رەخنە و چاکسازیی؛ لە هاواری ناڕەزایەتییەوە بۆ نەخشەی رزگاری (2)
5/7/2026 1:36:00 PM
عیماد ئهحمهد
رەخنە دەتوانێت ببێتە ئاگرێک کە هەموو شتێک دەسووتێنێت،
یان ببێتە چرایەکی رێنشاندەر کە رێگای داهاتوو رووناک دەکاتەوە. کوردستان لە ئێستادا
لە نێوان ئەم دوو رێگایەدا وەستاوە.
لە شەوانێکی بارودۆخی کوردستاندا، کە تەمومژی
دوودڵی و بێ متمانەیی لەسەر ئاسۆی کۆمەڵگە دەنیشێت، هەمیشە دەنگێک هەیە کە لە ناو
تاریکییەکاندا بەرز دەبێتەوە؛ دەنگی رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن، بەڵام ئەم دەنگە هەموو
جارێک یەک مانای نابێت؛ هەندێک جار دەبێتە هاواری تووڕەیی، هەندێک جار دەبێتە
ئاوازێکی ئاگادارکردنەوە. پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا رەخنەکانمان دەتوانێت لە ئاستی
ناڕەزایەتییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی چاکسازیی؟
رەخنە، ئەگەر لە ویژدان و هەستێکی نیشتمانیی
پاکەوە سەرچاوە بگیرێت، وەک بارانێکە کە خاکی وشک دەژینێتەوە؛ بەڵام ئەگەر لە کینە
و بوغزدا بنووسرێت، تەنیا باهۆزێکە کە دارستان دەڕووخێنێت بێ ئەوەی نوێکردنەوەیەک
بسازێنێت. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆئەوەی رەخنە لە دەنگێکی بێ ئاراستەوە بگۆڕدرێت بۆ نەخشەیەکی
رێنشاندەر.
دەنگێک بۆ چارەسەر، نەک تەنیا بۆ تاوانبارکردن.
لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا، کەم کەس هەبووە وەک
سەرۆک مام جەلال رەخنە قبوڵ بکات و رەخنە بە شێوەیەکی هێمن و پڕ لە حیکمەتی سیاسی
بەکارهێنابێت. رەوانشاد مام جەلال، رەخنەی وەک چەک نەدەبینی، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ
چاکسازیی دەبینی. ئەو باوەڕی وابوو کە رەخنەی بێ چارەسەر، وەک ئامرازێک وایە کە تەنیا
دەرد زیاد دەکات نەک چارەسەر. ئەم دیدە، لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستە؛
چونکە کوردستان نەک تەنیا پێویستی بە دەنگی رەخنە هەیە، بەڵکو پێویستی بە فەرهەنگی
رەخنەی دروستکار هەیە؛ رەخنەیەک کە لەگەڵ خۆیدا رێگای چارەسەرکردن و دەرچوونیشی پێ
بێت.
لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، دوو هێزی سەرەکی
(یەکێتی و پارتی) نەک تەنیا بەرپرسیارێتی پاراستنی دەسەڵاتیان هەیە، بەڵکو بەرپرسیارێتی
نوێکردنەوەی سیستمیشیان لەسەر شانە. ئەگەر سیاسەت تەنیا لەسەر پاراستنی خۆی دامەزرابێت،
دەبێتە قەفەسی خۆی؛ بەڵام ئەگەر دەرگای رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن بکرێتەوە، دەبێتە هێزی
گەشەکردن. لایەنەکان دەبێت بزانن کە بێباکی بەرامبەر بە رەخنە، متمانەی خەڵک
لاوازتر دەکات؛ بەڵام بایەخدان بە رەخنە، دەبێتە بناغەی متمانەی نوێ.
مێژوو پڕە لە وانە، وڵاتانی وەک ئەڵمانیا دوای
کارەساتی جەنگ بە رەخنەی قووڵ لە خۆیان و سیستمەکەیان، توانیان بناغەی حوکمڕانییەکی
نوێ دابنێن. هەروەها کۆریای باشوور، بە هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی و فشاری رەخنەی گشتی،
گەیشتە دیموکراسییەتێکی بەهێز. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە رەخنە کاتێک لەگەڵ
پلان و ئیرادەی سیاسی یەکدەگرێتەوە، دەتوانێت وڵات بگۆڕێت.
کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی
بە نەخشەیەکی روون هەیە؛ رێگایەک کە وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکان بداتەوە: چۆن
چاکسازیی بکەین؟ چۆن دادپەروەریی بەهێز بکەین؟ چۆن متمانەی گشتی بگەڕێنینەوە؟ بێ ئەم
پلانە، رەخنە دەبێتە دووبارەکردنەوەی هەمان دەرد؛ بەڵام بە پلان، دەبێتە دەستپێکی
چارەسەر.
لایەنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو
ئاوێنەیەن کە دەسەڵات خۆی تێدا دەبینێتەوە. ئەگەر ئەم ئاوێنەیە بشکێت، دەسەڵات دەبێتە
نابینا و هێزی بینین لەدەست دەدات. رۆڵی ئەوانیش تەنیا رەخنەکردن نییە، بەڵکو پێشکەشکردنی
چارەسەر و بەرزکردنەوەی هۆشیارییە. ئەوان دەتوانن پردی نێوان خەڵک و دەسەڵات بن.
هیچ سیستمێک بە بێ متمانە ناتوانێت بەردەوام بێت،
متمانەش بە بەڵێن دروست نابێت، بە کردار دروست دەبێت. کاتێک هاووڵاتی دەبینێت یاسا
بە یەکسانیی جێبەجێ دەکرێت و دەنگی دەبیسترێت، ئەو کات متمانە دەگەڕێتەوە.
چاکسازیی تەنیا ئەرکی حکومەت نییە؛ پڕۆژەیەکی نیشتمانییە
کە پێویستی بە بەشداریی هەمووان هەیە: سیاسییەکان، رۆشنبیران، پیاوانی ئاینیی، گەنجان،
ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، لەو کاتەشدا کە هەموو ئەم هێزانە یەکدەگرن، گۆڕانکاریی لە
خەونەوە دەبێتە حەقیقەت.
کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە رەخنەی رووخێنەر نییە،
بەڵکو پێویستی بە رەخنەی بنیادنەر هەیە؛ رەخنەیەک کە نەک تەنیا دەردەکان ئاشکرا
بکات، بەڵکو دەرگا بۆ چارەسەر بکاتەوە.
ئەگەر رەخنە بکەین بە نەخشە، ئەگەر ناڕەزایەتی
بکەین بە پلان، ئەگەر خەم بکەین بە بەرپرسیارێتی، ئەو کات لە ناو تاریکییەکی قووڵدا،
چرایەک دادەگیرسێنین؛ چرایەک کە ناوی چاکسازییە و ئەو کاتەش کوردستان لە سێبەری قەیرانەوە،
بەرەو تیشکی رۆشنی داهاتوو هەنگاو دەنێت.