3وتار

ئەو دەرگایانەی بۆمان دەکرانەوە

11/5/2026 12:48:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

دەرگا لە مێژووی نیشتەجێبوونی مرۆڤدا، سنووری نێوان ماڵ و دنیای دەرەوە بووە؛ بۆ پاراستن داخراوە و بۆ پێشوازی کراوەتەوە. بە گۆڕانی سەردەم و شوێن، کەرەستە و شێوەکەشی گۆڕاوە؛ لە دار و بەردەوە تا ئاسن و شووشە، لە دەرگای سادەی ماڵەوە تا دەروازەی قەڵا و شار. بەڵام لە یادەوەریی خەڵکدا، بەهای دەرگا تەنها بە کەرەستە و قەبارەکەی نەبووە؛ بەوەش بووە کە لە تەنگانەدا بۆ کێ کراوەتەوە و کێی لە مەترسی پاراستووە.

کاتێک بیر لە دەرگاکانی منداڵیم دەکەمەوە، دوو «قاپی» لە جەلەوە دێنە بەرچاوم. یەکێکیان قاپی حەوشی نەفتەکە بوو، کە «نزڵ»ێکی تێدا بوو،  نەوتفرۆشێک بە کرێی گرتبوو. ئەو دەرگایە هەمیشە کراوە بوو؛ تەنانەت شەوانیش تەنها دەرگای ژوورەکان دادەخران. ئەوی دیکەیان قاپی ماڵی میم پیرۆز بوو، کە جگە لە ڕۆژانی جەژن، هەمیشە داخراو بوو. منداڵیان نەبوو؛ هاوسەرەکەی لە تاریکەبازاڕ دووکانی میوەی و سەوزی هەبوو. میم پیرۆز بەردەوام ڕەشپۆش بوو و کەوای لەبەر دەکرد. چاوە «چەقڵە»کانی خێڵ و کز بوون و سوورمەی تێدەکردن. ناو هەردوو لەپی دەستی بە خەنە رەنگ دەکرد. لە جەژناندا دەرگای ماڵەکەیان دەکردەوە، نقوڵ و چکلێتی بە منداڵانی گەڕەک دەبەخشی و دەیگوت: «لەو دنیا دەبم بە دایکتان!»

ئەو دوو دەرگایە تا ئێستاش لە یادمدا ماونەتەوە؛ یەکێکیان بەشێک بوو لە دیمەنی هەموو ڕۆژێکمان، ئەوی دیکەیان بە کرانەوەی، ڕەنگ و بۆنی جەژنی لەگەڵ خۆیدا دەهێنایەوە.

لە خەیاڵمدا، لە کەناری ئەڵوەن و لە بەرقاپیی باخی قەسرەکە لە بان جەلەوە، ئەم گفتوگۆیە لە نێوان خەلیل سەعیدی گەنج و خاڵۆ وەلیی بەساڵاچوودا دەبیستم:

—خاڵۆ، ئەگەر قاپییەکەمان لێ نەکەنەوە، بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەگەڕێین؟

خاڵۆ وەلی زەردەخەنەیەک دەکات:

—لە تەمەنی تۆدا منیش وام بیر دەکردەوە، بەڵام چوونە ژوورەوە بە بانگهێشت تامێکی تری هەیە.

—کام قاپی زیاتر لە یادت ماوە؟

—ئەوەی ڕۆژێک، کە برسی بووم، بۆم کرایەوە و خاوەنەکەی گوتی: «وەرە ژوورەوە، خۆت تێر بکە، پاشان قسە دەکەین.»

خەلیل دەستی لەسەر دیوارەکە لادەبات و بەنەرمی لە قاپییەکە دەدات.

کاک خەلیل سەعید، کە لەم خەیاڵەدا بە گەنجی دەیبینمەوە، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە زندانی ئیڤین لە تاران، ڕۆحی فڕی بۆ ئاسمانی بەرین و بە ئازادی شاد بووەوە.

کاتێک ئاوڕ لە ڕۆژگاری خەبات دەدەمەوە، لەگەڵ ڕوخساری هاوڕێکانم، ئەو دەرگایانەشم دێنەوە یاد کە بۆمان دەکرانەوە؛ دەرگای ماڵی ئەو خەڵکەی خۆیان ژیانێکی ئاسانیان نەبوو، بەڵام جێیەکیان بۆ ئێمە هەبوو. ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، زیاتر لە مانای ئەو دەرگاکردنەوەیە تێدەگەم. لە پشت هەر دەرگایەکەوە، دڵێک هەبوو کە متمانەی پێدەکردین و خێزانێک هەبوو کە مەترسییەکەی لەگەڵمان دابەش دەکرد.

ئەو خەڵکە هەموویان سیاسی نەبوون، هەموویان ئەندامی ڕێکخستن نەبوون. هەندێکیان ڕەنگە زۆر لە وردەکاریی بەرنامە و بڕیارەکانیشیان نەزانیبێت، بەڵام دەیانزانی بۆچی ڕوومان لە ماڵەکانیان دەکرد. هیوایان بە ڕۆژێک هەبوو کە منداڵەکانیان بەبێ ترس بژین و لە نیشتمانی خۆیاندا هەست بە بێکەسی نەکەن. بەشێکی هێزی ئێمە لەوێوە دەهات؛ لە ماڵە بچووکەکان و دڵە گەورەکانەوە.

ئێمە زۆرجار لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر دەچووین و بە ڕێگاکەماندا بەردەوام دەبووین، بەڵام خاوەن ماڵەکە هەر لەوێ دەمایەوە؛ بە ناونیشانێکی دیار، بە خێزان و منداڵ و ژیانێکەوە کە نەیدەتوانی بەئاسانی هەڵیبگرێت و بیگوازێتەوە. مەترسی بە دەرچوونی ئێمە لە دەرگاکە کۆتایی نەدەهات. ئەوەی بۆ ئێمە شوێنی پشوودانێکی کورت بوو، بۆ ئەوان ماڵ و حاڵی تەمەنیان بوو.

ئەوسا سەرقاڵی کار و ڕێگا و چارەنووسی هاوڕێکانمان بووین. ڕەنگە هەمیشە بە ئەندازەی پێویست بیرمان لەوە نەکردبێتەوە کە حەواندنەوەمان چ بارێک دەخاتە سەر شانی ئەو خێزانانە. ئەمڕۆ لە خۆم دەپرسم: ئەو دایکە چۆن شەوی بەسەر دەبرد؟ ئەو باوکە چۆن نیگەرانیی خۆی لە منداڵەکانی دەشارەوە؟ دوای ڕۆیشتنی ئێمە، ئەوان دەبوو بەیانییەکی تر، لەگەڵ هەموو ئەو نیگەرانییانەدا، ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن.

لە گێڕانەوەی مێژووی خەباتدا، ناوی سەرکردە و فەرماندە و هاوڕێیانی ڕێکخستن زۆر دێت. ئەمە سروشتییە؛ هەر یەکەیان ڕۆڵ و شوێنی خۆی هەبووە، بەڵام لە نێوان ئەو ناوانەدا، شوێنی خاوەن ماڵەکان زۆرجار بەتاڵە. لە بیرەوەرییەکانماندا دەڵێین: «گەیشتینە ماڵێک»، «شەوێک لە گوندێک ماینەوە»، «خێزانێک پەنای داین». پاشان گێڕانەوەکە بەردەوام دەبێت و ئەوان لە پشت ئەو چەند وشەیەدا دەمێننەوە. بەڵام ئەو «ماڵێک»ە خاوەنی هەبوو. ئەو «خێزانێک»ە ژیانی هەبوو؛ خەون و ترس و چاوەڕوانیی خۆی هەبوو. شایەنی ئەوەیە کەمێک لە گێڕانەوەکەماندا بوەستین و بپرسین: ئەوان کێ بوون؟ ژیانیان چۆن بەڕێوە دەبرد؟ بە چ سەختییەکدا تێپەڕین؟ دوای ڕۆیشتنی ئێمە چییان بەسەر هات؟

بەتایبەتی ژنانی ئەو ماڵانە، کە بەشێکی گەورەی ئەو بارەیان هەڵدەگرت، کەمتر دەنگیان لە مێژووە نووسراوەکانماندا بیستراوە. ئامادەکردنی نان و جێگای حەوانەوە، پاراستنی نهێنی و بەڕێوەبردنی ماڵێک لە ناو نیگەرانی و مەترسیدا، هەمووی بەشێک بوو لەو پشتیوانییەی کە بەردەوامبوونی خەباتی ئێمەی ئاسانتر دەکرد. دەبێت ئەو بەشەی چیرۆکەکە لە زمانی خۆیانەوە ببیسترێت؛ بە وردەکارییەکانی ژیانی خۆیانەوە.

پێم وایە ئەرکێکمان هێشتا ماوە: کۆکردنەوەی یادەوەریی ئەو ماڵانە. ئەوانەی لە ژیاندا ماون، قسەیان تۆمار بکرێت؛ ئەوانەش کە کۆچیان کردووە، منداڵ و نزیکەکانیان یارمەتیمان بدەن چیرۆکیان بپارێزین. ناوێک، وێنەیەک، نامەیەک یان بیرەوەرییەکی کورت دەتوانێت بەشێک لەو ڕابردووە لە ونبوون بپارێزێت. هەر یەکێکمان ئەگەر یادەوەریی ئەو ماڵانە بنووسێتەوە کە پەنایان داوین، بەشێکی کەم‌باس‌کراوی مێژوومان ڕوونتر دەبێتەوە.

بۆ یەکێتی، ئەو ماڵانە بەشێکن لە مێژووی گەشەکردن و ڕەگداکوتانی لەناو خەڵکدا. پێویستە لە یادەوەرییەکانماندا جێگای شایستەیان هەبێت. منداڵ و نەوەکانیان مافی ئەوەیان هەیە بزانن دایک و باوک و داپیر و باپیرانیان چ ڕۆڵێکیان هەبووە؛ تەنانەت ئەگەر هیچ پلە و ناونیشانێکیان هەڵنەگرتبێت و هیچ وێنەیەکیان لە بۆنەکاندا هەڵنەواسرابێت.

لەوانەیە ئەمڕۆ هەندێک لەو ماڵانە نەمابن، دەرگاکانیان گۆڕابن و خاوەنەکانیانیش کۆچیان کردبێت، بەڵام لە یادەوەریی ئێمەدا هێشتا دەرگاکە دەکرێتەوە؛ هێشتا ئەو هەستە دەمێنێت کە لە ڕۆژێکی سەختدا، کەسێک جێیەکی بۆ کردینەوە.

هەزاران گوند و ماڵ لەم کوردستانە وێران و خاپورکران، بەڵام دەرگای دڵی خەڵکەکەیان هەر بە کراوەیی مایەوە. ئێمە بەو دەرگایانەدا چووینە ژوورەوە؛ ئەوان پاراستیانین و خۆیان کردە قەڵغانی هیوای داهاتوویەکی ڕووناک.

با پێش ئەوەی تەمەن وردەکارییەکانمان لە یاد بەرێتەوە، ناویان بنووسینەوە. با لە گێڕانەوەی خەباتماندا، خاوەن ماڵەکەش لە پشت دەرگا نەهێڵینەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن