ئایاری خوێن و نوقوڵ گەشتێک بەناو وێستگەکانی جەژن و جەنگدا
5/3/2026 12:38:00 PM
عیماد ئهحمهد
یادەوەرییەکان هەر وێنەی رابردوو نین؛ بەڵکو ئەو رەگ و ریشاڵانەن کە ناسنامەی ئێستامانی لەسەر وەستاوە. یەکی ئایار لە فەرهەنگی مندا تەنیا رۆژێکی جیهانیی نەبوو بۆ کرێکاران، بەڵکو وێستگەیەکی پڕ لە ململانێ بوو؛ لە نێوان شیرینیی خەونەکان و تاڵیی واقیعی سیاسی.
لەو کاتەوەی یەکەم وانەی مرۆڤدۆستی لە گەڕەکێکی هەژارنشین فێر بووم، تا ئەو ساتانەی بارووت و تۆپباران بوونە هاوەڵی رێگەی ئاوارەییمان، یەکی ئایار هەمیشە بۆ من بووە گێڕانەوەی مانەوە و بەرگری.
یەکەمجار جەژنی کرێکاران لە ساڵەکانی شەستەکاندا هاتە ناو فەرهەنگی ژیانمەوە. ئەوکات، «حەمید رەعنا» خوێنگەرم و زیرەک، بە دید و بیری چەپ و سۆشیالستی و مارکسی پەروەردەکراو، لەگەڵ شیری دایکی خەمی زەحمەتکێشانی دەخوارد.
لە رۆژی یەکی ئایاردا، شیرینی و نوقوڵ و چکلێتی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد، بەتایبەتی منداڵانی گەڕەکی «جەلەوە». ئەو رۆژانە جەژن بوون، بەڵام جەژنێک کە لە ناویدا بەرگی خەباتی کۆمەڵایەتی پۆشرا بوو.
بەداخەوە، «ئەو» و مامۆستا «وەهاب» و «محەمەد ئەسەد»و «عەلی سەفەر»و «نەسیف عەباس»، لە خانەقین، دوای تێکچوونی بەرەی نێوان حزبی بەعس و حزبی شیوعی عیراق، لە لایەن رژێمەوە سەرنگوم کران؛ وەک زۆرینەی ئەوانەی کە خەونێکی دادپەروەرانەیان هەبوو.
لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە یەکی ئایاری ساڵی (1974)، دوای بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە بۆمبی ناپاڵم لە لایەن رژێمی دکتاتۆری عیراقەوە، ئێمە گەیشتینە بێلوولە. رژێم بە تۆپی (55)، شاخی بەمۆی لە میدانەوە بۆمباران کرد.
ئێمە بە راکردن پەنامان برد بۆ ئەشکەوتێکی نزیک. لەناو ئەو راکردنەدا، «جەمال ئەحمەد پاسکیلچی»، بە چیلکەیەکی دار هەنار، چاوێکی بریندار بوو، خوێنی لێهات. ئەوە یەکەمجار بوو برین و خوێنی ناو چاو لە نزیکەوە ببینم؛ ترسێکی قوڵ لە دڵمدا دروست بوو. دوای وەستانی تۆپباران، چووین بۆ دێی «هەوانە» لە ناو ئێران، لەوێ برینەکەیان چارەسەر کرد و جەمال لە کوێربوون رزگاری بوو.
ساڵی (1984)، کاتێک بارەگای کەرتی رێکخستنی خانەقین لە دێی «حەسەن مەحە» بوو، بە بۆنەی یەکی ئایارەوە ئاهەنگێکی جوان بۆ پێشمەرگە و رێکخستن و خەڵکی دێکە سازکرا. ئەوە یەکەمجار بوو ئەم جۆرە چالاکیانە لەو ناوچەیە ئەنجام بدرێت و بووتە جێی شانازی.
ئەم وێنانە، لە گەڕەکی چەلەوەوە دەست پێ دەکەن و بە دێی حەسەن مەحە کۆتایی دێن، کورتی چیرۆکی نەوەیەکن کە لەنێوان «نوقوڵەکەی حەمید رەعنا» و «تۆپەکەی رژێم»دا گەورە بوون.
ئێمە لەناو خوێنی چاوی هاوڕێکانماندا فێری بینین بووین و لەناو ئاهەنگە سادەکانی شاخدا، شکۆی مرۆڤبوونمان پاراستووە.
ئەم یادەوەرییانە تەنیا گێڕانەوەی رابردوو نین؛ بەڵکو بەڵگەی زیندووی ئەو راستییەن کە کورد لە سەختترین ساتەکانی مێژوودا، نە دەستبەرداری خەونە سۆشیالستی و مرۆڤدۆستییەکانی بووە، نە رێگەیداوە بەڵای جەنگ، ئیرادەی ئاهەنگ و ژیان لێی بسێنێت.
هەمان ئەو ئیرادەیەی کە وایکرد نەوەی رابردوو لەناو "خوێن و تۆپباران"دا ئاهەنگی یەکی ئایار بگێڕن، پێویستە ئەمڕۆ ببێتە وزەیەک بۆ داواکردنی مافە یاساییەکان؛ چونکە نوقوڵەکەی "حەمید رەعنا" تەنیا بۆ شیرینکردنی دەم نەبوو، بەڵکو بۆ چاندنی تۆوی داواکردنی ماف بوو لە دڵی هەر مرۆڤێکی زەحمەتکێشدا.
عەلی سەفەر،برای ڕەجەب خەیات...نسیف عەباس.