دوای رەخنە، چی؟
5/10/2026 1:35:00 PM
عیماد ئهحمهد
(3)
لە مێژووی گەلاندا هەندێک ساتی وا هەن، نەتەوەکان ناچار دەبن لە بەردەم دەروازەی خۆناسین و خۆهەڵسەنگاندندا بوەستن؛ نەک بۆئەوەی رابردوو بسووتێنن، بەڵکو بۆئەوەی داهاتوو بنیات بنێن. ئەمڕۆ کوردستانیش لە یەکێک لەو ساتانەدایە؛ ساتێک کە نابێت رەخنە ببێتە چەکی یاخیبوون، دەسەڵاتیش نابێت لە ترسی رەخنە، گوێی خۆی لە دەنگی کۆمەڵگە قەپات کات.
لە دوو وتاری پێشوودا باسمان لەوە کرد کە رەخنە ئەگەر لە ویژدان و بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە بگرێت، دەتوانێت چرایەکی رێنشاندەر بێت. پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەیە: دوای رەخنە، چی؟ وەڵامەکە بە کورتی بریتییە لە: ناسینی سنووری نێوان ماف و ئەرک.
ئازادیی بێ ئەرک، هەر زوو دەگۆڕێت بۆ ئاژاوە؛ ئەرکی بێ مافیش، دەبێتە چەوساندنەوە. کۆمەڵگەی تەندروست ئەو کۆمەڵگەیەیە کە هاووڵاتیانی بتوانن قسە بکەن، رەخنە بگرن و پرسیار بکەن؛ بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستە بزانین نیشتمان هێڵی سووری هەمووانە. لەو شوێنەدا جیاوازیی بیروڕا دەبێتە سامان، نەک مەترسی.
دانایان دەڵێن: «ئازادیی ئەوە نییە هەرچییەکت پێخۆشە بیکەیت؛ ئازادیی ئەوەیە بتوانیت بە ئەقڵ بڕیار بدەیت.»
ئەم وتەیە لە بارودۆخی ئێمەدا واتایەکی قووڵی هەیە؛ چونکە کوردستان پێویستی بە ململانێی سیاسی هەیە، بەڵام نەک لەسەر بنەمای کەسایەتی و تۆمەتبەخشینەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای پڕۆگرام، دیدگا و نموونەی فەرمانڕەوایی.
نازانم لە خەیاڵدایە، یان لە راستیدا، ئەم دیالۆگە دەبینم:
-«ئەم هەموو مشتومڕ و رەخنەیە دەتوانێت چی بکات؟ ئێمە پێویستمان بە هێزە نەک قسە.»
-«هێزێک پشت بە ئەقڵ نەبەستێت، هەر زوو دەبێتە کۆشکی سەر لـم.»
-«خەڵک متمانەیان نەماوە، گەنجان کۆچ دەکەن، هیچ شتێک ناگۆڕێت.»
-«نەتەوەکان نەک بە هەموارکردنی رێگەکان، بەڵکو بە ویستی رێکردن لەناو تەمومژدا دروست بوون.»
ئەم دیالۆگە، تەنیا گفتوگۆی چەند کەسێک نییە؛ بەڵکو وێنەی ناو ناخی کۆمەڵگەی ئێمەیە.
ئەمڕۆ ناوچەکە لەناو گۆڕانکارییەکی گەورەدایە؛ لە جەنگ و ململانێی ناوخۆییەوە تا پێکهاتە نوێیەکانی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان. لەناو ئەم ئاڵۆزییەدا، ئەگەر کوردستان نەتوانێت ماڵی ناوخۆی خۆی رێکبخاتەوە، مەترسییەکان زیاتر دەبن. بێ متمانەیی خەڵک، بەتایبەتی کۆچی گەنجان، زەنگی مەترسییە؛ چونکە کاتێک گەنج بێ ئومێد دەبێت و دەست لە خاکی خۆی هەڵدەگرێت، ئەوە تەنیا کۆچی تاک نییە، بەڵکو کۆچی بەشێکە لە داهاتوومان.
لێرەدا رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو هێزە نیشتمانییەکان گرنگ دەبێت. یەکێتی وەک هێزێک کە لە مێژووی نوێی کوردستاندا شۆڕشی هەڵگیرساندووە و بەشداریی لە دامەزراندنی هەرێم و دامودەزگاکاندا کردووە، ئەرکێکی مێژوویی لەسەرشانە بۆ دروستکردنی رێگەی گفتوگۆ، قبووڵکردنی بیروڕای جیاواز و پێشخستنی هاوکاریی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندیی بۆ چارەسەری کێشەکان، چونکە سەرکەوتنی فیدراڵییەت لە عێراقدا، تەنیا سەرکەوتنێکی یاسایی نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هاوبەشی و متمانەیە.
سەرۆک مام جەلال دەیفەرموو: «سیاسەت هونەری دۆزینەوەی رێگەی هاوبەشە.» ئەمە لە ئێستادا لەهەر کاتێکی تر زیاتر واتای هەیە.
وەک شاعیران دەڵێن: «ئەو دڵەی عاشقی یەکبوون نەبێت، لە شکانەوە ناپارێزرێت.»
پوختەی هەر سێ وتارەکە دەکرێت لەمەدا کۆبکرێتەوە:
رەخنە ئەگەر لەگەڵ بەرپرسیارێتی، فرەیی و ویستی نیشتمانیدا بێت، دەتوانێت لە هاواری ناڕەزایەتییەوە ببێتە نەخشەی رزگاری.
کوردستانی ئەمڕۆ پێویستی بە قەڵەمی توندڕەو نییە، پێویستی بە ویژدانی بەهێزە. پێویستی بە دەنگی بەرز نییە، پێویستی بە ئەقڵی بیرکەرەوە و تێگەیشتنی قووڵە.
لە کۆتاییدا، نیشتمان وەک دارێک وایە؛ بە یەک رۆژ گەورە و بەرهەمدار نابێت، بەڵکو بە سەبر، بە ئاوی متمانە و لەسەر خاکی هاوبەشی و پێکەوەژیان گەشە دەکات. ئەگەر بتوانین جیاوازییەکانمان بکەینە بنچینەی هێز، نەک هۆکاری دووبەرەکی، ئەوا داهاتوو هێشتا لەبەردەستماندایە و کۆتایی رێگەکە، دەبێتە دەستپێکی سەربەرزی بۆ خۆمان و نەتەوەکەمان.