گەرووی هورمز؛ لە زەنگی خاڵو وەلییەوە تا لەرزینی بازاڕی جیهان
9/1/2026 11:52:00 AM
عیماد ئهحمهد
خاڵو وەلی لە ساڵەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کارگوزاری شارەوانیی خانەقین بوو. دوای نسکۆی ساڵی 1975، ئەویش وەک هەزاران خێزانی کوردی خانەقین کەوتە بەر شاڵاوی ڕەش و بێبەزەییانەی «ترحیل و تهجیر»ی دەسەڵاتی بەعس و بە زۆر ڕەوانەی سلێمانی کرا. لەم شارە میهرەبانەدا، لەگەڵ خێزانەکەی؛ ژن و سێ کچی وردیلە، نیشتەجێ بوون و ژیانێکی نوێیان لەسەر ماڵوێرانیی ڕابردوو بنیاد نا.
ماوەیەکی دوورودرێژە خاڵو وەلی خانەنشین کراوە؛ بەڵام تێپەڕینی ساڵان نەیتوانیوە پەیوەندیی نێوانمان بپچڕێنێت. لە دوای ڕاپەڕینەوە، لە خۆشی و ناخۆشیدا بەردەوام لە پەیوەندیداین؛ پەیوەندییەک کە نە بە پلە و پۆست، بەڵکو بە وەفا و بیرەوەری پارێزراوە.
دوێنێ، دەوروبەری کاتژمێر یازدەی پێش نیوەڕۆ، زەنگی مۆبایلەکەم لێدا. خاڵو وەلی بوو. دوای سڵاو و ئەحواڵپرسی، بە دەنگێک کە نیگەرانی بە ئاشکرا تێیدا دیار بوو، وتی:
ـ عیماد، بۆچی بازاڕ ئاوا ئاگری گرتووە؟ نرخی شتومەک و خواردەمەنییەکان دوو قات و سێ قات بەرز بووەتەوە. خۆتان دەزانن دۆخی مووچەی خانەنشینان چۆنە؛ هەر چەند مانگ جارێک، ئەویش تەنها چارەکێکی وەردەگرین. دەڵێن هۆکارەکە کێشەی «گەرووی هورمز»ە. زەحمەت نەبێت، بۆم ڕوون ناکەیتەوە گەرووی هورمز چییە؟
دڵنەواییم کرد و بە سادەیی و کورتی باسی گەرووی هورمزم بۆ کرد؛ ئەو گەرووە جوگرافییە بچووکەی کە کاریگەرییەکەی لە سنووری نەخشەکەی زۆر گەورەترە. پرسیارە سادەکەی خاڵو وەلی، قوڵترین پێناسەی قەیرانەکەی خستەڕوو: گەرووی هورمز لە کوێیە و سفرەی خانەنشینێکی کورد لە کوێ؟ چۆن هەڕەشەی کەشتییە جەنگییەکان لە کەنداو، نرخی برنج و ڕۆن و چا و شەکر و دەرمان لە سلێمانی بەرز دەکاتەوە؟
لەو چرکەیەدا هەستم کرد هورمز تەنها ناوی گەرووێکی دەریایی نییە؛ بەڵکو زنجیرەیەکی نادیارە کە بڕیاری سەرکردەکان بە نانی سەر مێزی خەڵکەوە دەبەستێتەوە. لێرەدا واتای ئەو دەربڕینە زیاتر ڕوون دەبێتەوە: «وَما أَدراکَ ما هورمز!»
گەرووی هورمز لەنێوان باشووری ئێران و دوورگە و کەناراوەکانی عوممان هەڵکەوتووە و کەنداوی بە دەریای عوممان، دەریای عەرەب و ئۆقیانووسی هیند دەبەستێتەوە. ئەم گەرووە تەنها دەروازەی دەریاییی کەنداوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان و پانییەکەی لە تەنگترین خاڵدا نزیکەی 21 میلە.
ئەم تەسکییە جوگرافییە وای کردووە ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکانی جیهان بە ڕێگایەکی زۆر سنوورداردا تێبپەڕن. بۆیە هەر ڕووداوێکی سەربازی، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەک، مینێکی دەریایی یان تەنانەت هەڕەشەیەکی سیاسی، دەتوانێت هاتوچۆ لاواز و تێچووی بیمە و گواستنەوە بەرز بکاتەوە. بازاڕی وزەش پێش ئەوەی گەرووەکە بە تەواوی دابخرێت، تەنها بە هەستکردن بە بۆنی مەترسی، نرخەکان بەرز دەکاتەوە.
گرنگیی هورمز بە دۆزینەوەی نەوت دەستی پێنەکردووە؛ ئەم گەرووە بە درێژایی سەدەکان ڕێڕەوی بازرگانیی نێوان هیندستان، فارس، ناوچە عەرەبییەکان و ڕۆژئاوا بووە. کەشتییەکان بەهارات، قوماش، مرواری و کاڵای جۆراوجۆریان بەو ڕێگایەدا گواستووەتەوە. پۆرتوگالییەکانیش لە سەدەی شازدەیەمدا هەوڵیان دا کۆنترۆڵی بکەن؛ چونکە زانیبوویان ئەوەی دەستی بەسەر ئەم دەروازەیەدا بگرێت، دەتوانێت بەشێکی گەورەی بازرگانیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کۆنترۆڵ بکات.
بە دۆزینەوەی نەوت و گاز، هورمز لە ڕێڕەوێکی بازرگانییەوە گۆڕا بۆ دەمارێکی سەرەکیی ئابووریی جیهان. پێش قەیرانی نوێ، ڕۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمی نەوتی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕی؛ واتە نزیکەی یەک لە پێنجی بەکارهێنانی جیهانی. هەروەها نزیکەی یەک لە پێنجی بازرگانیی گازی سروشتیی شلەکراو، بە تایبەتی هەناردەی قەتەر، بە هەمان ڕێگادا تێدەپەڕێت.
سعودیە، عێراق، کوێت، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و ئێران، بە ڕادەی جیاواز، پشت بەو گەرووە دەبەستن. زیاتر لە 80٪ی نەوت و گازی تێپەڕبوو بە هورمزدا بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەچێت؛ چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور لە سەرەکیترین کڕیارەکانن. هەندێک بۆڕیی نەوت هەن کە هورمز دەبەزێنن، بەڵام توانایان سنووردارە و ناتوانن جێگای ئەو بڕە زۆرەی نەوت و گازە بگرنەوە کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت.
گرنگیی هورمز تەنها لە ژمارەی بەرمیلە تێپەڕبووەکاندا نییە؛ بەڵکو لەو زنجیرە درێژەدایە کە کەنداو بە بازاڕ و بازاڕ بە ماڵی خەڵکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک کەشتییەک ڕادەگیرێت، تەنها بارەکەی ناو کەشتییەکە ڕاناگیرێت؛ بەڵکو زنجیرەی دابینکردن دەشێوێت، تێچووی بیمە و گواستنەوە بەرز دەبێتەوە و لە کۆتاییدا بارەکەی دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتی.
خاڵو وەلی لە سلێمانی دەژی و لە هورمزەوە هەزاران کیلۆمەتر دوورە؛ بەڵام نرخی خواردەمەنی و دەرمانەکەی بەوەوە پەیوەستە کە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان تا چەند دەتوانن بە ئاسودەیی لەو گەرووەدا تێبپەڕن. ئەمە ڕووخساری ڕاستەقینەی جیهانگیرییە: قەیران لە شوێنێک دروست دەبێت و خەڵکی شوێنێکی تر باجەکەی دەدەن.
خانەنشینێک کە هەر چەند مانگ جارێک تەنها بەشێک لە مووچەکەی وەردەگرێت، توانای بەرگەگرتنی بەرزبوونەوەی دوو قات و سێ قاتی نرخەکانی نییە. بۆ ئەو، هورمز باسێکی تیۆری یان وشەیەکی سەر نەخشە نییە؛ بەڵکو بریتییە لە کەمبوونەوەی سەبەتەی خواردن، دواخستنی کڕینی دەرمان و هەژمارکردنەوەی هەر دینارێک پێش خەرجکردنی.
بەڵام نابێت هەموو بەرزبوونەوەیەکی نرخ بە گەرووی هورمز پاساو بدرێت. قەیرانی دەرەکی دەتوانێت تێچوو زیاد بکات، بەڵام هەندێک بازرگانیش لە ترس و ناڕوونیی بازاڕ کەڵک وەردەگرن و نرخەکان زیاتر لە ڕادەی ڕاستەقینە بەرز دەکەنەوە. لێرەدا ئەرکی حکومەت تەنها ڕوونکردنەوەی قەیران نییە؛ بەڵکو دەبێت نرخەکان چاودێری بکات، ڕێگە لە قۆرخکاری بگرێت، کۆگای ستراتیژیی خواردن و دەرمان دابین بکات و خانەنشینان و کەمداهاتان لە کاریگەرییەکانی قەیران بپارێزێت.
زەنگەکەی خاڵو وەلی پێی وتم هەندێک جار باشترین دەستپێکی شیکردنەوەی سیاسی، نە لە ژووری داخراوەکان و نە لە ڕاپۆرتی ناوەندە ستراتیژییەکان، بەڵکو لە پرسیارێکی سادەی هاووڵاتییەکەوە دێت:
«عیماد، گەرووی هورمز چییە و بۆچی بازاڕ ئاگری گرتووە؟»
وەڵامەکە ئەوەیە: هورمز جوگرافیایەکی بچووکە، بەڵام سێبەرەکەی بەسەر ئابووریی جیهاندا درێژە. شەڕ لە دەریادا دەستی پێدەکات، بەڵام باجەکەی لە کیسەی خاڵو وەلی و هەموو خانەنشین و کەمداهاتێک وەردەگیرێت. بۆیە داخستنی ئەم گەرووە تەنها ڕێگای کەشتییەکان نابەستێت؛ بەڵکو ڕێگای نان و دەرمان و ئارامی بەسەر ملیۆنان مرۆڤدا دادەخات.
لە کۆتاییدا، لە پێناو ئاشتیی سەرتاسەری و پاراستنی قوتی هەژاراندا، تەنها ئەم پارانەوەیە بە زماندا دێت:
خوایە، ئاوێکی سارد بەسەر ئەم ئاگرە گەرمەدا بکە؛ پێش ئەوەی دووکەڵەکەی هەناسەی هەژاران بگرێت.