22 کەلتور

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ،هاوپەیمانیی فریودەرانە

04:40 - 22/06/2026

زەمەن_کەلتوور

فارس نەورۆڵی

(هاوپەیمانیی فریودەرانە )کتێبێکە لەلایەن نووسەر و توێژەری ئێرانی-ئەمریکی «تریتا پارسی»یەوە نووسراوە و لەلایەن د. بایەزید حەسەنەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. پێویستە سوپاسی د. بایەزید حەسەن بکەم بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە، کە پێداویستییەکی گرنگ بوو بۆ کتێبخانەی کوردی و بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە پەیوەندییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی (ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران) تێبگەن.

ئەم پەرتووکە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ململانێکان و یەکێکە لە گرنگترین و قووڵترین ئەو سەرچاوە سیاسییانەی کە شیکاری بۆ پەیوەندییە سێقۆڵییە ئاڵۆزەکانی نێوان (ئێران، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) دەکات ، لەم کتێبەدا بەرئەوەدەکەوین و پێمان دەڵێ :.هەمووکات ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەبا نەبوون   بەڵک و بەدیدی بەرژەوەندی و دوانەی جیۆپۆلۆتیکی جوڵەیان کردوە!  ئەم کتێبە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە تاوەکو ئەم سەردەمە مان بۆشی دەکاتەوە.

تەوەری سەرەکیی کتێبەکە:.

 تێزی بنەڕەتیی تریتا پارسی لەم کتێبەدا لەسەر یەک چەمکی سەرەکی دەسووڕێتەوە: پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان لەسەر بنەمای «بەرژەوەندیی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژی» بەڕێوەدەچن، نەک لەسەر بنەمای دروشم و ئایدۆلۆژیا.
نووسەر لەم تێڕوانینەوە پێمان دەڵێت: ململانێی ئێستای نێوان تاران و تەلئەبیب تەنها ململانێیەکی ئایدۆلۆژی نییە، بەڵکو دەیسەلمێنێت کە هەردوو لا لە پشت پەردەی دیپلۆماسیی فەرمی و هەرای  میدیاییەکانەوە، یارییەکی وردی هاوسەنگیی هێز دەکەن بۆ پاراستنی نفوزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
قۆناغە مێژووییە سەرەکییەکانی نێو توێژینەوەکە
نووسەر سیستمی پەیوەندییەکان دابەشی سەر سێ قۆناغی سەرەکی دەکات:
1. قۆناغی پێش شۆڕشی ئیسلامی (سەردەمی شا):
لەم قۆناغەدا، ئێران و ئیسرائیل هاوپەیمانێکی ناڕاگەیەندراو بەڵام توندوتۆڵ بوون (ستراتیژیی دەوروبەر). هەردوو دەوڵەتەکە خۆیان وەک دوورگەی غەیرە عەرەبی لە دەریایەکی عەرەبیدا دەبینی و دژایەتیکردنی نەتەوەییبوونی عەرەبی (بە تایبەت دەسەڵاتی جەمال عەبدولناسر و دواتر بەعسی عێراق) کۆی دەکردنەوە. لەم قۆناغەدا هاوکاریی سەربازی و هەواڵگریی نێوانیان لە لووتکەدا بوو.

2. شۆڕشی ١٩٧٩ و قۆناغی جەنگی ئێران-عێراق:

 سەرهەڵدانی کۆماری ئیسلامی دروشمی دژایەتیی ئیسرائیلی هێنایە پێشەوە، بەڵام لە پشت پەردەوە و لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان وایکرد ئیسرائیل هێشتا ئێران وەک مەترسییەکی کەمتر ببینێت بە بەراورد بە عێراقی سەردەمی سەدام حوسێن. پەرتووکەکە بە وردی باسی گرێبەستە نهێنییەکانی چەک و تەقەمەنی دەکات (وەک ماجەرای ئێران-کۆنترا) کە تێیدا ئیسرائیل وەک نێوەندگیرێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا کاری دەکرد بۆ گەیاندنی چەک بە تاران؛ چونکە لاوازبوونی ئێران لەو کاتەدا بە واتای شکانەوەی هاوسەنگیی هێز بوو لە بەرژەوەندیی بەغدادا.

3. قۆناغی دوای جەنگی سارد و ڕووخانی سەدام (گۆڕانی هاوسەنگیی هێز):

 ئەمە ئەو خاڵەیە کە هاوپەیمانی و لێکتێگەیشتنە کۆنەکان بە تەواوی تێکدەچن. دوای نەمانی مەترسیی یەکێتیی سۆڤیەت و دواتریش لاوازبوون و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، تاران و تەلئەبیب ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە. لێرەوە ئیسرائیل ئێرانی وەک گەورەترین مەترسیی ستراتیژیی خۆی پێناسە کرد، و ئێران دۆزی فەلەستینی وەک کارتی سەرەکیی خۆی بەکارهێنا بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت لە شەقامی عەرەبیدا و فراوانکردنی نفوزی هەرێمیی خۆی.

خاڵە کلیلییەکانی شیکاریی نووسەر

 دیپلۆماسیی شانۆیی بەرامبەر واقیعی سیاسی: نووسەر جیاکردنەوەیەکی ئاشکرا دەکات لە نێوان ئەو گوتارە توندوتیژەی کە لە میدیاکانەوە بەرامبەر یەکدی بەکاریدەهێنن، لەگەڵ ئەو ژمێریارییە سارد و وردانەی کە لە ژوورە تاریکەکانی بڕیارداندا بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەیکەن.

ڕۆڵی ئەمریکا وەک تەرازوو: پەرتووکەکە نیشانی دەدات چۆن واشنتۆن لە نێوان فشاری لۆبییەکانی لایەنگری ئیسرائیل و پێویستیی ستراتیژیی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزێکی ناوچەیی وەک ئێراندا دەخولێتەوە، و چۆن زۆرجار سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەژێر کاریگەریی ئەم کێشمەکێشەدا داڕێژراوە.

بەقوربانیبوونی دۆزەکانی دیکە لە ناوچەکەدا: لەم یارییە سێقۆڵییەدا، زۆرجار هێزە بچووکەکان، دۆزی گەلان و کەمایەتییەکانی ناوچەکە وەک کارتی گوشار یان ئامرازی سازش لە دانوستانە نهێنییەکاندا بەکارهێنراون.( دۆزی کوردو .. دۆزی فەلەسطین )
وەک لە پێشەکییەکەدا ئاماژەم پێداوە، بەکوردیکردنی ئەم کتێبە لەلایەن د. بایەزیدەوە، خزمەتێکی گەورەیە بە کتێبخانەی سیاسیی کوردی. گرنگییەکەی لەوەدایە کە خوێنەری کورد لەو سۆزدارییە سیاسییە یان کورتکردنەوە سادەیەی میدیاکان دوور دەخاتەوە و دیدێکی ڕەخنەیی و زانستی پێدەبەخشێت بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی دەوروبەری و پەیوەندی نێودەوڵەتی.

بۆ خوێنەر یان توێژەری کورد، تێگەیشتن لەم «هاوپەیمانییە فریودەرانە» کلیلە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن هێزە هەرێمایەتییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای خۆیاندا ئامادەن لە چرکەیەکدا لە هاوپەیمانییەوە ببنە دوژمن، یان لە پشت پەردەی ململانێی خوێناوییەوە، خەریکی دابەشکردنی کێکەکە بن.

کتێبەکە بە زمانێکی پاراو و گونجاو لەگەڵ تێرمە سیاسییەکان وەرگێڕدراوە، کە دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ تێگەیشتن لە جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتی پێ ببەسترێت، تا لێرەوە دۆزی خۆمان لە دیدی بەرژەوەندییەکانی ئەوانەوە پێ بخوێنینەوە. بەتایبەتی بۆ توێژەران وسیاسییەکانی  کورد پێویستە ئەم کتێبە بخوێنرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن