6وتار

لەنێوان هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆردا

4/7/2026 1:04:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

لە خەونمدا، پێش لافاوەکەی نوح، لە مزگەوتەکەی دێی تەنگیسەر لە قەرەداغ، دیالۆگێکی رۆشنبیریی نایاب و قووڵ، لەنیوان سێ هاورێی ئازیزم، ئازاد هەورامی و بەکری حاجی سەفەر و مامۆستا موحسینی خاڵم، سەبارەت بە هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر و کات(زەمان)ەوە، دەستی پێ کرد؛ گوێم لێ بوو کاک ئازاد وتی:
«خۆرهەڵاتن وەک منداڵێکی تازە لە دایکبوو دەردەکەوێت، کە بە خەندەیەکی پاک ئاسمان رووناک دەکاتەوە.»

مامۆستا موحسین وتی:

 «لە کاتی ئاوابووندا، خۆر وەک پیرێکی دانا دەچێتە ناو دەریا، بە دڵێکی ئارام و چاوێکی پڕ لە ئەزموون.»

کاک بەکر وتی:

 «منداڵ لە ئێستادا دەژی، رابردوو بۆی زۆر دوورە و داهاتووش وەک خەونێکی نادیارە. بۆیە زەمان لە هەستیدا فراوانە و نەبەستراوە بە ژمێریارییەوە»

کاک ئازاد فەرموی:

 «منداڵ زەمەن نازانێت، تەنها تێیدا دەژی.»

مامۆستا موحسین فەرموی:

 «پیر زەمەن دەزانێت، بۆیە هەموو ساتێک دەژمێرێت.»

ئینجا کاک بەکر فەرموی:

 پێشینان دەڵێن: «ئەو کەسەی بە خۆرهەڵاتن خۆشحاڵ نەبێت، لە ئاوابوونیش تێناگات.»

لە پڕێکدا، بە دەنگی بانگی بەیانی مەلای مزگەوتی نالی لە گەرەگی عەقاری شاری سلێمانی بەخەبەر هاتم و  ئەم چەند دێڕەم نووسی:
 کەس ناتوانێت باڵی زەمەن بگرێت، کاتێک بە ئارامی لەسەر شانی رۆژەکان دەفڕێت. بەیانیان، کاتێک یەکەم تیشکی خۆر، باوەش بە رووی زەوی دەکات، ژیان هێدی هێدی لەخەو هەڵدەسێت، بە بێ پرسیار، بە بێ وەڵام. ئێوارە، کاتێک رەنگی ئاسمان لە زێڕییەوە دەگۆڕێت بۆ سوورێکی غەمگین، خۆر وەک پادشایەکی بێدەنگ، تاجەکەی دادەنێت و لەپشت چیاکان ون دەبێت. لەنێوان ئەم دوو ساتەدا، مرۆڤ چیرۆکێک دەنووسێت، چیرۆکێکی هەموو جار ناتەواو.

کات، ئەو میوانەی کە هەرگیز ناوەستێت، بەڵام هەرگیزیش خۆی پیشان نادات. ئێمە وا دەزانین وەک ژمارەیەکە لە چرکەکان، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە کات رووناکییە لەنێوان دوو تاریکیدا. ئەوە لە خۆرهەڵاتندا دەستپێدەکات و لە خۆرئاوابووندا خۆی ون دەکات. لە هەموو چرکەیەکدا گۆڕانێکی بچووک روودەدات و لە هەموو گۆڕانێکدا، بەشێک لە ئێمە ون دەبێت بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین.

گەردوون وەک ئامێرێکی گەورە، بە بێدەنگی کار دەکات؛ زەوی دەخولێتەوە، کات دەڕوات و ژیان لەنێوان ئەم دوو هێزەدا لەدایک دەبێت، بەڵام لەناو ئەم هەموو جووڵەیەدا مرۆڤ تەنیا بینەرێک نییە؛ ئەو شاعیرە، ئەو کەسەیە کە لە هەموو هەڵهاتنێکدا هیوایەک دەبینێت و لە هەموو ئاوابوونێکدا یادێکی دڵتەنگ. 

  ئەمڕۆ شاشەکان رووناکیی خۆریان دروستکردووە. شەو کە پێویست بوو ببێتە پەناگەی ئارامی، بووە بە بازاڕی دەنگ و رووناکی. رۆژیش کە دەبوو ببێتە کاتی ژیان، بووە بە راکردنێکی بێ کۆتایی. ئێمە لەنێوان ئەم رووناکییە دەستکردانەدا، رووناکیی ڕاستەقینەمان لەدەستداوە؛ لەنێوان چرکەکاندا ون بووین و «سات»مان بیرچووەتەوە.

لە چاوەکانی شاعیردا، خۆرهەڵاتن دڵ تازە دەکاتەوە و خۆرئاوابوون وەک داخستنێکی ئارام لە کتێبێکی پڕ لە خەوندا. هونەرمەند رەنگەکان دەبینێت، فەیلەسوف پرسیار دەکات، بەڵام دڵی مرۆڤ ئەو شوێنەیە کە هەموو ئەم مانایانەی تێدا یەکدەگرنەوە.

بیر دەکەمەوە لە منداڵیمدا، لەو کاتەی خۆر تەنیا خۆر بوو؛ نە نیشانەی کات، نە بیرەوەری، نە نیشانەی غەم بوو، تیشکەکانی وەک یارییەک دەهاتن و تاریکییان دەشکاند، بەڵام ئێستا هەر ئاوابوونێک وەک لاپەڕەیەکی داخراوە لە ژیانی مندا، هەر رۆژێک کەمترم دەکات و هەر شەوێک زیاتر لە خۆم دوورم دەخاتەوە.

هەڵهاتنی خۆر و ئاوابوونی، تەنیا دوو رووداوی سروشتی نین؛ ئەوان دوو پەیامی ژیانن کە لە هەموو ڕۆژێکدا بە زمانێکی بێدەنگ قسە لەگەڵ مرۆڤ دەکەن.

دانایان دەڵێن: «هەر سپێدەیەک دەرفەتی نوێیە، و هەر ئاوابوونێک یادەوەرییەکی پڕ مەعنای کۆتایی.» ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە خۆرهەڵات نیشانەی دەستپێکی هیوایە، بەڵام خۆرئاوابوون فێرمان دەکات چۆن لە فەوتان و مردن نەترسین و قبووڵی گۆڕان بکەین.

لە کۆتاییدا، رەنگە کات (زەمان)، خۆی هیچ مانایەکی نەبێت. رەنگە ئەوە ئێمە بین کە مانا بە کات دەبەخشین؛ بە هەناسەکانمان، بە خەونەکانمان، بە ئەو وشانەی کە هەرگیز نەنووسران، لەنێوان هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆردا، ئێمە هەوڵدەدەین چیرۆکێکی تەواو بنووسین، بەڵام زۆرجار خۆر پێش ئەوەی دوا وشە بنووسرێت، بێدەنگ دادەبەزێت و لاپەڕەکان هەروا بە سپێتی دەمێننەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن