8وتار

عیشق؛ لە تینوێتیی ماسییەکانەوە تا باوەشی دایک

11/2/2026 12:31:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

هەندێک تینوێتی هەیە، بە ئاوی هیچ ڕووبارێک ناشکێت. مرۆڤ لە کەناری خەمێک یان لە لێواری ڕووبارێک دانیشتووە، بەڵام دڵی هێشتا بەدوای کانییەکی پاکتردا دەگەڕێت. نازانێت چی لە ناخیدا کەمە؛ تەنها هەست دەکات دەنگێک لە قووڵایی ڕۆحەوە بانگی دەکات. ڕەنگە عیشق لەوێوە دەست پێ بکات؛ لەو بانگە بێدەنگەی کە ڕووی مرۆڤ لە خۆپەرستییەوە بەرەو جوانییەکی بێسنوور وەردەگێڕێت.

بە فرمێسکی هەردوو چاوم،
بەنداوی دووکان و دەربەندیخان
پڕ و پاراو دەکەمەوە؛
با ماسییەکانی عیشق
لە دووریی تۆدا
تینوو نەمرن.

کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسم، «تۆ» لە دڵمدا فراوانتر دەبێت لەوەی تەنها ناوێک بێت. جارێک دەبێتە ڕووخساری ئازیزێک، جارێک شەپۆلەکانی ئەڵوەن و سیحری باخەکانی جەلەوە، جارێکیش گەرمیی باوەشی دایک. لە پشت هەموو ئەمانەوە، نزیکییەک هەیە کە وشە لە ئاستیدا دەستەپاچە دەبێت؛ وەک ئەوەی جوانیی هەر شتێک لەم دنیایەدا، پەنجەرەیەک بێت بەرەو ڕووناکییەکی گەورەتر و هەمیشەیی.

لەو هەستە قووڵەدا، فرمێسک دەبێتە ئاو بۆ ژیان. دڵ دەیەوێت لە ئازاری خۆی پردێکی میهرەبانی دروست بکات؛ تا ماسییەک تینوو نەمرێت و ڕووبارێک بێدەنگ نەبێت. عیشق وردەوردە لە سنووری جەستە و حەزێکی کاتی تێدەپەڕێت و دەبێتە پەیوەندییەکی ڕۆحی لەگەڵ هەموو ئەوەی لە دەوروبەرماندا دەژی.

دووکان و دەربەندیخان و ئەڵوەن لە ناخمدا بە دەنگ و ڕەنگ و یادەوەرییەوە دەژین. لە ئاوەکانیاندا ڕووخساری ئەو خاکە دەبینم کە لێیەوە هاتووم؛ بەشێک لە تەمەنم لەوێ ماوەتەوە و بەشێک لەوانیش هەمیشە لەگەڵمدایە.

هەر شەوێک
ناوت دەدەم بە ئەڵوەن؛
ماسییەکان کۆ دەبنەوە،
منیش تا بەیانی
لە شەپۆلی ناوتدا
ون دەبم…

لە شەپۆلی ئەو ناوەدا ونبوون، ئارامییەکی سەیری هەیە. مرۆڤ بۆ ساتێک لە بارگرانییەکانی ناخی ڕزگار دەبێت؛ ئەوەندە نزیک دەبێتەوە لەوەی خۆشی دەوێت، کە سنووری نێوان خۆی و ئەو لەبیر دەکات. دڵی بۆ گوڵێک، باڵندەیەک و مرۆڤێکی پاک دەکرێتەوە. کاتێک ناخی مرۆڤ ڕووناک بووەوە، تیشکی ئەو ڕووناکییە دەگاتە دەوروبەریشی.

خەیاڵم وەک تیشکێک لە ڕۆحمەوە فڕی بۆ قۆنیا، لە خاکی ڕووم؛ لەوێ گوێم لەم گفتوگۆیە بوو:

ڕوومی لە شەمسی تەبریزی دەپرسێت: «کەی تینوێتیی عیشق کۆتایی دێت؟»

شەمس وەڵام دەداتەوە: «تینوێتی دەمێنێت، بەڵام عاشق چیتر تەنها بۆ خۆی ئاو ناوێت؛ دەیەوێت هیچ لێوێک تینوو نەبێت.»

ڕوومی سەیری دەکات و دەڵێت: «وەک دایکێک کە بە تێربوونی منداڵەکەی تێر دەبێت…»

شەمس دەڵێت: «لەو باوەشەدا، ڕۆح فێری ئەوە دەبێت کە بە بەخشین کەم نابێتەوە.»

باوەشی دایک، یەکەم سێبەری عیشقە لە ژیانماندا. لەوێدا، پێش ئەوەی ناوی عیشق بزانین، هەستمان بە گەرمییەکەی کردووە. لە نەرمیی دەستەکانی، بۆنی شیر و شەونخونییەکانیدا، میهرەبانی پێش وشە گەیشتووەتە دڵمان.

دوای ئەم هەموو ڕێگا و ساڵانەی تەمەن، کاتێک بەدوای ئارامییەکی پاکدا دەگەڕێم، دڵم ڕێگای ئەو باوەشە دەگرێتەوە. ڕەنگە ئەوەی بە درێژایی ژیان بەدوایدا دەگەڕێین، نیشانەکانی لە یەکەم باوەشدا پێمان درابێت. لەوێوە هاتووین و بە هەزار ڕێگادا بەدوای ئەو گەرمییەدا دەگەڕێینەوە؛ لە ڕووخسارێک، لە ڕووبارێک، یان لە پاڕانەوەیەکی بێدەنگدا.

شاری عیشق، هەمووی ڕووخساری تۆیە؛ هەر کەسێک بەڕاستی پێی تێ ناوە، دڵی نەهاتووە لێی دەربچێت. قەڵەمیش لە وەسفکردنی ئەو جیهانەدا دادەمێنێت؛ هەندێک هەست لە دڵدا جێ دەگرێت، بەڵام لە وشەدا جێ نابێتەوە.

لە کۆتاییدا، تەنها یەک پاڕانەوە لە قووڵایی ڕۆحەوە هەڵدەستێت: یار، ئەوەندە خۆشەویستی لە دڵمدا بهێڵەرەوە کە ماسییەکانی عیشق تینوو نەمرن؛ چونکە کاتێک کانیی دڵ وشک دەبێت، ماسییەکانی عیشق کۆچ ناکەن، بەڵکو دەمرن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن