26وتار

لەدژی توندڕەوی هەڵوێستێکی نشتیمانی دروست

2/8/2026 12:40:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

قسەکردن و نووسین لەسەر توندڕەوی بابەتێکی هەستیار و گرنگە و رەنگە مایەی بیروبۆچوونی جیاوازیش بێت، چونکە هەریەکە و بە دید و بۆچوونی خۆی و بەگوێرەی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی سەیری ئەم بابەتە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا  من بڕواموایە بۆ سەلماندنی راستی و خزمەتکردن بەدۆزی کورد، هەر جۆرە  هەڵوەستە و بیروبۆچوونی  جیاواز پێویستن.

هێرشە دڕندانەکەی هێزەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزەری سوریا بۆ سەر رۆژئاڤا و ئەنجامدانی تاوانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە ژن و منداڵ و کاری تیرۆریستی دژ بەهاوڵاتیان  و دیلەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات  (قەسەد)، هەست و دەروونی هەموو کوردی چوار پارچەی کوردستان بە تایبەتی و بەشی زۆری رای گشتی میللەتانی دنیای هەژاند و جارێکی دیکە وێنەی کردارە قێزەوەنەکانی داعش هاتنەوە بەردیدەی خەڵک و برینە قووڵەکانی جەستەی مرۆڤایەتیان کولاندەوە و هەمووانیان تووشی شۆک و دڵەراوکێ کرد. 

حاشاهەڵنەگەرە لە مێژووی ئیسلامدا، لایەنی توندڕەو  هەبوون، بۆ نموونە لە چوار خەلیفەی (راشدین ) دوای پێغەمبەر، سیانیان بە دەستی توندڕەوەکان شەهیدبوون. ئەمە بێجگە لە شەڕە ناوخۆییەکانی سەردەمی ئەمەویی و عەباسی و عوسمانییەکان کە بە دەیان کاری توندڕەوی و خوێنڕشتن لەو سەردەمانەدا ئەنجامدراون.

سەرەڕای ئەمانە، دینی ئیسلام لە جەوهەردا، دین و رێبازێکی توندڕەو نییە، بەڵام لەگەڵ تێکەڵبوونی ئاین بە سیاسەت و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و پاوانخوازی، تووشی لادان و نەخۆشییەکانی توندڕەوی بووه.

ئێمە وەکو نەتەوەیەکی زۆرینەی هەرەزۆر  موسڵمان، لەناو ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا ژیاوین، مێژوو پێمان دەڵێ  ئەزموونی پێکەوەژیان و لێبوردەییمان لە ئەزموونی توندوتیژی دەوڵەمەندترە. سەیری بکەن و ببینن چۆن ژمارەی مزگەوتەکان لە هەرێمی کوردستاندا (5820) مزگەوتە، کە نزیکە لە ژمارەی قوتابخانەکان و زۆر زیاتریشە لە ژمارەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان.  زیارەتکارانی ماڵی خوداش، واتە ئەو کوردانەی بۆ حەج و عەمرە دەچن، دەرخەری پێکەوە گرێدراویی کوردایەتی و ئیمان و موسڵمانێتی گەلی ئێمەن.مێژووی کوردستانیش هەمان ئەو بۆچوونەمان بۆ ساغ دەکاتەوە کە پیاوانی ئایینی و مەلا و زانایانی ئایینی کورد، قۆناغی هەرە رۆشن و پڕشنگداری ئەدەب و زمانی کوردی پێکدەهێنن. حوجرەکان تەنیا پەناگەی دینداریی نەبوون، بەڵکو کانگاگ بەرههەمهێنانی رۆشنبیری و فەرهەنگیش بوون. بەتەنیشت ئەوەشەوە  شۆڕشەکانی کوردستان لە سەردەمانی رابردوودا بە رابەرایەتی و سەرکردایەتی پیاوانی ئایینی بووە، وەک شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عبدولسەلام بارزانی و شێخ مەحمود و قازی محەمەد و مەلامستەفای بارزان. ئێمە وێڕای دەیان زانای گەورە لە بواری فیقهـ و ئاییندا وەک ئیبن خەلەکان و مەولانا خالید و مەلای گەورەی کۆیە و شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ محەمەدی کریپچنە و مەلاعەبدولکەریمی مودەڕس و مستەفای زەڵمی و  شێخانی نەقشبەندی بیارەو...هتد، کە ئەو زاتانە زۆربەیان خاوەن دیدی زانست و فیقهی ئیسلامی بوون و بەشەکەیتریان خاوەن رێبازی تایبەتی تەسەوف بوون لە جیهانی ئیسلامیدا، هەمووشیان  پێکەوە مایەی شانازییەکی گەورەن بۆ کورد لە دیرۆکی ئیسلام و ناوچەکە و جیهاندا. 

لێرەدا نابێت ئاماژە بە سەڵاحەدینی ئەیوبی نەدەین کە ئاڵای ئیسلامی بەرز راگرت و قودسی رزگارکرد و وێڕای بوونی مشتومڕی نەبڕاوە لەسەر رۆڵی لە بواری نەتەوایەتیدا، بەڵام کوردی بە دنیا ناساند.

بێگومان ئیمەی کورد بەبێ بەرژەوەندی و ئارەزووی خۆمان، وڵاتەکەمان بەسەر چوار دەوڵەتی ئیسلامیدا دابەشکراوە، حاڵیحازر و وەکو قەدەری جوگرافیاش لە ناوچەیەکی ئیسلامیدا دەژین, بۆیە راست نییە ئەگەر بە کردەوەی لایەنێکی ئیسلامیی توندڕەو، هەموو موسوڵمانانی جیهان بە نەیار و دوژمنی خۆمان بزانین. راستە هەندێ لایەن و کەس بەناوی ئیسلامەوە دژایەتیمان دەکەن، بەڵام ئەمانە سەر بە ئیسلامی راستەقینە و  مەراجیعی گەورەی ئیسلامی وەک ئەزهەر و نەجەف و دنیای ئیسلامی راستەوقینە نین. 
ساڵی (1996)بە سەرۆکایەتی رەوانشاد مام جەلال و ئەندامێتی هەر یەک لە ( فوئاد مەعسوم، عەدنان موفتی، مستەفای سەید قادر، مەلا یاسین و عیماد ئەحمەد)وەک وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی قاهیرەمان کرد، لەچوارچێوەی بەرنامەکەماندا، سەردانی  ئەزهەری شەریفمان کرد و کۆبوونەوەمان  لەگەڵ( محەمەد سەید طنطاوي ) شێخی ئەزهەر ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا (طنطاوي )وتی: ئێوەی کورد، دەمێک ساڵە رواقێکی باش و پڕ بایەختان لە ئەزهەر هەبووە، ئێستا کەس بەلایدا ناچێت، بۆ ئاوەدانی ناکەنەوە و سودی لێوەربگرن؟ بە زمانی عەرەبی کۆن (رواق) بە واتای بەش (جیناح)ی فێربوونی فیقهـ و شەریعەت دێت، بۆ کورد دانراوە. مام جەلال زۆر بە بایەخەوە مەسەلەکەی وەرگرت و داوای هاوکاری لە (شێخ طنطاوي) كرد بۆ سەرلەنوێ خستنەگەڕی رواقەکە، بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەو (رواقە)ئاوەدان نەکراوەتەوە و نەخراوەتەگەڕ.

هەروەها لە ساڵەکانی شەستی سەدەی رابردوودا، سەید موحسین ئەلحەکیم، مەرجەعی باڵای شیعە، لە سەردەمی حوکمی عارف، شەڕی دژ بە کوردی حەرامکرد لە عیراقدا. ئەمانە میراتێکی جوان و دەگمەنن، پێویستە پەرەیان پێ بدەین. گرنگە خاڵی هاوبەش لەنێوان خۆمان و گەلانی ناوچەکەدا بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەم قۆناغەش پێکەوە و بە لێبوردەیی و بە ئاشتی و پێکەوەژیان قۆناغەکە تێپەڕێنین.

چۆن لە جیهانی رۆژئاوا  دۆست و پشتیوانی کورد زۆرن کە بەرگری لە بەها جوانەکانمان دەکەن و دژی کۆمەڵکوژی کورد دەنگیان بەرزکردۆتەوە، بەهەمان شێوە با داوا لە جیهانی ئیسلامیش بکەین بەرگریی لە کێشە رەواکەمان بکەن و دژی ئەو ستەم و زەبر و زەنگە بوەستنەوە کە دژمان ئەنجام دەدرێت، بەتایبەت ئەوەی لە  سوریا و بەتایبەتی لە رۆژئاڤا بینیمان، بە راستەخۆ، یان ناڕاستەوخۆ تەنیا ناو و ناوبانگی حکومەتی کاتیی سوریا لەکەدار ناکات، بگرە دەبێتە لەکەیەک بۆ جیهان و جیهانی ئیسلامییش.

لە کۆتاییدا ئێمە وەک کورد گرنگە بزانین کە توندڕەوە ئیسلامییەکان نوێنەرایەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناکەن، هەروەک چۆن توندڕەوەکانی ناو کوردیش نوێنەرایەتی گەلی میانڕەوی کوردستان ناکەن.

لەم رۆژگارەشدا کە گۆرانکاریی بەپەلە و چاوەڕواننەکراو لە دنیای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان روودەدەن، باشترین رێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەلەکەمان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەقڵانی و ژیرانە و میانڕەوانەیە لە گوفتار و رەفتارماندا ، ئێمە لە سەردەمێکدا ئەژین دوژمنێک زۆرەو هەزار دۆست کەمە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن