لەنێوان دوو بێدەنگیدا
4/6/2026 12:40:00 PM
عیماد ئهحمهد
لە سەرەتادا وشە
نەبوو؛ تەنیا هەناسەیەکی بێناو هەبوو کە لە بۆشاییدا دەلەرییەوە. لەوێدا، لەناو ئەو
ساتی "نەبوون"ەدا، من و تۆ هەبووین؛ وەک دوو تیشکی نامۆ لە باوەشی یەک
تاریکیدا، یان وەک دوو خەون کە لە یەک چاودا چاوەڕێی بینین بوون.
کاتێک دەڵێم «من
و تۆ»، مەبەستم تەنیا مەتەڵێکی زمانەوانی نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای ئەو پەیوەندییە
نهێنییەدا کە "خود" بە "کڕۆک"ەوە دەبەستێتەوە. من کە هەمیشە لەگەڵ
خۆمدا لە دیالۆگێکی بەردەوامدام، تێدەگەم تۆ تەنیا کەسێکی دەرەکی نیت؛ تۆ ئەو ئاوێنەیەیت
کە رۆحم خۆی تێدا دەبینێتەوە. وەک ئەدۆنیس دەڵێت: «مرۆڤ لەگەڵ سایەی خۆیدا دەژی، بەڵام
لە خەیاڵی تۆدا خۆی دەدۆزێتەوە.»
لە فەلسەفەی کۆندا،
ئەفلاتوون پێی وابوو ئێمە تەنیا سێبەری راستییەکان دەبینین، بەڵام من لێرەوە، لە
ناو جەرگەی ژیاندا، لەگەڵ نیتچە هاودەنگم؛ ئێمە تەنیا سێبەر نین، بەڵکو ئێمە
«دروستکەری راستی خۆمانین». من و تۆ تەنیا نادۆزرێینەوە، بەڵکو لە هەر ساتێکی بێدەنگیدا،
لە نوێوە یەکتر دادەهێنینەوە.
کاتێک ژاوەژاوی
جیهان کپ دەبێت و هەموو شتێک دەچێتە سەر سەکۆی بێدەنگی، تەنیا رۆح دەمێنێتەوە. رۆحێک
کە وەک باڵندەیەکی کێوی، سنوورەکان دەبەزێنێت و لەنێوان داربەڕووە سەرکەشەکان و
کانییە روونەکاندا دەفڕێت. لەوێدا، زمان دەوەستێت و "بوون" دەست پێ دەکات.
هەندێ جار رۆحم
باڵدەگرێت بۆ خانەقین؛ نەک وەک شوێنێکی جوگرافی، بەڵکو وەک "پانتایی یادەوەری".
دەچمەوە ژێر سێبەری ئەو باخانەی کە منداڵیم تێیاندا خەوتبوو. لەوێ، هاژەی ئەڵوەن تەنیا
دەنگی ئاو نییە، بەڵکو سیمفۆنییایەکی ئەزەلییە کە رۆحم ئارام دەکاتەوە. بۆنی خاک و
شیرینیی خورما تەنیا هەست نین، بەڵکو ناسنامەیەکن کە لە ناو خوێنمدا دەگەڕێن. راستە
دەڵێن: «ئەوەی لە خاکەوە هات بۆ خاک دەگەڕێتەوە»، بەڵام من دەڵێم: «ئەوەی لە خەونەوە
هات، لە هیچ خاکێک جێگەی نابێتەوە و هەمیشە لە دڵدا دەمێنێتەوە.»
نیشتمان لای من
تەنیا نەخشەیەک نییە؛ نیشتمان ئەو هەستە ئازادەیە کە لە خەونمدا بە دیداری هاورێیانی
"هەڵۆی سوور"م دەگەیەنێت. لەوێدا تێدەگەم کە ئازادیی تەنیا وشەیەک نییە
لە فەرهەنگەکاندا، بەڵکو ئەزموونێکی سوور و پڕ لە مەترسییە لەنێوان ژیان و مردندا.
لە کۆتاییدا، من
و تۆ نە وەڵامین و نە کۆتایی؛ ئێمە وەک پەخشانێکی بێ بڕانەوەین، پرسیارێکی کراوەین
کە هەر جارێک دەخوێندرێینەوە، مانا و رەنگێکی نوێ بە گەردوون دەبەخشین. ئێمە خەریکی
نووسینەوەی ژیانین.
کاتێک وشەکان لە
دەست دەچن و زمان وەک گوڵێکی وشک دەکەوێتە خوارەوە، تەنیا دڵ دەمێنێتەوە، دڵێک کە
بە دڵ دەدوێت، چونکە ئەوەی لە دڵدا هەیە، بە زمان ناوترێت، چونکە وەجد ( فەنابوون
لە عەشقی ئیلاهیدا)، نە دەنگە و نە وشە، بەڵکو رازێکە لەنێوان دوو بێدەنگیدا.