چاوی ماسیی بن دەریا، لێڵ بووە
ئێوارەی ئەو رۆژە گەیشتینە گوندی سەرشاتە، لە دوورەوە سۆمای چاوم لەسەر کێلی مەولەوی، پیری شاعیران بوو. ئەو شەوە لەگەڵ شەمس، بووین بە میوانی ماڵێکی پڕ لە میهرەبانی و میواندۆستی. لەژێر رووناکیی دڵسۆزی، نانخواردن و گفتوگۆدا شەومان بەسەربرد. لەسەر لباد و لێفەیەکی بۆندار بە بۆنی میخەک، خەوتین.
بەیانی بە دەنگی کەڵەشێر و مەڕ و ماڵات لە خەو هەستاین، و بە ژەمێکی نایاب «نانی گەرم، هێلکە و رۆنی کوردی»، هێزمان نوێکردەوە و بەرەو سەرتەک و شاخی بەمۆ رۆشتین.
یادەوەرییەکان وەک باڵندە دەفڕن… جارێک بۆ ساڵی 1993، کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دڵسۆز و بەئەزموون کاروباری مەڵبەندی کەرکوکمان لە دەربەندیخان بەڕێوەدەبرد، هەرگیز ئەو یاد و یادگارییانە لە دڵم ئاوانابن. ئەوسا جادەکە یەکساید و مەترسیدار بوو، هەروەها لە سەردەمی شۆرشی نوێدا هێڵی دیار و لە چەند خاڵێکی شوێنی پەرینەوەی پێشمەرگە بوو، بەداخەوە لە دواییدا بوو بە گیانهەڵکێشی وەسفییە بەنی وەسی نازدار و تەواری ناو رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان.
جارێکیش بۆ ساڵانی دوای 1975 دەگەڕێمەوە، چونکە بەراستی یادی مامۆستا موحسین «خاڵم»، هەرگیز لە مێشکم کاڵ نابێتەوە؛ کاتێک لەتەنشت پردی قەرەگۆل دادەبەزی و بەرەو گوندی نەمەڵی دەکەوتە رێ، نەک تەنیا بۆ وانەوتنەوە، بەڵکو بۆ گەیاندنی وانەی کوردایەتی و رێبازی یەکێتی و بیرۆکەکانی سەرۆک مام جەلال و شەهید ئارام بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەو سەردەمە، سلێمانی و خانەقین وەک یەک دەمار بوون بۆ گەیاندنی خوێنی شۆڕش بە جەستەی وڵات، لە رێگەی “هەرێمی پێشڕەو”ەوە.
لەو سێ قۆناغەدا، لە ساڵانی «حەفتاکان، نەوەدەکان و ئێستا»دا، هەموو شتێک گۆڕا: مرۆڤ، ژیان، بیر و باوەڕ. هەندێک هاوڕێ سەفەری ئەبەدییان کرد و هەندێکیشمان هێشتا لێرەین، بەڵام ئەوەی وەک تاشەبەردەکانی بەمۆ جێگیرە و ناگۆڕێت، “ئومێد”ە.
ئێمە لەم سەیرانە بەهارییەدا تەنیا بۆنی نێرگز ناکەین، بەڵکو بۆنی مێژووی خۆمان دەکەین. ئەگەرچی شاخەکان هەر ئەو شاخانەن و داری بەڕوو هەر ئەو دارانەی جارانە، بەڵام دەنگی مەڕ و بانگی کەڵەشێری بەیانی، ئێستا بۆ من واتایەکی قووڵتری هەیە: بەردەوامیی ژیان لەسەر خاکی باوباپیران.
ئێستا ئێوارەیە و تیشکی خۆر خەریکە ماڵئاوایی دەکات، بەڵام ئەو رووناکییەی لە ناو دڵماندایە، رووناکیی وەفایە بۆ هاوڕێیان و عەشقە بۆ نیشتمان، کە هەرگیز ناکوژێتەوە.
ئێمە دەڕۆین، بەڵام شاخی بەمۆ و خوشک و سەرتەک و زمناکۆ دەمێننەوە بۆ ئەوەی هەمیشە چیرۆکی ئەو پیاوانە بگێڕنەوە کە لە رۆژانی سەختدا، ئومێدیان لە دڵیاندا پاراست.