14وتار

شنگال؛ برینێک لە دڵی کوردستان و تاقیکردنەوەیەک بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی

8/3/2026 1:09:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

هەندێک رووداو تەنیا لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار نابن؛ بە تێپەڕبوونی کاتیش نابنە تۆز و خۆڵ، بەڵکو دەبنە برینێکی ساڕێژنەبوو لە ویژدانی زیندووی نەتەوەکاندا. کارەساتی شنگال یەکێکە لەو برینە سووتێنەرانەی کە هێشتا دڵی کوردستان ئازار دەدات و ویژدانی مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوە. ئەوەی لەسەر دەستی تاریکپەرستانی داعش بەسەر ئێزدییەکاندا هات، تەنیا کوشتنی هەزاران مرۆڤ نەبوو؛ هەوڵێکی دڕندانە بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامە، باوەڕ، مێژوو و بیرەوەری کۆمەڵێک خەڵک کە هەزاران ساڵە رەگیان لەم خاکەدا داکوتاوە.

لەو رۆژە تاریکانەدا، داعش بە ناوی ئیسلامەوە تاوانێکی ئەنجامدا کە ئیسلامی راستەقینە لێی بێبەرییە. منداڵیان لە باوەشی دایکەکانیان جیا کردەوە، پیر و گەنجیان کوشت، پیاوانی ئایینییان سەربڕی، هەزاران ژن و کچیان رفاند و لە بازاڕە تاریکەکاندا کردیانن بە کەلوپەلی مامەڵە، گوند و ماڵ و پەرستگەکانیشیان وێرانکردن. ئەوە جەنگی ئایینەکان نەبوو؛ بەڵکو تاوانێک بوو دژی مرۆڤایەتی و کەرامەتی مرۆڤ.

کارەساتی شنگال درێژکراوەی زنجیرەیەک فەرمان و کۆمەڵکوژیی مێژوویی بوو کە لە ماوەی سەدەکاندا دژ بە ئێزدییەکان ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوان هەرجارێک وەک قەقنەس لەناو خۆڵەمێشی ئازارەکانیانەوە دووبارە سەریانهەڵداوەتەوە و ناسنامە و باوەڕی خۆیان پاراستووە.

ئێزدییەکان یەکێکن لە کۆنترین کۆمەڵگە ئایینییەکانی ئەم ناوچەیە و بوونیان بەشێکی دانەبڕاوە لە مۆزاییک و فرەڕەنگیی رۆشنبیریی کوردستان. پاراستنیان تەنیا ئەرکی خۆیان نییە؛ بەڵکو ئەرکی ویژدانیی هەموو کەسێکە کە بڕوای بە مافی ژیان، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ هەیە.

کوردستان خۆی مێژوویەکی پڕ لە برینی شۆڤێنیزم و توندڕەوییە. ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، وێرانکردنی گوندەکان، راگواستن و سڕینەوەی ناسنامە، هەموویان بیرەوەریی تاڵی ئەم نەتەوەیەن. ئەوەی خۆی ئازاری قەتڵوعام و رەشەکوژی چەشتبێت، باشتر لەهەر کەسێک دەزانێت کە نابێت هیچ گەل و کۆمەڵگەیەک دووبارە ببێتە قوربانیی رق و توندڕەوی.

ئەمڕۆ، لەگەڵ ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکانی عیراق و ناوچەکە، شنگال هێشتا پێویستی بە ئارامی، ئاوەدانی، دادپەروەری و گەڕاندنەوەی متمانە هەیە. بۆشاییی سیاسی و ئەمنی هەمیشە دەرگا بۆ توندڕەویی دەکاتەوە، بۆیە پاراستنی شنگال تەنیا پاراستنی خاک نییە؛ بەڵکو پاراستنی ئاسایش، فرەڕەنگی و شکۆی هەموو کوردستان و عیراقە.

ئەمە پەیامێکە بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان؛ کاتێک نەتەوەیەک لە دەرەوە، رووبەڕووی هەڕەشەی لەناوبردن دەبێتەوە، دروستکردنی درز لە ناوخۆدا هەڵەیەکی مێژووییە. یەکڕیزی و دروستکردنەوەی متمانە، بنەمای هێزی هەر نەتەوەیەکن.

شنگال نابێت ببێتە بازاڕی ململانێی سیاسی و سەربازی. ئازاری خەڵکی شنگال نابێت بکرێتە کارتی فشار. ئەرکی هەمووانە هاوکار بن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، ژیاندنەوەی شار و گوندە وێرانبووەکان و دابینکردنی ئاسایشێکی بەردەوام. ئاوارە بە دروشم ناگەڕێتەوە؛ بەڵکو بە ئاوەدانکردنەوەی ماڵ، کار، قوتابخانە، نەخۆشخانە و دڵنیابوون لە داهاتوو، دەگەڕێتەوە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت شنگال تەنیا وەک تراژیدیایەکی مێژوویی ببینێت. هێشتا چارەنووسی ژمارەیەک لە ونبووان نادیارە و ژنانی رزگارکراو و گەنجانی شنگال پێویستیان بە پاڵپشتییەکی درێژخایەن هەیە. دادپەروەریی گرنگە، بەڵام تیمارکردنی ئەم برینانە تەنیا بە سزادانی تاوانباران تەواو نابێت؛ بەلکو بە دووبارە بنیاتنانەوەی ژیان و گەڕاندنەوەی کەرامەتی قوربانییان تەواو دەبێت.

شنگال تەنیا ناوی شوێنێک نییە؛ ناوی تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی. ئەگەر جیهان وانە لەم کارەساتە وەرنەگرێت، مەترسیی دووبارەبوونەوەی هەمان تاوان هەمیشە دەمێنێتەوە.

باشترین رێزلێنان لە قوربانییەکانی شنگال تەنیا فرمێسک رشتن نییە؛ بەڵکو بنیاتنانی داهاتوویەکە، کە تێیدا هیچ منداڵێک بەهۆی ناسنامەکەیەوە نەکوژرێت، هیچ ژنێک نەفرۆشرێت، هیچ کۆمەڵگەیەک لەناو ترسی فەرمان و کۆمەلکوژییدا نەژی و هیچ هێزێک نەتوانێت ئایین بکاتە چەکێک دژی کەرامەتی مرۆڤەکان.

شنگال دەبێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ پاراستنی فرەڕەنگی، بەگژداچوونەوەی توندڕەوی و یەکگرتن لەسەر ماف و کەرامەتی مرۆڤ؛ بۆ ئەوەی بە دەنگێکی یەکگرتوو بڵێین:«ئەم جینۆسایدە هەرگیز، لە هیچ شوێنێک و دژ بە هیچ کەسێک، دووبارە نابێتەوە.»

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن