14وتار

لەنێوان قەیران و هیوادا: کوردستان بەرەو کوێ؟

4/15/2026 2:12:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د


چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەمیری برام پێی وتم: «کاکە، لەم ماوەیەدا وتاری زۆرت نووسیوە؛ بۆچی جارێک راستەوخۆ و بێ ئەملاو ئەولا لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان نانووسیت؟» منیش وتم: «بەسەر چاوان.» شایەد ئەم وتارە وەڵامی ئەو پرسیارە نەبێت بە تەواوی، بەڵام هەوڵێکە بۆ ئەوەی بە بێ جوانکارییەکانی زمان، راستەوخۆ لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان قسە بکەین؛ کوردستانێک کە لەنێوان قەیران و هیوادا دەژی.

کوردستانی ئەمڕۆ وەک کەشتییەک وایە لە ناو دەریایەکی پڕ لە تەم و نائارامیدا؛ شەپۆلەکان بە توندی لێی دەدەن و ئاسمان کەمتر تیشکی دڵنیایی دەبەخشێت. لەسەر ئەم کەشتییە، خەڵکێک دانیشتوون کە هەر یەکەیان خاوەنی خەونێکن، بەڵام زۆرجار ئەم خەونانە لە ناو تاریکیی داهاتوودا ون دەبن. قەیران لێرەدا تەنیا چارەنووسێکی ناچاریی نییە؛ بەڵکو دەرئەنجامی هەڵسوکەوت و سیاسەتێکە کە لە ماوەی ساڵانێکدا کۆکراوەتەوە. کاتێک مووچە دوادەکەوێت، کاتێک گەنجێک هیچ دەرگایەکی ئومێد کە بڕوانێت بەسەر داهاتوودا نادۆزێتەوە و کاتێک باوکێک ناتوانێت وەڵامی خەونە بچووکەکانی منداڵەکەی بداتەوە، ئەوا قەیران تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو دەبێتە ئازارێکی رۆژانە. راستییەکە ئەوەیە کە کەموکوڕی، ململانێی لایەنەکان، دابەشبوونی دەسەڵات و لاوازیی ئۆپۆزسیون، بنەمای زۆربەی ئەم کێشانەن. وشە گەورەکان وەک «دادپەروەری» و «یەکگرتوویی» زۆرجار لەسەر زار دەوترێن، بەڵام لە واقیعدا بۆ خەڵک وەک دەنگێکی دوور و ژاوەژاو دەبیسترێن. هیچ سیستمێک بەبێ متمانە ناتوانێت بەردەوام بێت و ئەم متمانەیەی ئەمڕۆ لە هەرێم بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمبووەتەوە. گەڕانەوەی متمانە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، بنەمای هەر داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیرە.

بێگومان کوردستان تەنیا چیرۆکی قەیران نییە. لەناو ئەم تاریکییەشدا هیوایەک هێشتا چرۆ دەکات. خەڵکی ئەم خاکە هەروەک داربەڕووەکانی چیا، بەرانبەر رەشەبای زەمانە خۆڕاگرانە راوەستاون. مێژووی ئەم نیشتمانە پێمان دەڵێت کە هەرچەندە  قوربانیی زۆر داوە، بەڵام هێشتا نەشکاوە.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئێمە ئامادەین لە هەڵەکانمان فێر ببین، یان هەر بەردەوام دەبین لە دووبارەکردنەوەیان؟ چارەسەر لە دەرەوە نییە؛ لە ناخی خۆماندایە. لەو کاتەوەی دەسەڵات بڕیار دەدات لەسەر خزمەتکردنی خەڵک، نەک لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و لەو کاتەوەی کۆمەڵگەش بێدەنگی تێکدەشکێنێت و داوای مافی خۆی دەکات، ئەوا دەستپێکی گۆڕانکارییەکی راستەقینە دەبێت.
ئەمانەتی خوێنی شەهیدان قورسە و نابێت ببێتە تەنیا یادەوەری؛ ئەم ئەمانەتە داوای کردار دەکات، نەک تەنیا هەر گوفتار. لە رووی دەرەوەش، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ئاگادارییەکی روونن بۆ ئەوەی کە ئارامی بە ئاسانی نایەت، بۆیە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و ئەقڵانی لەگەڵ بەغدا پێویستییەکی گرنگ و چارەنووسسازە، و لە ناوخۆشدا یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەکان کلیلی هەر بەهێزبوونێکی نیشتمانییە.
لە جیهاندا نموونەکان زۆرن، سەنگافورا وڵاتێک بوو بێ سەرچاوەی سروشتی، بەڵام بە بڕیار، سیستم و دیسیپلین توانیی لە قەیرانەوە بگاتە سەرکەوتن، وەک (لی کوان یو )دەڵێت: «ئەگەر دەتەوێت بگەیتە خەونەکانت، پێویستە رێکخستن و دیسیپلینت هەبێت»، ئەمە وانەیەکی سادەیە، بەڵام قووڵ، نەتەوەکان تەنیا بە هیوا ناژین، بەڵکو بە کردار و سیستم هەڵدەسنەوە.

کوردستان ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی  دیاریکراودایە؛ لەنێوان شەو و رۆژدا تاریکیی هێشتا هەیە، بەڵام تیشکی سپێدەش دەردەکەوێت. ئەمە ساتی هەڵبژاردنە کە یان بەشێک دەبین لە قەیران، یان دەبینە بەشێک لە چارەسەر.
لە کۆتاییدا، ئەم خاکە پێویستی بە بەڵێنی گەورە نییە؛ پێویستی بە راستگۆییە. کوردستان نە پێویستی بە وشەی گەورە هەیە و نە بە بەڵێنی بەتاڵ؛ پێویستی بە دڵێکی راست و دەستێکی پاک هەیە کە لە تاریکیدا مۆمێک دابگیرسێنێت، نەک تەنیا بۆ خۆی، بەڵکو بۆ هەمووان.

وەک سەرۆک مام جەلال دەڵێت: «هیوا هەمیشە دەبێ هەبێت، چونکە ئەگەر هیوا نەبێت، ژیانیش مانای نامێنێت.»

 ئەم هیوایە کاتێک مانا دەبەخشێت کە ببێتە کردار، لەنێوان هیوای مام جەلال و وانەکەی سەنگافورە، نەخشەرێگایەک روون دەبێتەوە کە رێگای هیوا و بڕیار، کار و راستگۆییە.

ئەگەر ئێمە ببینە مۆم و لە تاریکیدا بسووتێین، ئەوا داهاتوو بە ناچاری رووناک دەبێتەوە؛ چونکە کوردستان دوای هەر شەوێکی درێژ، خۆری خۆی هەیە.

پێش ئەوەی ئەم وتارە بنێرم بۆ بڵاوکردنەوە، ناردم بۆ سەمیر، برای نازدارم. وەڵامەکەی کورت بوو، بەڵام قووڵ کە وتی:

«کاکە گیان، ئەگەر لێم قەبووڵ بکەی، تۆ هەموو شتێکت نەوتووە؛ پاژێکیت لە ناو دڵی مامە خەمەئاساتدا شاردۆتەوە.»

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن