کاتێک هەواڵ دەبێتە بەشێک لە شەڕ
3/10/2026 2:07:00 PM
عیماد ئهحمهد
کاتێک شەڕ دەستپێدەکات، تەنھا سەربازان نین کە بچنە مەیدان؛ وشەکان و هەواڵەکانیش دەبن بە بەشێک لە شەڕێک کە لە بیر و هۆشی خەڵکدا بمێنێتەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا شەڕ تەنھا لە دەنگی تفەنگ و تۆپدا نییە؛ بەڵکو لە سەردێڕی هەواڵەکان و لە پشت شاشەکانی میدیاشەوەیە، لەم مەیدانەدا وشەکان زۆرجار هێزیان کەمتر نییە لە چەکەکان، چونکە دەتوانن بیر و هەستی کۆمەڵگە بگۆڕن و ئاڕاستەی رای گشتی دیاری بکەن.
لە کاتی ئاشتیدا، میدیا وەک رووبارێکە کە بە هێمنی بەناو کۆمەڵگەدا بڕوات و زانیاریی و ئاگاداریی بگوازێتەوە، بەڵام کاتێک شەڕ هەڵدەگیرسێت، هەمان ئەم رووبارە دەتوانێت ببێتە لافاوێکی ترسناک کە بیر و هەست و هۆشی خەڵک بگۆڕێت. لەم بارودۆخەدا هەواڵ دەبێتە هێزێکی کاریگەر لە ئاڕاستەکردنی رای گشتیدا. مێژووی مرۆڤایەتی گەواهی دەدات کە شەڕ تەنھا لە مەیدانی جەنگدا روونادات؛ زۆرجار شەڕی راستەقینە لە مەیدانی بیر و دەروونی خەڵکدا روودەدات. لە شەڕە گەورەکانی جیهاندا، بەتایبەتی لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا، رادیۆ و میدیا بوون بە ئامرازێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی رۆحیەتی خەڵک و سەربازان. هەواڵ و بانگەشە بە شێوەیەکی رێکخراو بەکاردەهێنران بۆ دروستکردنی وێنەیەکی دیاریکراو لە شەڕ و ئاڕاستەکردنی بیر و هەستی گشتیدا. هەروەها لە جەنگی ڤێتنامدا، بۆ یەکەمجار میدیا بە شێوەیەکی راستەوخۆ وێنەی شەڕی گەیاندە ماڵی خەڵک و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رای گشتی و بڕیارە سیاسییەکان دانا. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە کاری میدیا تەنھا گواستنەوەی رووداوەکان نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە ئاڕاستەکردنی بیر و شێوەدان بە مێژوو.
لە فەلسەفەی جەنگدا وتەیەکی ناسراو هەیە کە دەڵێت: «شەڕ درێژەپێدانی سیاسەتە بە ئامرازێکی تر». ئەم بیرۆکەیە روونی دەکاتەوە کە جەنگ تەنھا رووداوێکی سەربازیی نییە؛ بەڵکو بەردەوامیی ملمەلانێی سیاسییە.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، ئەگەر شەڕ درێژەپێدانی سیاسەت بێت، ئەوا راگەیاندنیش بووە بە بەشێکی گرنگ لە هەمان سیاسەت. هەواڵ و شیکردنەوە زۆرجار تەنھا گواستنەوەی زانیاریی نین؛ بەڵکو بەشێکن لە دروستکردنی وێنەیەکی دیاریکراو بۆ رووداوەکان و ئاڕاستەکردنی رای گشتی. لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا، مەیدانی ململانێ تەنھا سنوور و خاک نییە؛ شاشەی تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبنە مەیدانێکی تر بۆ شەڕ، لەم مەیدانەدا هەواڵی نادروست، بانگەشە و شاردنەوەی راستی دەبن بە چەکی دەروونیی بۆ گۆڕینی بیر و هەستی خەڵک. زۆرجار یەک هەواڵی نادروست دەتوانێت ترس دروست بکات، ئاژاوە بڵاوبکاتەوە و رۆحیەتی گشتی لاواز بکات، بۆیە لەم بارودۆخەدا ئازادیی رۆژنامەوانی هەرگیز لە بەرپرسیارێتی جیا نابێتەوە؛ چونکە هەر وشەیەک کە لەکاتی شەڕدا دەنووسرێت دەتوانێت یان رووناکیی بدات، یان تاریکیی زیاتر دروست بکات. لە بارودۆخی ناسکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە قەیران و ململانێی جیۆپۆلەتیکی بەردەوامن، رۆڵی میدیا و رۆژنامەوانیی گرنگتر دەبن.
لە مێژووی سیاسی کوردستاندا زۆرجار شەڕ و قەیران هەبوون، بەڵام هەمیشە هەوڵدراوە لەنێوان ململانێ و دیالۆگدا رێگایەکی هاوسەنگ بدۆزرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا میدیا دەبێت ببێتە چرای راستی، نەک ئامرازێکی بانگەشە و ئاژاوەگێڕیی.
لە کۆتاییدا، لە کاتی شەڕدا تەنها چەکەکان نین کە چارەنووسی کۆمەڵگە دیاریی دەکەن؛ زۆرجار وشەکانیش هەمان هێز و کاریگەرییان هەیە، هەواڵی نادروست دەتوانێت ترس دروست بکات و هۆشی کۆمەڵگە لە راستەڕێگا لاببات. بۆیە پاراستنی راستی لە میدیاکاندا تەنھا کارێکی پیشەیی نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە.
هەر وەک رەوانشاد مام جەلال جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە: «کوردستان لە هەموو شتێک گرنگترە». بۆیە لە کاتی شەڕ و قەیراندا، کاتێک دەنگی چەک بەرز دەبێتەوە، ئەوە هەر وشەی راستییە کە دەتوانێت هۆشی کۆمەڵگە روون و رووناک بکاتەوە و پارێزگاریی لە داهاتووی کوردستان بکات.