کاتێک وێنە رەش و سپییەکان رەنگی ژیان وەردەگرنەوە
8/10/2026 12:41:00 PM
عیماد ئهحمهد
هەندێک دیاریمان
بەدەست دەگات، بەڵام رێگای دڵ دەگرێتەبەر؛ هەر شتێک نییە کە پێشکەش بکرێت، بەڵکو
کلیلێکە بۆ کردنەوەی دەرگای ژوورێک لە بیرەوەریدا، کە ساڵانێکە داخراوە. کاتێک ئەو
دەرگایە دەکرێتەوە، مرۆڤ نازانێت پێبکەنێت، یان بگری؛ چونکە لەوێ خۆشی و حەسرەت، دیدار
و دابڕان، ژیان و کۆچ لە یەک وێنەدا کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ، کاک پشتیوان ئەحمەدی هاوگەڕەکم لە خانەقین،
ئەلبۆمێکی پڕ لە وێنەکانی ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی رابردووی بۆ هێنام؛ وێنەگەلێک
کە لە جەلەوە، لە کەناری ئەڵوەن و لە ناو باخەکانی خانەقین گیراون. بە پێکەنینێکی
تایبەت بە خۆی و سۆزێکی پڕ لە نهێنیی بیرەوەرییەوە وتی: «دیارییەکی نایابم بۆ هێناویت؛
وێنەی خۆت و هاوڕێ نزیکەکانتە. دەزانم بە بینینیان کانیی بیرەوەرییەکانت زیاتر دەتەقێتەوە
و پڕبەرهەمتر دەبێت.»
ئەلبومەکەم لە دەستی وەرگرت، بەڵام هەستم کرد تەنها
کۆمەڵێک وێنەم وەرنەگرتووە، بەڵکو بەشێک لە تەمەنی خۆمم وەرگرتووەتەوە. پەڕەی یەکەمم
هەڵدایەوە و لەناکاو دیوارەکانی ئەمڕۆ لە دەوروبەرم ون بوون. ساڵەکان گەڕانەوە، ئەڵوەن
دووبارە خرۆشایەوە، باخەکان بۆنی خاک و دارخورمایان لێدەهات و دەنگی هاوڕێکانم لە
نێوان پەڕەکانی ئەلبومەکەوە بەر گوێم کەوتن.
بە بینینی وێنەکان حاڵێکی سەیر دایگرتم؛ وەک دەروێشێک،
دوای ساڵانێک گەڕان، شێخەکەی بینیبێتەوە. نە ئەمڕۆ ما، نە تەمەن و نە ئەو ساڵانەی
لەنێوانماندا تێپەڕیبوون. چوومە ناو وردەکاریی وێنەکان؛ ناو پێکەنینێک، نیگایەک و
دەستێک کە بە سۆزەوە لەسەر شانی هاوڕێیەک دانرابوو.
هەوڵمدا بگەڕێمەوە
بۆ ئەو چرکەساتەی کامێراکە «چرک»ەی هات؛ ئەو ساتەی کەسمان نەماندەزانی رۆژێک دەبێتە
پەنجەرەی گەڕانەوەمان. ئەوکات کامێرا تەنها چرکەیەکی لە ژیان دەگرت، بەڵام ئێستا دەبینم
سەردەمێکی تەواوی پاراستووە.
وێنەکان رەش و
سپی بوون، بەڵام من تێیاندا هەزاران رەنگم دەبینی؛ سەوزیی باخەکان؛ شینیی ئاسمانی
خانەقین؛ زێڕینیی خۆر لەسەر ئاوی ئەڵوەن و رەنگی گەشی پێکەنینی هاوڕێکان. تێگەیشتم
رەنگ تەنها لە چاودا نییە، هەندێک رەنگ لە بیرەوەریدا دەژی و کات ناتوانێت بیسڕێتەوە،
بەڵام لەنێوان ئەو پێکەنینانەدا، حەسرەتێکی قورس هەبوو. هەندێک لەو هاوڕێ و ئازیزانەی
لە وێنەکاندا لە تەنیشتمان وەستاون، کۆچیدواییان کردووە؛ بەڵام لە ناخماندا هێشتا
دەژین. لە وێنەکاندا گەنجن، پێدەکەنن و چاوەکانیان پڕ لە خەونن؛ وەک ئەوەی کات هەرگیز
دەستی پێیان نەگەیشتبێت. چاوم لە سیمایان دەکرد و لە ناخمدا بە بێدەنگی دەمپرسی:
«ئایا ئێوەش ئێمەتان لەبیرە؟ ئایا لەو جیهانەی ئێوە لێین، ئەڵوەن هێشتا دەڕوات و
باخەکان هێشتا سێبەر دەبەخشن؟»
وەڵامێک نەبوو؛ تەنها بێدەنگییەکی مەند و قووڵ وێنەکانی داگرتبوو، بەڵام
هەندێک بێدەنگی هەن کە لە هەزاران قسە و
دوان دەنگدارترن.
لەو ساتەدا تێگەیشتم
کە مردن هەمیشە توانای بردنی مرۆڤی نییە؛ ناتوانێ هەموو رۆحەکان لەگەڵ خۆی بەرێ و
بیانشارێتەوە. هەندێک کەس کۆچی دوایی دەکەن، بەڵام لە دڵ و بیرەوەریی ئێمەدا ماڵێکی
هەمیشەیی دروست دەکەن. دەنگیان لە بیرماندا دەمێنێتەوە، پێکەنینیان لە وێنەیەکدا هەڵدەگیرێت
و هەر جارێک ناویان دەهێنین، بۆ چرکەیەک دووبارە زیندوو دەبنەوە. ئەوان دێنەوە
دوان و بە گفتولفتی شیرینیان ئۆخژنێکی ئاسمانی دەخەنە دەروونمانەوە. دەمانبەنەوە بۆ
رۆژگارێک کە تێیدا بە هیوای دواڕۆژێکی رووناک دەژیاین!
لەبەردەم ئەو وێنانەدا، جیاوازیی نێوان ئەوسا و
ئێستام بینی. ئەوسا کامێرا کەم بوو، بەڵام چرکەکان بەهادار بوون؛ ئێستا هەزاران وێنە
لە مۆبایلەکانماندا هەن، بەڵام کەمتر لە ناو وردەکارییەکانیاندا دەژین. ئەوسا پێش
ئەوەی کامێرا چرکە بکات، هاوڕێکان لە یەکتر نزیک دەبوونەوە؛ ئێستا زۆرجار دوای
گرتنی وێنە، هەرکەس بەرەو شاشەی خۆی دەگەڕێتەوە.
لەوانەیە جیاوازیی ئەوسا و ئێستا لە جۆری کامێرادا
نەبێت، بەڵکو لە شێوازی ژیانماندا بێت. ئەوسا کەمترمان هەبوو، بەڵام زیاترمان هەست
دەکرد؛ هاوڕێیەتی تەنها ناوێک نەبوو، بەڵکو دانیشتن، وەفا و هاوبەشی بوو. ئەڵوەن تەنها
رووبارێک نەبوو؛ بەشێک بوو لە رۆحمان. باخەکانیش تەنها دار و سێبەر نەبوون؛ شوێنی
خەون و پێکەنین و گەورەبوونمان بوون.
ئەو وێنانە تەنها یادگاریی رابردوو نەبوون؛ ئاوێنەیەک
بوون بۆ ئەمڕۆ. فێریان کردم کە ژیان بە ژمارەی ساڵەکان ناپێورێت، بەڵکو بەو سۆز و
وەفایە دەپێورێت کە لە دوای خۆمان بەجێی دەهێڵین.
ئەمڕۆ تەکنۆلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد دەتوانن وێنەی
کۆن نوێ بکەنەوە، رەنگی بدەنێ و تەنانەت سیمایەکی خامۆش بجووڵێنن، بەڵام هیچ تەکنۆلۆژیایەک
ناتوانێت ئەو هەستە دروست بکاتەوە کە لە بینینی سیمای هاوڕێیەکی دێرین یان لە بیستنی
دەنگی ئەڵوەن لە ناو بیرەوەریدا دادەگیرسێت، چونکە بیرەوەری زانیاری نییە، هەستە.*
ئەلبۆمەکەی کاک پشتیوان بۆ من تەنها دیارییەک نەبوو؛
بانگهێشتێک بوو بۆ گەڕانەوە، نەک گەڕانەوەی جەستە بۆ رابردوو، چونکە کات رێگای پاشەوەی
نییە، بەڵکوو گەڕانەوەی رۆح بۆ ئەو سەرچاوەیەی هێشتا وشەکانم لێیەوە هەڵدەقوڵێن.
ئەلبومەکەم داخست، بەڵام دەرگای بیرەوەرییەکان
داخراو نەبوو. ئەڵوەن لە ناخمدا دەڕۆیشت، باخەکان دووبارە سەوز دەبوونەوە و هاوڕێکان
لە کەناری رووبارەکە پێدەکەنین. ئەو کاتە تێگەیشتم هەندێک وێنە تەنها بۆ ئەوە ناگیرێن
کە رابردوو پیشان بدەن؛ بۆ ئەوە دەمێننەوە کە رۆژێک، کاتێک لە رێگای ژیاندا ماندوو
بووین، دەستمان بگرن و بمانگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنەی هێشتا بەشێک لە خۆمان لەوێ ماوەتەوە.
وێنەکان رەش و
سپی بوون، بەڵام رەنگی ئەو رۆژانەیان گەڕاندەوە کە ژیان سادەتر، هاوڕێیەتی بەوەفاتر
و دڵەکان نزیکتر بوون. لەنێوان ئەو وێنە رەش و سپییانەدا، من تەنها رابردووم نەبینییەوە؛
خۆمم دۆزییەوە. هەندێک لە هاوڕێکانم کۆچیدواییان کردووە، بەڵام بەتەواوی نەڕۆیشتوون،
چونکە تا وێنەیەک بمێنێت و تا ناوێک لە دڵدا بژی و تا بیرەوەرییەک بتوانێت فرمێسکێک
لە چاو بهێنێتە خوارەوە، ئەوانەی خۆشمانویستوون، هەرگیز بەتەواوی کۆچ ناکەن.