8وتار

پشکۆیەک لە ئاگرەکەی جاران

10/19/2026 11:48:00 AM
عیماد ئه‌حمه‌د

پشکۆیەک لە ژێر خۆڵەمێشدا مابوو. بە سەری چیلکەیەک خۆڵەمێشەکەم لەسەر لادا و فوویەکی هێواشم پێدا کرد. سوورییەکەی گەشایەوە؛ وەک چاوێک کە دوای خەوێکی درێژ بکرێتەوە. دەستم بۆ گەرمییەکەی نزیکردەوە، بیرم بۆ ڕۆژانی دوور ڕۆیشت. هەندێک بیرەوەریش وا دەژین؛ ساڵان بێدەنگن، بە بۆنێک، دەنگێک یان ناوێک، دیسان گەرم دەبنەوە.

جاران لە خانەقین، لە چلەی زستاندا، ئاوی بەلوعەکانی ناو ماڵان دەیبەست و زەویش ڕەق هەڵدەگەڕا. سەرماکە وشک و تیژ بوو؛ هەژار بەرگەی نەدەگرت. پێش بانگی ئێوارە، لەگەڵ کاک حەمید ئەگبەر و کاک خەلیل سایەخان، لە باخەکانی دەوروبەری جەلەوە دار و چیلکەمان کۆ دەکردەوە. شەو، دوای نانخواردن، لە پاڵ دیواری حەوشە گەورەکەی عەباس غەزاڵ، بەرانبەر ئەڵوەن، کۆ دەبووینەوە و ئاگرێکی گەورەمان دەکردەوە. زۆر جاریش کاک عەلی حوسیەن ئازاد خان و کاک کەریم ئەمیر و کاک ئەحمەد مراخان و کاک کامیل میکائیل بەشدار دەبوون.

گڕەکە لە باڵای خۆمان بەرزتر دەبووەوە؛ سێبەرەکانمان بە دیوارەکەدا درێژ دەبوونەوە و ڕووخسارمان سوور هەڵدەگەڕا. تەقەتەقی دار و چیلکەکان و بۆنی دووکەڵ بە جل‌وبەرگمانەوە دەما. گەرمیی ئاگر و قسە و پێکەنینمان سەرمای شەویان دەشکاند.

کتری و قوری و چا و شەکری دیشلەمەمان لە ماڵی کاک حوسێن مەلا عەلی دەهێنا و چای سەر خەڵووزمان لێدەنا. من بە چەند کڵۆیەک شەکر پیاڵە چایەکم دەخواردەوە، بەڵام کاک خەلیل سەعید بە یەک کڵۆ شەکر چەند پیاڵە چایەکی دەخواردەوە! هێشتا هەڵمی چا، تامی شەکر و ڕووخساری هاوڕێکانم لە ڕووناکیی ئاگرەکەدا لە یادم ماوە.

هەندێک جاریش کاک سەڵاح ئەحمەد نانەوا مۆڵەتی لێ وەردەگرتین، پشکۆکانی دەکردە ناو تەنەکەیەک و بۆ ژوورەکەی خۆی دەبرد. چاوی ئێمە لە گڕە بەرزەکە بوو، ئەویش پشکۆکانی کۆ دەکردەوە. ئێمە لە دەوری ئاگرەکە چایمان دەخواردەوە؛ ئەو گەرمییەکەی بۆ ماڵەوە دەبرد.

جارێک، کاک خەلیل توانجێکی لێ گرتم و وتی:
— عیماد چای ناخواتەوە، شەربەتی گەرم دەخواتەوە!

منیش وتم:
— بەخوا، منیش نازانم کاک خەلیل ئەو کڵۆ شەکرە لە ناو دەمیدا چۆن دەشارێتەوە؛ دەڵێی دەمی گیرفانی هەیە!

ئێستا زۆربەی ئەو هاوڕێیانەی وەک برا بووین بۆ یەکتر، ماڵئاوایی هەتاهەتاییان کردووە. ڕۆحیان لە ئاسمانە و ئێمە لەسەر زەوی یادیان دەکەینەوە. هەر کە پشکۆیەک دەگەشێتەوە، ڕووخساریان دێتەوە بەرچاوم؛ وەک هێشتا لە دەوری هەمان ئاگر دانیشتبین و جێی هیچ کەسێک چۆڵ نەبێت.

ئەو کاتە نەمدەزانی پشکۆ چەند بە ژیانی مرۆڤ دەچێت. گڕ بەرز دەبێتەوە و سەرنج ڕادەکێشێت؛ پشکۆ لە جێی خۆیدا گەرمی دەبەخشێت. لە دوورەوە بە دامرکاوی دەزانیت، بەڵام کە دەستی لێ نزیک دەکەیتەوە، هەست بە گەرمێکەی دەکەیت. مرۆڤی واشم بینیوە؛ کەم قسەیان کردووە، بەڵام لە تەنگانەدا پشتت پێیان گەرم بووە. ئەزموون فێری کردووم کە هێز هەمیشە بە بەرزیی دەنگ ناپێورێت؛ جارێک لە خۆڕاگری، جارێک لە بەردەوامی و جارێک لە دەستێکدا دەردەکەوێت کە لە ڕۆژی سەختدا بۆت درێژ دەکرێت.

دڵیش هەندێک جار وەک پشکۆی ژێر خۆڵەمێشە؛ ساڵان تێدەپەڕن و ڕووخسار دەگۆڕێت، بەڵام ناوێک یان ئاوازێک بەسە بۆ زیندووکردنەوەی خۆشەویستییەک، خەمێک یان ئاواتێکی کۆن.

بەڵام ڕقیش دەکرێت ساڵان لە ژێر خۆڵەمێشدا بمێنێتەوە و بە وشەیەک گڕ بگرێت. لە ژیان و سیاسەتدا، دەبێت بزانین فوو لە چی دەکەین. زامێکی کۆن بە ئاسانی دەکرێتەوە؛ ساڕێژکردنەوەی کات و ئارامی دەوێت. ئەزموونی تاڵ ئەگەر هۆشیارمان بکاتەوە، گەرمییە؛ ئەگەر تەنها تۆڵەمان فێر بکات، سووتانە.

لە نووسینیشدا وشە زۆر جار لە پشکۆیەکی کۆنەوە هەڵدەگیرسێت. بیرەوەرییەک لە ناخدا دەمێنێتەوە، تا بۆنی دووکەڵ یان هەڵمی پیاڵە چایەک، خۆڵەمێشەکەی لەسەر لادەبات. ئەوسا ناو و شوێن و ڕووخسارەکان دەگەڕێنەوە و دەبنە دێڕ. هەندێک وشە هەر بۆیە گەرمن؛ پێش نووسین، ساڵان لە دڵدا ژیاون.

دەستم لە پشکۆکە نزیک کردەوە؛ هێشتا گەرم بوو. لەبەر چاوم، کاک سەڵاح تەنەکەکەی هەڵگرتبوو و بەرەو ماڵ دەڕۆیشت؛ ئێمەش بەرانبەر ئەڵوەن هێشتا چایمان دەخواردەوە.

ساڵانێکە ئەو ئاگرە کۆتایی هاتووە؛ ئەمڕۆ پشکۆیەکی لێ کۆ دەکەمەوە و بە وشە دەیهێنمەوە ناو ماڵ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن