8وتار

ئایا پاڕیازگاکانی هەرێم مافی بوون بە هەرێمیان هەیە؟

11/12/2026 1:08:00 PM
رێبین هەردی

هاوڕێیانێکی زۆر لە دوای یەک دوو چاوپێکەوتنم پرسیاری ئەوەیان لێکردووم ئایا پارەیزگاکانی هەرێم مافی بوون بە هەرێمیان هەیە، و هەندێکیان ئەو نووسینەی بڕای بەڕێزم کاکە حاکم شیخ لەتیفیان بۆ ناردم کە سەبارەت بەم خاڵە نووسێوێتی..ئەڵبەت من پێشتر نووسینەکانی کاکە حاکم شێخ لەتیفم بینی بوو، بەڵام هاوڕای نەبووم و پێموایە کاکە لەتیفی ئازیز لەم خاڵەدا زۆر وردبین نەبووە.

ئەو مادانەی لە دەستووری عێراقدا جێگیرکراوان و تایبەتین بە مەسەلەی هەرێمەکان لە مادەەکانی ١١٦وە دەستپێدەکات تا مادەی ١٢١. لە مادەی ١١٦دا پێناسی دەوڵەتی عێراق بەمشێوەیە کراوە: 
مادەی ١١٦) ڕژێمی فیدڕاڵی عێراق پێك دێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگا لامەرکەزیەکان و ئیدارە سەربەخۆکان
مادەی ١١٧) یەکەم: ئەم دەستوورە لەبەرواری پیادەکردنەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ.
ب) ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێیانەدا دەنیت کە بە گوێرەی بڕگەکانی ئەم دەستورە دادەمەزرێن.

نوووسینەکان کاکە حاکم شێخ لەتیف جەخت لەم مادەیە دەکات و دەڵیت ئەم مادەیە ڕێگرە لە درووستکردنی هەر هەرێمێکی تازە لەناو هەرێمی کوردستاندا. چونکە ناوی هەرێمی کوردستان لەم برگەیدا هاتووە و بڕگەی دووهەمیش تەنیا باسی هەرێمی تازە دەەکات..و کاک حاکم شێچ لەتیفیش لێرەدا دەڵێت دووخەت بەژێر وشەی تازەدا بهێنن و وای لێکدادتەوە ئەم وشەی تازەیە دەلالەت لەوە دەکات کە هەرێم ناگرێتەوە.  لەبەرئەوە دەستکاریکرەدنی ئەم بڕگەیە پێوستی بە دەستکاری هەموو دەستور هەیە کە مەرجەکانی گۆڕینی دەستوریش یەکجار زەحمەتە و بەئاسانی بەدەست نایەت.

واهەستئەکەم لێرەدا کاکە حاکم زۆر وردبی نەبێت و بە باشی نەیپێکا بێت. لەبنەڕتەدا ئەم مادەیە بۆ ئەوە نوسراوە کە هەر کاتێک هەرێمێکی تازە درووست بوو ناچار نەبن دەستور بگۆڕن و دەستکاری بکەن. واتە ئەم مادەیە لەبنەرەتدا بۆ ئەوە نوسراوە دەستکاری کردنی ئاسان بێت و بۆ دروستبوونی هەرێمی تازە پیویستیان بە دەستکاری و تەعدیلی دەستور نەبێت.

واتە مادەیەکە بێ ئەوەی پیوستی بە مەرجەکانی گۆرینی دەستوور هەبێت، دەتوانێت دەستکاری بکرێت و دابڕێژرێتەوە.  بەمانایەکی دی کۆی ئەم مادەیە قابیلی دەستکاریکردنە لەهەر گۆرانکاریەک کە بەسەر داخوازای بوون بە هەرێمدا دەشێت بێتە ئاراوە.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پارێزگاکانی هەرێم مافی بوون بە هەرێمیان هەیە..بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سەیری مادەی ١١٧ ناکەیت کە وەک گوتم لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە نووسراوە دەستکاری بکرێت لەکاتی درووستبوونی هەرێمی تازەدا، بەڵکو سەیری مادەی ١١٩ دەکەیت کە تیایدا بە دەق هاتووە:
مادەی ١١٩) هەموو پاریزگایەک یان چەند پارێزگایەک مافی پێکهێنانی هەرێمێکیان هەیە بە پشتبەستن بە داواکاریەک بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەسەری.

 منیش هاوشیوەی کاکە حاکم دەڵێم دوو خەت بە ژێر ووشەی هەموو (پارێزگایەک یان زیاتردا) بهێنن کە پارێزگاکانی هەرێمیش دەگرێتەوە. گەر بۆچوونەکەی کاک حاکم شێخ لەتیف وورد بوایە دەبوو لەم مادەیەدا بنووسراوە " هەموو پاریزگایەک یان زیاتر (جگە لەپارێزگاکانی هەرێم) مافی داواکردنی هەرێمیان هەیە..بەڵام لەم مادەیەدا هیچ ئاوارتنێک نەکراوە و گوترواوە هەموو پاریزگایەکی عێراق مافی داواکردنی درووستکردنی هەرێمیان هەیە. بنەمای سەرەکی یاسایش کە کاکە حاکم شێج لەتیفی ئازیز لەمن باشتری دەزانێت ئەوەیە: هەرچیەک بە ڕوونی و کۆنکرێتی قەدەغە نەکرابێت، کەوابوو لەرووی یاساییەوە هیچ کێشەیەکی نابێت، هەموو پاڕیزگاکانی عێراق بە پاریزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە بۆیان هەیە سوود لەم مادەیە وەرگرن بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی هەبێت، چونکە لەم دەستورەدا ئەم مافە بە هەموو پارێزگاکانی عێراق دراوە وو هیچ پارێزگایەکی لێ بێ بەش نەکراوە، لەم دەستورەدا و لەهیچ شوینێکیدا بە دقی راشکاو نەهاتووە ئەو پارێزگایانەی دەچنە ناو هەرێمێکەوە، ئیدی مافی داوای بوون بە هەرێمیان نامێنێت، بەپێچەوانەوە لە مادەی ١١٩دا ئەم مافە بەهەموو پاڕیزگایەکی عێراق دراوە ولە هیچ پاریزگایەک زەوت نەکراوە. 

لە دەستوری عێراقدا و لە هیچ شوێنێکیدا باسی یەکگرتنەوەی چەند هەرێمێک یان جیابوونەوە لە هەرێم نەکراوە بە دەقی ڕوون و دیار تا بلێن ئەم مافە چۆن و بەچی دەستنێشان دەکرێت. لە دەستورتی هەندێک وڵاتی دیدا ئەم دەستکاری و گۆڕینەی دەشێت لە هەرێمەکاندا رووبدەن، بە ئاشکرا باسکراوە و ڕێ و شوێنەکانی دیاریکراوە، لەکاتێکدا لە دەستوری عێراقدا هیچ مادەیەک نیە ڕێگر بێت لەم حاڵەتە. بۆ نموونە لە دەستوری وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە دەق و راشکاو دروستکردنی هەرێمی تازە و لەناوسنووری هەرێمەکاندا قەدەغە دەکات، گەر ڕەزامەندی هەرێمەکە و کۆنگرێسی لەگەڵ نەبێت. واتە هەر شارێک لە ئەمەریکا بیەوێت لە هەرێمەکەی جیا بێتەوە و خۆی بەتەنیا ببێت بە هەرێمێک،  دەبێت رەزامەندی دەسەلاتە تەشریعیەکانی هەرێمەکە و رازی بوونی کۆنگرێس بەدەست بهێنێت،،بەڵام لە دۆخی دەستوری عێراقیدا هیچ لەمپەر و ڕێگرێکی ڕاشکاو بۆ دروستکردنی هەرێمێکی تازە و لەناو هەرێمێکی پێشوودا نیە. وەک گوتم لە مادەی ١١٩دا ئەم مافە بەهەموو پاریزگاکانی عێراق بێ هیچ ئاوارتنێک دراوە و ڕێگری لێ نەکراوە، گەر بتوانێت ئەو مەرجانە بەدەستبخات کە بۆ پێکهێنانی هەرێم پێویستە. 

لەبەرئەوە و بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پاڕیزگاکانی هەرێم مافی بوون بە هەرێمیان هەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێم بەپیی دەستوری عێراق بە ڕوونی ئەو مافەیان هەیە و دەتوانن سوودی لێ ببینن. چونکە بە ڕوونی لە دەستوری عێراقدا و بێ هیچ ئاوارتنێک ئەم مافەی بە هەموو پارێزگاکانی عێراق دراوە و هیچ مەرج و ئاوارتنێکیش بۆ درووستکردنی هەرێمبوونی هیچ پارێزگایەکی عێراقی نیە، جگە لەو ڕێوشوێنانەی لەم دەستورەدا خراوەتە روو.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن