نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
1/18/2026 7:59:00 PM
عیماد ئهحمهد
پێشەکی من لەم سەردەمەدا و دوای زەمەنێک ئەم نامەیە بۆ تۆ دەنووسم، تۆی خاوەن
هەڵوێست و داکۆکیکاری راستەقینەی مافی رەوای میللەتی کورد، دەزانی شیوازی شەهیدکردنی
تۆ وای هەژاندم کە ناچاربم ئەم چەند دێرە بە ملوولە باریکەکانی دڵمدا تێپەڕێنم.
با بیزانیت ، ئەم نووسینە کورتە، زاخاودراوە بە بۆنی دایکم و خۆشەویستی
خوشکم و خەمخۆری و پەرۆشیی کچەکم. لێرەدا راستییەک دەدرکێنم، من لە نامەنووسیندا کەم
بەرهەمم، چونکە جگە لە ماوەیەکی دیارییکراونەبێت کە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی
سەدەی رابردوو بوو، کاتێک کە پەردەی شەرمم
دڕاند و دەستمکرد بە نامەنووسین بۆ یارە بێ ناونیشانەکەم!
ئەوکاتانەی باسی دەکەم زۆربەی شەوان نامەیەکی عاشقانەم دەنووسی و لەگەڵ هاژەی
ئەڵوەن رەوانەم دەکرد بۆ نیوەکەی تری دڵم، لەناو ئەو نامەیدا ئەم کۆپلەیە لە قوژبنێکی
بیرەوەرییەکانی ئەو ساڵانەمدا هەر ماوە:
«تامەزرۆی لێوی ئاڵم
شەیدای بۆنی دایکم
چاوەڕوانی دیداری یارم
هەموویان لە بیر دەکەم
کە تۆ دەبینم!»
ئای لە خۆشی و ئازاری ئەم چەند دێرە، کە لەگەڵ تەمەنمدا ژیاوە!
نامەکەی من بۆ تۆ دێنیز، جۆری یەکەم نامەی ماکار دیفوشکین بۆ فارڤارا
دوبروسیلوفیا نییە کە لە یەکەم رۆمانی بەناوبانگی دۆستۆیفسکی بەناو نیشانی(الفقراء)
کە لە ساڵی(1886)دا لە پترسپۆرگ بڵاوبۆتەوە. نامەکەی من لەلایەن تۆوە وەڵام نادرێتەوە،
من ئەو نامەیەم بۆ رۆحی فریشتەئاسات نووسیوە، دەزانم رۆحیش وڵامی نامە ناداتەوە.
دێنیز گیان، تابلۆی تۆ لە نامەکەمدا، بە داخەوە سەرتاپا زەرد و خۆلەمێشییە
وەک دوا تابلۆکانی فانکوخی هۆڵەندی، نەک وەک تابلۆ رەنگاوڕەنگەکانی (ئازاد شەوقی)
خەڵکی سلێمانی.
لە شۆرشی نوێدا، نامە زۆر و زەوەندەکانی رەوانشاد مام جەلال بۆ هەموو لایەک
و ئاستێک و بوارێک، ئامرازێکی بەهێزی گەشەسەندن و پەرەسەندنی شۆڕشی نوێ بوو. یان
نامەکانی کاک مولازم عومەر کە ئەویش لە ناو شۆرشدا بە نامە جوان و کاریگەرەکانی
ناسراو بوو ئەگەرچی بەداخەوە ئەویش ئێستا تاقەتی جارانی نەماوە.
با بێمەوە سەر ئەسڵی مەبەست و نامە ناوازەکەم بۆ تۆ دێنیز بەمجۆرە دەست پێدەکەم:
دوای سڵاو و رێز…
کچە نازدارەکەم؛ تۆ ناسکتر لە گوڵ و بەخێرتر لە باران بوویت، دوژمن ناچاریان
کردی لە جیاتی شاڵی ئاوریشم، چەکی قەناس بخەیتە سەر شان. لەجیاتی گوێگرتن لە سمفۆنیای
بتهۆڤن و مۆزارت، گوێت پڕکرا لە دەنگی دەبابە و هاوەن و چەکی قورس.
رۆڵە ئازیزەکەم؛ دوای شەهیدبونت، وایانزانی کە تۆ لەو بەرزاییەوە
دەخەنە خوارەوە، کۆتایی بە کێشەی رەوای گەلی کورد دەهێنن!
تۆیان لە چەند نهومێکی باڵەخانەیەکەوە خستەخوارەوە، بەڵام تۆ کەوتیتە باوشی
نیشتمان و سەوز بوویتەوە وەک دارئەرخەوانی هەتاهەتایی.
کچە نازدارەکەی نیشتیمانی هەمیشە ڕەشپۆشی من
تۆ هەتا دوا هەناسە، بەرگرییت کرد لە وڵاتەکەت، لەدواییدا بوویت بە ئەستێرە
و بەرزبویتەوە بۆ حەوت تەبەقەی ئاسمان.
دێنیز گیان من دەزانم غەدری مێژوو، باجی جوگرافیا، وامان بەسەردەهێنێت، دۆستایەتی
لەگەڵ برا سەپێنراوەکان، زۆر جار دەرئەنجامەکەی
ئەوان دەبنە دوژمن و دڕندە و دیکتاتۆر بەسەرمانەوە.
دێنیز گیان؛ دەزانیت تۆ و هەڤاڵەکانت، سیستمی گەردونتان گۆڕی، ئێستا رۆژ لای
ئێوە هەڵدێ، نەک ئاوابێ. مێژوو غەدری لە ئێمەی کورد کردووە،ئێستاش بەردەوامە،
مخابن پشتیوانیی لە هەر دەسەڵاتێک دەکەین، کە بازوی زۆرداری بەهێز دەبێت وەک گەلەگورک
پەلامارمان دەدات، لە ئەنفالدا رژێمی دکتاتۆری بەعس، سەرگوڵی چوار ساڵەی لە بیابانی
نوگرەسەلمان بە مەمە شیرەکەیەوە زیندەبەچاڵ کرد،ئێستا لە عیراقی نوێدا سەرگوڵەکان
بێ شیرن و مەمەشیرەکانیان بەتاڵە، بەنیازن لە برسا بیانکوژن.!
دێنیز گیان؛ لەم کاروانەدا هەر خۆت بە تەنیا نیت، لە شاری خانەقین لەیلا
قاسم لە سێدارەدرا. لە تاران ژینا ئەمینیی خەڵکی سەقز بەغەدر کوژرا. لەدياربەکر زەکیە
ئەلکان بە جەستەی خۆی ئاگری نەورۆزی داگیرساندەوە.
دێنیزی جوانەمەرگ؛ دەزانم تۆ ئاهو(ئاسک) و ئەوان جرج، تۆ گوڵ و ئەوان دڕک، تۆ بەلسەم و ئەوان ژەهر، تۆ ژیان و ئەوان
ئاگری دۆزەخن.
لە کۆتایدا دەڵێم: رۆڵە گیان تۆ شەهید و نەمریت، شەهید پیرۆزترین پیرۆزییەکانی
خەباتە. نادادپەروەریش قێزەونترین نەخۆشییەکانی دەسەڵاتە.
هەزار سڵاو و درود لە گیانی بێگەردی تۆ و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری وئاڵای کوردستان شەکاوە بێت ...
15/1/20