خاڵو گوڵمرای و شێوەی خەباتی سیاسیی هاوچەرخ
8/3/2025 12:03:00 PM
عیماد ئهحمهد
لهو حەکایەته كوردهوارییانهی كه پهندی زۆریان تێدایە و دهكرێت
له ژیانی سیاسیشماندا ببنه ههڵوێست و بیروباوهڕ، لهم رۆژانهدا حەكایهتێكی نێوان
حاجی مایخان و خاڵو گوڵمرای شاری خانهقین و گهڕهكی جهلهوه-م بیر هاتهوه.
حاجی مایخان لە دوورەوە هاواری دەکرد و دەیوت: هۆ خاڵو گوڵمرای،
ئاگات لە خۆت بێت، خاڵۆ ئەگوەر لەسەر نۆبەی ئاودانی بێستانەکەتان، شەڕت پێ دەفرۆشێت.
گوڵمرای-یش وەڵامی دەدایەوە: ئەو شەڕ دەفرۆشێ و منیش نایکڕم!
شاری خانەقین تا ئەندازەیەکی زۆر پشتی
بە تەڕە و سەوزەی چەمی گەڕەکی جەلەوە دەبەست، کە زەوییەکی پر خێر و بەرەکەتی هەبوو.
ئێواران بە گوێدرێژ و شەڵتە بەرهەمەکانیان دەبرد بۆ خانی خورما و تاریکە بازار لە
شار، لە هاویناندا لە رووباری ئەڵوەن دەپەڕینەوە بۆ ناو شار، لە زستانانیشدا کە
ئاوی ئەڵوەن سارد و زۆر دەبوو، بە رێگای کۆپری گەورە دا دەچوون بۆ ناو شار،
جاروبار دەستەیەک سەوزەیان بە خۆڕایی دەدا بە هەندێ گەنج و ژنانی هەژاری جەلەوە کە
ئەوەش دەبووە ژەمێکی خواردنی شەوانیان.
بەشێک لە دانشتوانی جەلەوە باخەوان و جوتیار بوون، جاروبار لە سەر نۆبەی
ئاوی جۆگەی عالیاوە دەمەقاڵێیان دەبوو، لە ترسی بە کارهێنانی خاکەناز و تەور و داس
و قولاپ، کە بەردەوام لە بەردەستیان بوو، بەشی زۆریان خۆیان لە شەڕ و پێکدادان بهدوور
دەگرت، بۆئەوەی خوێنی لێ نەکەوێتەوە.
ئێستاش لەم سەروبەندەدا، دوای گۆڕانکارییەکانی
دنیای سیاسەت و تێگەیشتنی فەلسەفی و رۆشنبیری بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان بە گشتی، قسەکەی
خاڵو گوڵمرای پر بەبێستی بارودۆخەکەیە، دەبێت
بە هیچ شێوەیەک شەڕی شەڕفرۆشان نەکڕین، چونکە بارودۆخەکە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی
و ئابوریی و سەربازی و تەکنولۆجییەوە گۆڕاوە، بە شێوەیەک كه لە قازانجی شۆڕشی چەکداری
و شەڕ و فەرتەنەدا نەماوە، چونکە تێروانینی ناوەندی دەسەڵاتی بڕیاربەدەست لە دنیادا
گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چەمکی شەڕ درێژەپێدەری سیاسەتە و شەڕی رەوا و شەڕی ناڕەوا
وەک سەردەمی ئایدولۆجیای زاڵ نەماوە، هەوڵیش دەدرێت لۆجیکی شەڕ بگۆڕدرێت بە ململانێی
سیاسی و گفتوگۆی ئاشتییانە، شەڕیش بەواتای کوشتن و کاولکاری، بێ سوود وێنا دەکرێت.
بێگومان، کوردستان دەمێکە بە ناهەق دابەشکراوە
بە سەر چوار دەوڵەتی ناوەندییدا بە بێ خواستی خەڵکەکەی، ئەمەش بۆته هۆكاری سەرەکی
هەڵگیرساندنی شۆڕشەکانی کوردستان لە پێناوی رزگاری و راماڵینی داگیرکەران و سەربەخۆیی،
بەباوەڕ بوون بە چەمکی (دەسەڵاتی سیاسی لە لولەی تفەنگەوە هەڵدەقوڵێت)، بەڵام لەم
رۆژگارەدا و لەبەر هۆکارەکانی سەرەوە، ستراتیج و تەکتیکی بزوتنەوەی کوردایهتی گۆڕاوە،
لە جیاتی ئەوەی لە (لولەی تفەنگ) دەسەڵاتی سیاسی مسۆگەر بکات، بووە بە خەباتی سیاسی
و (بە هەڵبژاردن و لە رێی دەنگدەرانەوە) زامن دەکرێت.
گۆڕانکارییەکانی دنیا ئەوە دەسەلمێنن،
کە کێشەی هەر بەشێکی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتە ناوەندەكهی خۆیەوە چارەسەردەکرێت،
ئهوهش بە سیستمی دیموکراسی و ئازادیی و شارستانی.
خۆشبەختانە لەم ماوەیەدا شۆڕشی چەکداری
نەبۆتە ئامرازی سەرەکی خەباتی کوردایەتی لە کورستاندا، چونکە هەر بەشێکی کوردستان
لە رێگای بههاكانی دیموکراسی و مافی مرۆڤهوه كار بۆ مافەکانی خۆی دهكات.
ئاشکراشە کورد بە حوکمی پێگە و ژمارە،
ناتوانێت بە تەنها ببێت بە هێزی سەرەکی لە هەر چوار دەوڵەتەکەدا کە کراوە بە پاشکۆیان
و پێویستی بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانی تری ناو دەوڵەتە ناوەندییهكه ههیه،
ئەمەش جارێکی تر پێویستیی بە سازان و شەراکەت و هاوپەیمانی هەیە.
شادەماری سەرکەوتنی ئەم شێوە خەباتە بەندە بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی
ناو ماڵی کوردەوه. ئاشکرایە پرۆسەی ئاشتی لە دەوروبەر و ناوچەکە و دنیادا بووەتە
دیفاکتۆ، بە تایبەتی لە کوردستانی باکوور و رۆژئاوا، ئەمەش خۆی لەخۆیدا شێوازێکی
نوێیە لە خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەیی. ئەم پرۆسەیە حاڵی حازر جێگیر و قایم نەبووە،
هەم دۆستی هەیە و هەم دوژمن. راستە ئاشتی تەنها بە لایەک مەیسەر نابێت، بەڵام شەڕ
بە لایەک ههڵدەگیرسێت!
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای دامهزراندنییهوه تا ئەمڕۆ،
بڕوای تەواوی بە ئاشتی هەبووە. شۆڕشی نوێشی هەڵگیرساندووە هەر بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان
بووە لە چوارچێوەی عیراقی دیموکراسیدا، ئهوهش بە دروشمی (دیموکراسی بۆ عیراق و
مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردستان).
ههروهها چوار دروشمە سەرەکییەکەشی:
(ئاشتیی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنووسین) کە قیبلەنمای خەباتی بووە، لە
پراکتیکدا مەسەلەی ئاشتیی تێدا پێشەنگ بووە.
لەبەر رۆشنایی ئەوانەی سەرەوە، یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی تەواوی پرۆسەی ئاشتی لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا دهكات،
ئەمەش بە ڕێی راست و دروستی دەزانێت بۆ خەباتی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان، کە ئەندازیارەکەی
رەوانشاد مام جەلال بووە.
لەبەرئەوەی كات و شوێن-یش لە جووڵه و
گۆڕاندایە، هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکانیش بەهەمان شێوە بەردەوام
لە گۆڕاندان، بۆیە رەوای هەق نییە دوای هەر گۆڕانکارییەک لە شێوە و ئامرازی خەباتی
بزوتنەوەی کوردایەتی، دەستبکەین بە شیوەن و لاواندنەوە بۆ شێوەی خەباتی ماوەبەسەرچوو،
شێوەی خەباتی نوێیش بدەینە بەر تانە و لێکدانەوەی ناڕاست و دوور لە لۆجیک.