کاتێک نەمامێک دەچێنرێت، نیشتمانێک دروست دەبێت
5/5/2026 12:47:00 PM
عیماد ئهحمهد
لە کاتێکدا کە خۆر بە ئارامی دادەبەزێت و رووناکییەکی زەرد، باخچەی ماڵێکی کۆنی زەرگەتەی شاری سلێمانی دادەپۆشێت، باڵندەکان بۆ لانەکانیان دەگەڕێنەوە، پیاوێکی خانەنشین لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار، بەساڵاچوو، پشتچەماو، بە دەستە زبر و خۆڵاوییەکەی خۆی، نەمامێک دەچێنێت.
کارێکی سادەیە، بەڵام لە ناخیدا پرسیارێکی قووڵ هەڵدەگرێت: ئایا مرۆڤ بۆ خۆی دەژی، یان بۆ ئەوەی شتێک بۆ دوای خۆی بەجێبهێڵێت؟ ژنەکەی، بە چاویلکە و جلێکی پۆشتە، پرچی خەناویی، بە دەنگێکی نەرم و پڕسۆز دەڵێت: پیاوەکە، قەزاو لە گیانم و بەساقەو بم، بۆ خۆت هیلاک دەکەیت؟ ئەم نەمامە ساڵانێکی زۆری دەوێت تا گەورە بێت و سێبەر بدات، رەنگە ئێمە ئەو رۆژە نەمابین.” بەڵام وەڵامی پیاوەکە لە قووڵاییەکی ترەوە دێت: ئازیزم، بینایی هەردوو چاوم، ئێمە ناچێنین بۆ ئەوەی تەنیا خۆمان لە سێبەرەکەیدا دابنیشین، بەڵکو دەچێنین، چونکە ئەمە ئەرکە.”ئەم رستەیە نزیک دەبێتەوە لە وتەی دانایان: "مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی"، چونکە ئازادی، ئەگەر لەگەڵ بەرپرسیارێتی نەبێت، تەنیا ناونیشانێکی بێناوەڕۆک دەبێت.
مرۆڤ هەرچەندە ئازادتر بێت، بارەکانی هەڵبژاردنیشی قورستر دەبن.
لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا، مافەکان تەنیا بەڵگەنامە نین، بەرهەمی ئەو ئەرکەن کە مرۆڤ بۆ یەکدی هەڵیدەگرێت.
لەوێدا کەسایەتی دروست دەبێت، لەو ساتانەی کە مرۆڤ بار هەڵدەگرێت، نەک کاتێک لێی بێباک دەبێت.
وەک دەڵێین: پێشینان چاندیان و ئێمە خواردمان، دەبێ ئێمەش بچێنین، بۆ ئەوەی پاشینان بیخۆن.
بەڵام ئەم بیرۆکەیە لە سنووری ماڵدا ناوەستێت، بەڵکو لە ئاستی نیشتماندا، قووڵتر و گەورەتر دەبێت.
لە هۆڵێکی کۆنفڕانسدا، هاووڵاتییەک بە دەنگێکی روون داوای ژیانێکی شایستە، مووچە، ئازادی و دادپەروەریی دەکات.
ئەم داواکارییانە تەنیا وشە نین، بەڵکو بانگەوازی کەرامەتی مرۆڤن.
لە بەرامبەردا، دەسەڵات باسی بەرپرسیارێتی دەکات، نەک تەنیا وەک فەرمانبەرێتی، بەڵکو وەک بارێکی قورس کە هەندێک جار پێویستی بە بڕیارە دژوارەکان هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی پاراستنی مرۆڤدا نەبن، سیاسەت بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ بازرگانیی بە کەرامەتی مرۆڤەوە.
هاووڵاتی داوایەکی بنچینەیی دەکات: دەسەڵات دەبێت وەک ئەمیندارێکی کاتیی مامەڵە بکات، نەک وەک خاوەنی چارەنووس و دەسەڵاتی هەتاهەتایی. لەنێوان ئەم دووانەدا، رێککەوتنێکی نەنووسراو دروست دەبێت: هاووڵاتی ئەرکی دروستکردنی هەیە و دەسەڵاتیش ئەرکی پاراستن. یەکێک بەبێ ئەوی تر، واتای خۆی دەدۆڕێنێت.
لە باخچەیەکی بچووکەوە تا هۆڵێکی گەورەی سیاسی، یەک راستی دەردەکەوێت: مرۆڤ و کۆمەڵگە، هەردووکیان، لەسەر شانی بەرپرسیارێتی وەستان.
ئەو کەسەی نەمامێک دەچێنێت بۆ داهاتوو، ئەو کەسەش کە بڕیارێک دەدات بۆ چارەنووسی خەڵک، هەردووکیان وەڵامی یەک پرسیار دەدەنەوە: ئایا ئێمە شایستەی ئەو ئازادییەین کە هەمانە؟
لە کۆتاییدا، نیشتمان تەنیا پارچە زەوییەک نییە کە سنوورەکانی بە خوێن و سیاسەت کێشرابن، بەڵکو باخچەیەکی گەورەیە کە تێیدا هەر تاکێک نەمامێکی بەرپرسیارێتی دەچێنێت.
ئەگەر پیاوەکە نەمامەکە فەرامۆش بکات، باخچەکە دەبێتە بیابان، ئەگەر دەسەڵاتیش ئەمانەتەکە فەرامۆش بکات، نیشتمان دەبێتە زیندان.
کەواتە، دروستبوونی نیشتمان لەو چرکەساتەوە دەست پێدەکات کە تێیدا دەستە خۆڵاوییەکان و بڕیارە سیاسییەکان لە خاڵێکدا یەکدەگرنەوە: چاندنی ژیان بۆ ئەوانەی هێشتا لە دایک نەبوون، چونکە تەنیا ئەو گەلانە دەبنە خاوەنی مێژوو کە سێبەری دارەکانیان لە خۆیان گەورەترە.