12وتار

لە ویژدانەوە بۆ بونیادنان… کاتێک قەڵەم دەبێتە نەمامی چاکسازی (5)

5/12/2026 12:59:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د


لە مێژووی گەلاندا، هەندێ قۆناغ هەن کە پەیڤ تەنها پەیڤ نامێنێت؛ دەبێتە بەرپرسیارێتی. قەڵەم تەنها ئامرازێکی نووسین نامێنێت؛ دەبێتە ئەمانەت. مرۆڤیش لەو ساتانەدا تەنها بینەرێکی بێدەنگ نییە، بەڵکوو دەبێتە بەشێک لە چارەنووسی نەتەوەکەی.

ئەم زنجیرە وتارانەش نە لە شوێنی ناڕەزایی و بێ‌ئومێدییەوە لەدایک بوون، نە لە ئارەزووی ڕووخاندن؛ بەڵکوو لە ناو ویژدانێکەوە هاتن کە باوەڕی بە بونیادنان هەیە. مەبەست لەم هەموو نووسینانەدا، خزمەتکردن بوو بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە هەرێمی کوردستان و بە دۆزی رەوای کورد و کوردستان بە گشتی؛ چونکە باوەڕمان وایە: ئەگەر یەکێتی بەهێز بێت، هەرێم بەهێز دەبێت؛ و ئەگەر هەرێم بەهێز بێت، هیوا لە دڵی خەڵکدا زیندووتر دەبێتەوە.

ئاواتمان ئەوەیە یەکێتیی نیشتمانی ببێتە قوتابخانەیەک بۆ کوردایەتی، بۆ خزمەت، بۆ متمانە و بۆ حوکمڕانیی باش و رەشید؛ نموونەیەکی جوانتر و بەهێزتر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریدا. هەرێمیش ببێتە قەڵایەکی پتەو، نە تەنها لە ناو عێراقی فیدرالدا، بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا؛ قەڵایەک کە بناغەکەی لە یەکگرتوویی، دادپەروەری، یەکسانی و بیرکردنەوەی ستراتیژی بنیاتنرابێت.

بێگومان، ئەم بیر و بۆچوونانە پێویستیان بە دەوڵەمەندکردن هەیە؛ بە ڕەخنەی دروست، بە قبوڵکردنی ڕای جیاواز و بە گفتوگۆیەکی پاک. چونکە ڕاستی زۆرجار لە دەنگی تاکێکدا تەواو نابێت؛ ڕاستی لە کۆبوونەوەی دەنگە جیاوازەکاندا ڕوون دەبێتەوە.

من وەک کادرێکی یەکێتی، زیاتر لە پەنجا ساڵ لە ناو پرۆسەی حزبایەتی، سیاسی و ئیداریدا ژیاوم، و لە نزیکەوە خوێندکار و فێرخواز بووم لە قوتابخانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم ئەوەندەی بتوانم، بیر و بۆچوونەکانم بخەمە خزمەتی وڵاتەکەم؛ تەنانەت ئەگەر تەنها مشتێک ئاوی ئەڵوەن بێت، دەیخەمە پای دارەکەی چاکسازی لە وڵاتەکەماندا.

هەمیشە خۆمان بە قەرزاری دوو ڕێباز دەزانین: سادەیی و فیداکاریی شەهید ئارام، و حیکمەت و سنگفراوانیی سەرۆک مام جەلال. ئەمانە تەنها یادگاری سیاسی نین؛ بەڵکوو وانەی ژیانن، وانەی خزمەتن، وانەی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە ناو شەڕی قورسداش، دڵی فراوان و دیدی گەورەی هەبێت.

لە فیکری ئیسلامی و لە مەرجەعی ئیمامی جەعفەری سادق، بنەمایەکی جوان هەیە:
“ئەگەر مرۆڤ بە ویژدان و ڕاستگۆیی کۆشش بکات و بگاتە ڕاستی، دوو پاداشتی هەیە؛ ئەگەر نەیشگات، بەڵام نیتەکەی پاک بێت، یەک پاداشتی هەر هەیە.”

ئەمە وانەیەکە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت چاکسازی بکەن: با لە هەڵە نەترسین؛ لە وەستان بترسین. چونکە« گەشتێکی هەزار میل، بە یەک هەنگاو دەست پێدەکات».

هەر بۆیە، ئەم چەند وتارە تەنها کۆتایی زنجیرەیەک نین؛ بەڵکوو سەرەتای نەخشەڕێگایەکن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم، بۆ ژیانەوەی متمانە و بۆ گەڕاندنەوەی هیوا بۆ دڵی خەڵک. مرۆڤ بەوە گەورە نییە کە چی هەیە؛ بەوە گەورەیە کە چی دەکات لە پێناو ئەرکەکەیدا.

ئەگەر ئەم نووسینانە توانیبێتیان یەک پرسیار لە ویژدانی کەسێکدا دروست بکەن، یەک بیر لە عەقڵی خوێنەرێکدا بجوڵێنن، یان یەک هیوای بچووک لە دڵی گەنجێکدا بڕوێنن، ئەوا قەڵەمەکە تەنها نەینووسیویەتی؛ بەڵکوو بەشدار بووە لە دروستکردنی داهاتوو.

 نیشتمان زۆرجار تەنها بە شۆڕشە گەورەکان ناپارێزرێت؛ بەڵکوو بە دڵسۆزییە بچووکەکان، بە ویژدانە بێدەنگەکان، بە هەڵوێستە پاکەکان و بە قەڵەمێک دەپارێزرێت کە لەگەڵ خەڵک دەنووسێت، نە لەسەر خەڵک.

لە کۆتایی لە هەموو ڕێگایەکدا، ئەوەی دەمێنێت ناوەکانمان نییە؛ بەڵکوو شوێنەپێیەکانمانە لە ناو ویژدان و مێژوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن