13وتار

لە بازاڕی هەواڵدا، راستی بە چەند دەفرۆشرێت؟

7/23/2026 1:18:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

هەندێک سەردەم هەن کە مێژوو بە خوێن دەنووسرێت، هەندێکیش بە قەڵەم، بەڵام سەردەمی ئێمە لەوانەیە یەکەم سەردەم بێت کە بە هەواڵ دەنووسرێت. هەواڵ ئیتر تەنیا گواستنەوەی رووداو نییە؛ خۆی رووداو  و هەڵوێست دروست دەکات، بازاڕی بیر و باوەڕ دروست دەکات، متمانە بنیات دەنێت، یان دەیشکێنێت و هەندێک جار چارەنووسی نەتەوەکان دەگۆڕێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەر کەسێک زووترین دەنگ بگەیەنێت، هەمیشە ئەوە نییە کە نزیکترین کەس بێت لە ڕاستی.

جیهان لە قۆناغێکی نوێی پڕ لە گۆڕانکاریدایە. هاوسەنگیی هێزە گەورەکان دەگۆڕێت، جەنگەکان تەنیا لە سنوورەکاندا روو نادەن؛ لە بازاڕی وزە، ئابووری، تەکنەلۆژیا، زیرەکیی دەستکرد و میدیاشدا بەردەوامن. لەم سەردەمەدا زانیاری بووەتە هێز و هێز تەنیا بە داگیرکردنی خاک ناپێورێت؛ ئەوەی بتوانێت بیر و هەستی مرۆڤ بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی، دەتوانێت ئاراستەی داهاتووی بڕیارەکانیش دیاری بکات. بۆیە پێش ئەوەی جەنگ لەسەر خاک بکرێت، لەناو هۆش و ویژدانی مرۆڤدا دەکرێت.

عیراق هێشتا لەنێوان هیوای چاکسازی و بارگرانیی کێشە مێژووییەکاندا دەجووڵێت. هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا، دژایەتی گەندەڵی، سنووردارکردنی هێزی چەکدار و گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان، رێگایەکی ئاسان نییە. هەر چاکسازییەک بەرژەوەندییەکی کۆن دەهەژێنێت و هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕان، هاوکات دەنگی پاڵپشتی و دژایەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. لەو نێوانەدا ئەگەر هەواڵ لە ویژدان داببڕێت، بە ئاسانی دەبێتە ئامرازێک بۆ شێواندنی رای گشتی.

لە هەرێمی کوردستانیش، کاتێک هاوڵاتیان چاوەڕوانی چارەسەری کێشەی مووچە، ئابووری، خزمەتگوزاری و داهاتوویەکی روونترن، لەم نێوەندانەدا، زۆرجار ململانێی دەسەڵات و  لایەنە سیاسییەکان لە گفتووگۆی بەرنامەییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ململانێی میدیایی. لەو بۆشاییەدا بانگەشە، باوەڕ و زانیاریی ناتەواو بە خێرایی جێگای راستی دەگرنەوە و هاووڵاتی لەنێوان دەنگە زۆرەکاندا بەزەحمەت دەتوانێت راستی لە ناڕاستی جیابکاتەوە.

ئەمڕۆ میدیا تەنیا ئاوێنەی کۆمەڵگا نییە؛ بەشێکە لە دروستکردنی کۆمەڵگا. بە یەک هەواڵ، دەکرێت ئارامی دروست بکرێت، هەروەها دەکرێت ترس و ناڕەحەتی بخوڵقێت. دەکرێت متمانە بنیات بنرێت، یان لە چەند خولەکێکدا وێران بکرێت. هەر بۆیە بەرپرسیاریی ئەخلاقی میدیایی لە هیچ کاتێکدا وەک ئەمڕۆ قورس نەبووە.

سۆشیال میدیا و زیرەکیی دەستکرد، لەگەڵ هەموو دەرفەتە گەورەکانیان، بازاڕێکی تازەیان دروست کردووە؛ بازاڕێک کە تێیدا خێرایی زۆرجار، لە دروستیی لەپێشتر دەبێت، مانشێت لە ناوەرۆک گرنگتر دەبێت و ژمارەی بینین جێگای بەڵگە دەگرێتەوە. لەو بازاڕەدا، درۆ بە جل و بەرگی راستییەوە دەردەکەوێت و راستی ناچارە بە هێمنی بەدوای متمانەی لەدەستچوویدا بگەڕێت. گەورەترین مەترسیی سەردەمی زانیاری ئەوە نییە کە زانیاریی کەمە؛ ئەوەیە زانیاریی زۆرە، بەڵام بەویژدانبوون کەمە.

مەترسیی گەورە ئەوە نییە کە درۆ هەبێت؛ درۆ هەمیشە هاوڕێی مێژوو بووە. مەترسیی راستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ هێدی هێدی توانای پرسیارکردن، لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە لەدەست بدات. کاتێک هەر شتێک بەبێ بەڵگە و بەبێ بیرکردنەوە باوەڕپێکراو بێت، ئازادیی بیرکردنەوە دەخریتە مەزادەوە.

کوردستان و عیراق لەم قۆناغە هەستیارەدا، پێویستیان بە زمانێکی ئارام، میدیایەکی بەرپرسیار و سیاسەتێکی هۆشیار هەیە. ئەوەی گەل دەپارێزێت تەنیا سامان و دەسەڵات نییە؛ متمانەی نێوان هاوڵاتی و دامەزراوەکانە، ئەگەر ئەو متمانەیە بشکێت، هیچ سەرکەوتنێکی سیاسی، هیچ سەرمایەیەکی ئابووری و هیچ بانگەشەیەکی میدیایی ناتوانێت جێگای بگرێتەوە.
پرسیارەکە هێشتا بە هەمان قووڵییەوە لەبەردەممانا وەستاوە: لە بازاڕی هەواڵدا، راستی بە چەند دەفرۆشرێت؟

لەوانەیە راستی هیچ نرخێکی لە بازاڕدا نەبێت، بەڵام هەمیشە نرخێکی ئەخلاقی هەیە. هەر کاتێک ویژدان، بەرپرسیاری و متمانە لە بازاڕی سیاسەت و میدیا کەم ببنەوە، نرخی راستی بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر راستی بفرۆشرێت، هەر تەنیا وشەیەک ناچێتە مەزادەوە؛ بەڵکو متمانەی خەڵک، ئایندەی کۆمەڵگا و مانای مرۆڤایەتیش لەگەڵیدا دەچنە بازاڕەوە.

راستی هەرگیز کاڵایەکی بازرگانی نەبووە؛ چرای رێگای کۆمەڵگایە. کاتێک ئەو چرایە خامۆش دەبێت، درۆ تەنیا هەواڵ نافرۆشێت، بەڵکو تاریکیی دەفرۆشێت. ئەو کۆمەڵگایەی راستی لەدەست بدات، تەنیا داهاتووی خۆی لەدەست نادات؛ توانای جیاکردنەوەی رووناکی لە تاریکی و ویژدان لە بانگەشە، لەدەست دەدات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن