شەوێکمان ناشت و رۆژێکمان دەستپێکرد
10/22/2025 6:39:00 PM
عیماد ئهحمهد
بەیانیان پێش سەعات هەشت، لە خەو هەڵدەستم و خەریکی خوێندنەوەی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) و (المرصد) و هەندێ رۆژنامەی دیکە دەبم و قاوەیەک دەخۆمەوە، ئینجا سەرقاڵی کاری رۆژانەی خۆم دەبم.
ئەمجارە هەڵنەستام و لە سەر جێگاکەم مامەوە، کەروێشکە خەوێکم کرد و کەوتمە دەرەوەی زەمان و مەکانەوە!
لەم کەروێشکە خەوەدا؛ کاک ئارامم بە پانتۆڵ و کراسێکی سپییەوە بینی، وتی: هەقبێژ نابیت ئەگەر سودمەندبی لە ناهەقی!
خاڵە شیهاب-م بە هێمنی و ویقارەوە بینی، چرپەیەکی بە گوێی جەعفەر عەبدولواحید-دا کرد و وتی: دەتوانم سەما لەگەڵ گەردەلول بکەم، نەک مشتومڕ لەگەڵ مرۆڤێکی توندڕەو!
وەسفییە خانم بە جلە رەشەکانییەوە بینی، پرسیارێکی لێکردم، وتی: ئەرێ چی دەزانن لەبارەی ئازادیی بیرکردنەوەی مرۆڤەوە؟!
شیکردنەوە فەلسەفییەکەی چییە؟
منیش وتم با پێکەوە گوێ لە قسەی چەند هاوڕێیەکی شارەزا بگرین و بزانین ئەوان چی سەبارەت بەو مەسەلەیە دەزانن؟!
ئازاد هەورامی-مان بەزەردەخەنەوە بینی، وتی: مارکس دەڵێت؛ مەترسیدارترین زیندانەکانی مرۆڤ، ئەوانەنین کە بەشورای بەرز و ئاسنین بنیادنراون، بەڵکو ئەوانەن کە لەناو یادگەی ئادەمیزادا دەسازێن، ئاخر كۆت و بەندەكانی جەستە دەبیندرێن و دەتوانین بیانشکێنین، یان تا ئەوپەڕ لەدەستیان رابكەین، بەڵام کۆت و بەندی عەقڵ لە وێنای یەقین یان باوەڕ و لەوانەشە وەك راستییەكی بەرجەستە، بمێنێتەوە.
مامۆستا مەجید غاندی-مان بە چاویلکە دووربینەکەیەوە بینی، وتی: نیچەی سمێڵ بابڕ دەڵێت: لەبری وەستانەوە و شۆڕش، لاوازیی بە فەزیلەت و چاكەكاریی دەبینێت و ملكەچییەكەشی بە پیرۆزیی وێنا دەكات. لێرەوە ترسناكترین جۆرەكانی دیلیی دەردەكەوێت، كە ئیدی كۆیلەی تەسلیمبوون وەك چاكەیەكی ئەخلاقی و بنەمایەكی ئاكاریی ببەخشێتەوە.
سەلام عەبدولڕەزاق-مان بە چاوه خەواڵوەکەیەوە بینی، وتی: کامۆ فەرمویەتی: كۆیلەبوونی ئارەزوومەنانە پتر درك پێدەكەین، چونكە دەسەڵاتی هاوچەرخ چیتر بۆ كۆیلەكردن پشت بە زنجیر و كەلەپچە و بە زیندان
نابەستێت، بەڵكو ئامرازی ترسناكتری دۆزیوەتەوە، كە وادەكەن تاك خۆی چاودێریی خۆی بكات!
لەدوورەوە عەبدولڕەزاق فەیلی و مامۆستا موحسین-مان بە یەکەوە بینی، نزیکبوونەوە، ئینجا عەممو رەزاق وتی: من ئەوەندە لە شتی فەلسەفی شارەزا نیم، بەڵام شعرێکی حافزی شیرازی-تان بۆ دەکەم بەکوردی:
رووخسارت وەدەرخە
ئەی مانگی تاجی خۆر لەسەرکردووم
تا سەری شەیدام بە عەشقت
وەک زوڵفی خاوت بخەمە ژێر پێیەکانت و
ئاهێک هەڵبکێشم
لە دڵێکی گوناهڕێژەوە
وەک ئەو ئاگرە وابێت گوناهی
ئادەم و حەوای پێ دەسووتێنم
(حافیز) چونکە پشتبەستن بە رۆژگار
تەنیا هەڵە و ملکەچییە
ئیتر بۆچی شادیی ئەمڕۆ
بۆ سبەینێ دوابخەم؟!
مامۆستا موحسینی خاڵێشم وتی: منیش کۆپلەیەکی مەولانا جەلالەدینی رومی-تان بۆ دەکەم بەکوردی:
لە ئەویندا وەک خۆر بە
لە دۆستایەتی و برایەتیدا وەک رووبار
لە شاردنەوەی عەیبدا وەک شەو بە
لە خۆنەویستیدا وەک خاک
لە توڕەبوونیشدا وەک مردوو.
سامی هادی مرۆڤدۆستمان بینی سەیری ئاسمانی دەکرد، بە دەنگی بەرز ئەم دێڕانەی دەوتەوە:
هەڵۆ هەر چەندە عاشقی ئاسمان بێ،
لەوێ هێلانە ناکات!
هەر چەندە بفڕێ سەرئەنجام
لە ئەرز دەنیشێتەوە!
لە ناکاو وەسفییە وتی: عیماد ئەوە پیاوەکەی سەر پارەی (100)دۆلاریی نییە، بەتەنها لە لێواری رووبارەکە دانیشتووە؟! منیش وتم: بەڵێ، ئەوە (بنجامین فرانکلین)ە ،کە پێش نزیکەی (300)ساڵ لەمەوبەر و تویەتی: ئەوەی فەزڵی نان بدات بەسەر ئازادییدا،بە تێپەڕبوونی کات نە نان و نە ئازادیی بۆ نامێنێت.
جارێکی دیکە بەخەبەر هاتمەوە و دنیای فەلسەفە و شیعر و جوانیی لای ئەو ئازیزانەم بەجێهێشت. وەک سونەتی ژیان، شەوێکمان ناشت و رۆژێکمان دەستپێکردەوە.
ژیان ئاوایە هەر لەگەڵ دابارینی تیشکی خۆر، دەبێ بکەوینە جووڵە و بە ئومێد و باوەڕبەخۆبوونەوە،کاری خۆمان ئەنجام بدەین و رانەوستین و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین، چونکە هاتنی رۆژ و شەو بەدوای یەکدا بەردەوامە و راناوەستێت!