سەرکەوتنی پەرلەمانی و ئەرکی نیشتیمانی
11/16/2025 11:36:00 AM
عیماد ئهحمهد
پرۆسەی هەڵبژادنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، بە کەمترین کەمو کوڕی، دەرئەنجامەکەشی بۆ خەڵکی کوردستان بە شێوەی گشتی باش بوو چونکە هەموو لایەک ئەسپی خۆی تاودا و بەرهەمی ماندوبوون و شەونخونی خۆی چنییەوە!
گەلی کوردستان خول بە خولی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر ئاشنای ئەم شێوە خەباتە دەبێت و بە شێوەی گشتی دەنگدەر نرخی بەشداربوونی لەم پرۆسە دیموکراسییەدا دەزانێ و دەشزانێ دەنگ بە کام کاندید، یان لایەن بدات کە داکۆکی لە داخوازییەکانی گەل و نشتیمان بکات.
کە چوومە سەر سەندوقی دەنگدان، دەنگی خۆم بدەم و ویژدانی خۆم ئاسودە بکەم، راستەوخۆ وێنەی خەمبار و دەنگی پڕ حەسرەتی مامۆستا حیکمەت هندیم هاتنەبەر چاو و گوێم، کە چۆن دەیوت: بۆ وا لەم شارە دەکەن.؟
ساڵی(1996) مامۆستا حیکمەت هندی کارگێری کۆمیتەی زانکۆ و پەیمانگەکانی مەڵبەندی سلێمانی بوو، منیش لێپرسراوی مەڵبەندی بووم.
حیکمەت هندی لە ساڵی (1946) لە گەڕەکی چوار باخ لە سلێمانی لەدایکبووە
ئەم هونەرمەندە بەڕێزە پیاوێکی نیشتمان پەروەر و بەهەڵوێست،هەست ناسک، قسە خۆش و بەسۆزە، لە رووی شێوەشەوە ناوشان پان، مەچەک ئەستوور،ئەسمەر و برۆ ئەستور و قایم وەک دار بەڕوو وایە. منیش لەگەل دانانی لستی دەنگدانەکەم لە ناو جیهازەکەدا لە دڵی خۆمدا وتم: ئومێدەوام ئەمجارە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دوای سەرکەوتن و وەدەسهێنانی متمانەی خەڵک، چاکسازیی راستەقینە بکات و خەڵکی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێت و ئیداراتی خۆجێیی سلێمانی و دەوروبەری چاکتربکاتەوە و بە (D-D-T) مێشولەی نەخۆشیی گەندەڵی لە ناو ببات و رەحمەت و ئارامی و ئاوەدانی بەسەر ئەم شارە و سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا ببارێنێت.
سەرەرای کۆسپ و بەربەستەکان کە بێگومان کەمنەبون بەڵام یەکێتی نشتیمانی توانی ڕێبەرایەتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی تەندروست بکات و متمانەی بەشێکی بەرچاویش لە خەڵکی کوردستان بەدەست بێنێت و پارێزگاری لە سەرمایە دیموکراسیەکەی بکات وسەرکەوتێکی ڕێژەیی بەدەست بێنێ.
بەندە بەبێ خواردنەوەی شەرابی (بەهەشت)، بە سەرکەوتنی ئەمجارەی پڕۆسەکە و یەکێتیی مەست بووم و لە دنیای خەیاڵ و ئەندیشەی خۆمدا دەژیام وەک پەپولە لە ناو گوڵزاری دەستکەوتەکانی یەکێتیدا لەم گوڵ بۆ ئەو گۆڵ دەفڕیم! وەک جاری جاران ئامۆژگارییەکانی خاتوو بەهیە مەعروفی دڵشکاو و تەواری بەرزەفڕی یەکێتیی ژنانی کوردستان هاتە یادم، ئەمجارە ئامۆژگارییەکەی جیاواز بوو، سەرەتا پیرۆزبایی کرد و فەرموی: توخوا ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بپارێزن، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگە و رێکخستن و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانی بەفیڕۆ نەدەن، بیکەن بە مایەی یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند بە پێی دەستور، هەوڵی جدیی بدەن لەپێناو چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەتایبەتی کێشەی دارایی کە سەرچاوەی گشت کێشەکانی ترە، چونکە کاتێک باری دارایی خراپ دەبێت کۆمەڵێک دیاردەی ترسناک لەگەڵ خۆی دێنێ، وەک فراوانبوونی تاوان و تەڵاق، فراوانبوونی بێزاری و بێمتمانەیی و رەوکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، فراوانبوونی نەخۆشیی دەروونی و ژینگەی بێ رەوشتی و لادان.
رەوانشاد ست بەهیە مەعروف لە ساڵی (1924) لە سلیمانی لەدایکبوو، لە سەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵی خەباتی سیاسی بووە و سونبولێکی دیاری ناو بزووتنەوەی ژنانی کوردستان بووە، لە ساڵی(1995)بە خزمەتی گەیشتم، وەک نەنکم هاجەر، جێی رێز و خۆشەویستیم بوو.
ماوەیەک لێپرسراوی بەشی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتەکانی یەکێتی بووم لەم بەری زێی بچووک، یەکێتی ژنانی کوردستان پێش ئەوکاتە سەربە مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکانی یەکێتی نەبوو، رەوانشاد مام جەلال خۆی سەرپەرشتیی دەکرد، بەڵام هەم مام جەلال و هەم یەکێتی ژنان پێیان باش بوو، ئیتر بەندە سەرپەرشتییان بکەم. بەڕاستی ئەو رۆژگارە سەردەمی زێرینی یەکێتی ژنان بوو، ژمارەیەک تەوار شانیان دابووە ژێر باری کاری رێکخراوەیی و مەدەنی لە گۆرەپانی سیاسیدا.
منیش پێش کۆتایی بە راشکاوی، بە کورتی و پوختی دەڵێم: پیرۆزە ئەم سەرکەوتنە بۆ گەلانی عیراقی فیدرالی و هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.
بە هیمەتی هەمووان، یەکێتی لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتنێکی سەربەرزانەی بەدەستهێنا و بوو بە خاوەن سەنگێک کە بتوانێت رۆڵی باشی خۆی لە پرۆسەی سیاسی و حکومرانی عیراقدا ببینێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە پێش هەموو شتێک هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بکات و دەستبخاتە سەر هەڵە و کەموکوڕییەکان، بۆئەوەی دووبارە نەبنەوە، چونکە شێوەی خەباتی دیموکراسی و مەدەنی و پەرلەمانی بۆتە شێوەی سەرەکی خەباتی سیاسی لە وڵاتدا، هەروەها دەبێت باش و قووڵ لە یاسای (سانت لیگۆ) و هونەری پرۆسەی هەڵبژاردن تێبگەین، کە بە هۆی نەزانین، یان حیساب بۆ نەکردن بۆ وردەکارییەکانی ئەم یاسایە، ئەمجارە هەڵە و زەرەری دیار و بەئازارمان بەرکەوت، سەرەڕای سەرکەوتنەکەمان، بەڵام دەمانتوانی دەستکەوتی باشترمان هەبێت.
بێشەک هاوسەنگی پەرلەمانی لە سەرتاسەری عیراقی فیدراڵدا گۆراوە، هێزی پەرلەمانی نوێ هاتۆتە مەیدان و مۆزایکی هێزی پێکهاتە و لایەنەکان وەک جاران نەماوە، پێویستە دوای نەمانی تای هەڵبژاردن، بزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیە دەکەین و بشزانین لەگەڵ کێ هاوپەیمانیەتی دەکەین، ئەمەش لە پێناو مسۆگەرکردنی مافی رەوای گەل و پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمەکەمان.