105 جیهان

ئۆتۆمبێلێک جیهان شۆک دەکات

03:52 - 07/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 کۆمپانیای (BYD) چینی، ئۆتۆمبێلی نوێی بەرهەمهێناوە کە بەخێراییەکی شۆکهێنەر دەتوانێت بڕوات.

 ئۆتۆمبێلی (هایپەرکاری کارەبایی "یانگوانگ یو9 ئێکس تریم)" کە لەلایەن کۆمپانیای بی وای دی چینییەوە بەرهەمهێنراوە، دەتوانێت بە خێرایی سەرووی 500 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بروات. ئەم خێراییە پێوانەییە لە کاتێکدایە کە هیچ ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی بەرهەمهێنراو لە کارگە، بەبێ دەستکاری، پێشتر نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە.
گەیشتن بەم خێراییە لەکاتێکدایە کە ئۆتۆمبێلەکە لەسەر رێگەیەکی راست و درێژی بیابان تاقیکراوەتەوە. ئەم ئاستە لە خێرایی لە خێرایی فڕینی زۆرێک لە فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکان زیاترە.
ساڵی رابردوو، هەمان ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا ریکۆردی خێراترین ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراوی جیهانی بە خێرایی 496 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تۆمار کرد و توانی بەسەر بوگاتیدا سەربکەوێت، کە بۆ چەندین ساڵ خاوەنی ریکۆردی خێرایی بوو. دوای ئەو تاقیکردنەوەیە، بی وای دی رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە هێشتا توانای زیاتری هەیە.
کۆمپانیاکە لە مانگی تەممووزدا رایگەیاند، لە مانگی نۆڤەمبەردا دەگەڕێتەوە بۆ شکاندنی بەربەستی 500 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بۆ ئەو مەبەستەش رێگەیەکی بە درێژیی نزیکەی 15 کیلۆمەتر بەکارهێناوە.
ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی کارەباییە و چوار مۆتۆری هەیە کە هێزەکەی دەگاتە نزیکەی 3 هەزار ئەسپ.
بی وای دی تا ئێستا بە فەرمی خێرایی کۆتایی ئۆتۆمبێلەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. ئەگەر ئەم ئەنجامە پشتڕاست بکرێتەوە، دەبێتە خێراترین ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراو لە مێژوودا کە رکابەرانی وەک بوگاتی و کۆنیگسێگ دەخاتە ژێر گوشارەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن