پەنجەرەیەک بۆ ناسینی ژیان
11/8/2026 11:56:00 AM
عیماد ئهحمهد
بۆچی هەر کاتێک دوو شت بەراورد دەکەین، دەمانەوێت یەکێکیان بەسەر ئەوی دیکەدا زاڵ بکەین؟ ئایا ناتوانین جیاوازی ببینین، بێ ئەوەی دادگایەک دابمەزرێنین؟ ژیان پڕە لە دەنگ و ڕەنگ، بەڵام ئێمە زۆرجار تەنها ئەو دەنگە دەبیستین کە لە دەنگی خۆمان دەچێت. لەوێوە بەراورد لە ناسینەوە دەگۆڕێت بۆ حوکمدان. حوکمدانیش هەندێ جار دەبێتە سەرەتای ستەم.
لە خەیاڵمدا بە کەناری ئەڵوەندا دەڕۆم. دارخورماکان و ڕێگای ناو باخەکان دەناسمەوە. شوێنەکە هەمان شوێنە، بەڵام چاوی من گۆڕاوە. ئەو دارەی لە منداڵیدا تەنها بۆ سێبەرەکەی دەچوومە ژێری، ئەمڕۆ ڕووخساری ئەو کەسانەم دەخاتەوە یاد کە چیتر لەوێ نین.
لە باخێکدا گوڵێک لە تەنیشت دارخورمایەک ڕواوە. بۆنی گوڵەکە ڕامدەگرێت. سەر هەڵدەبڕم و چاوم بە خوشە خورماکان دەکەوێت. ئایا گوڵەکە بەوە بپێوم کە خورمای لێ نابێت؟ یان بەهای دارخورماکە بەوە کەم بکەمەوە کە بۆنی گوڵی نییە؟ یەکێکیان دڵم دەکاتەوە، ئەوی دیکە بەر و سێبەرم پێ دەبەخشێت.
پەپوولەیەک بەسەر گوڵەکاندا دەسووڕێتەوە و هەنگێکیش لە گوڵێکەوە بۆ گوڵێکی دیکە دەفڕێت. ئەگەر چاوم تەنها لە هەنگوین بێت، جوانیی باڵی پەپوولەکە لە دەست دەدەم. ئەگەر تەنها سەرسامی ڕەنگ بم، ڕەنجی هەنگەکە نابینم. لە ژیانیشدا هەندێ دەست نانمان بۆ ئامادە دەکەن و هەندێ دەنگ لە ڕۆژی تەنگانەدا ورەمان بەرز دەکەنەوە.
کە بیر لە بەراوردی ژن و پیاو دەکەمەوە، لە خۆم دەپرسـم چەند حوکمی پێشوەختەمان بە ناوی جیاوازییەوە بەسەریاندا سەپاندووە؟ هێزمان بە پیاو بەخشیوە و ناسکیمان بۆ ژن داناوە، وەک ئەوەی ژن نەتوانێت بەهێز بێت و پیاو مافی ناسکبوونی نەبێت. مرۆڤ لەو پێناسانە فراوانترە. هیچ کەسێک نابێت بۆ بەدەستهێنانی مافێک یان دەرفەتێک، ناچار بێت لە کەسێکی دیکە بچێت.
خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون هەردووکیان ڕامدەگرن. لە گەنجیدا زۆرتر چاوم لە بەیانی بوو و لەو ڕۆژەی لەپێشمدا بوو. ئێستا لە ڕوومەتی ئێوارەشدا جوانییەک دەبینم کە ئەوسا بەپەلە لێی تێدەپەڕیم. لە کەناری ئەڵوەنیش ماسییەک بە یەک جووڵە لەبەر چاوم ون دەبێت، کیسەڵێک هێواش خۆی بەسەر بەردێکدا هەڵدەکێشێت. جاری جاران چاوم بەدوای ماسییەکەدا دەڕۆیشت. ئەمڕۆ دەوەستم تا ببینم کیسەڵەکە چۆن دەگاتە سەر بەردەکە.
بیرم دەچێتەوە بۆ ڕێگا سەختەکانی شاخ. چەند جار باسی جوانی و تاوی ئەسپمان کردووە، بەڵام کەم جار باسی ئەو هێسترەمان کردووە کە بارەکەی گەیاندووە. لە مێژووی خەباتیشماندا زۆر کەس بارە قورسەکانیان هەڵگرت، بەڵام ناویان نەکەوتە سەر زمانی مێژوو.
خۆشەویستی و عەشق و عیشقیش لە دڵمدا سنوورێکی ڕوونیان نییە. جارێک خۆشەویستی لە گرتنی دەستێکدا دەبینم، عەشق لە تاسەی دیدارێکدا و عیشق لەو بەخشینەی چاوەڕێی پاداشت ناکات. ڕەنگە کەسێکی دیکە بۆ هەمان هەست وشەیەکی دیکەی لەسەر زمان بێت. کێ دەتوانێت تاسەی دڵێک بە تەرازووی دڵێکی دیکە بپێوێت؟
خەیاڵم دەمبات بۆ چایخانەی کلتوری سیدەکان. لە خەیاڵمدا مامۆستا جەمیل ڕەنجبەر و مامۆستا مەجید «غاندی» لەوێ بەرامبەر یەک دانیشتوون. گوێ لە گفتوگۆیان دەگرم.
ڕەنجبەر سەیری دەستی خۆی دەکات و دەڵێت «مامۆستا مەجید، پەنجەکانمان نە هاوقەدن و نە هەموویان یەک کار دەکەن، بەڵام کە دەستی کەسێک دەگرین، پێکەوە دەجووڵێن. ئەی ئێمە بۆچی لەبەر جیاوازی لە یەک دوور دەکەوینەوە؟»
غاندی وەڵام دەداتەوە «چونکە پێش ئەوەی بپرسین چۆن یارمەتیی یەکتر بدەین، دەپرسین کاممان لەوی دیکە بەرزترە. پەنجەی درێژتر بە تەنها دەستێک پێک ناهێنێت.»
ڕەنجبەر دەڵێت «ئەی ڕووداوەکان؟ هەندێ جار ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، زۆر لەوە دەچێت کە دوێنێ بینیومانە.»
غاندی دەڵێت «وا دەردەکەوێت. بەڵام بزانە لە کوێ ڕوو دەدات و خەڵکەکەی لە چ حالێکدان. باران دوای وشکەساڵی دڵی جووتیار خۆش دەکات. هەمان باران لەسەر ماڵێکی بێبان خەمێکی تازە دەهێنێت.»
ڕەنجبەر دەپرسێت «ئەی هیوا و ئومێد؟»
غاندی کەمێک بێدەنگ دەبێت و دەڵێت «لە زمانماندا زۆرجار یەک مانایان هەیە. بەڵام لە خەیاڵی مندا، هیوا ئەو چرایەیە کە لە دوورەوە دەیبینم، ئومێدیش ئەو ورەیەیە کە وام لێ دەکات هەنگاوێک بەرەو ئەو چرایە بنێم.»
ڕەنجبەر دەڵێت «کەواتە ئەگەر چرایەک بۆ خەڵک هەڵدەکەین، با ڕێگای گەیشتن بەو چرایەش بکەینەوە.»
دەنگەکانیان لە خەیاڵمدا کز دەبنەوە و پرسیارێک لەگەڵم دەمێنێتەوە. لە سیاسەتی ئەمڕۆماندا چەند ڕێگامان بۆ خەڵک کردووەتەوە؟ حیزبەکان دەتوانن ڕای جیاوازیان هەبێت و لەسەر ماف و کەرامەتی خەڵک و پاراستنی نیشتمانیش پێکەوە کار بکەن. خەڵک مافی هەیە لە هەر یەکەمان بپرسێت چیمان کردووە و چۆن بەرپرسیارێتیی خۆمان بەجێ هێناوە. بەڵام کە جیاوازیی ڕا بە تاوان دەزانین، کێ ئازا دەبێت هەڵەیەکمان بیر بخاتەوە؟
چوار دیواری ماڵ مرۆڤ دەپارێزن، بەڵام بە پەنجەرەکەیدا چاومان بە ژیانی دەرەوە دەکەوێت. بیری مرۆڤیش پێویستی بەو پەنجەرەیە هەیە. هەندێ جار قسەی هاوڕێیەک کە ڕای لەگەڵم جیاوازە، شتێکم پیشان دەدات کە لە جێی خۆمەوە نەمدەبینی.
خەیاڵم دیسان دەگەڕێتەوە بۆ کەناری ئەڵوەن. سەیری پەنجەکانم دەکەم. هێشتا جیاوازن، بەڵام پێکەوە مۆبایلەکەمیان ڕاگرتووە. لە خۆم دەپرسـم، ئەگەر دەستێک بەو هەموو جیاوازییە مۆبایلێک ڕادەگرێت، ئێمە بۆچی نەتوانین نیشتمانێک ڕابگرین؟