کوردستانی نوێ؛ با ناوەکەی لە ناوەڕۆکیدا بژی
10/29/2026 11:24:00 AM
عیماد ئهحمهد
بەیانیان، پێش ئەوەی بچم بۆ دەوام،
"کوردستانی نوێ" هەڵدەدەمەوە؛ لاپەڕەکانی تاوتوێ دەکەم و هەندێک بابەت دەخوێنمەوە.
ئەمە تەنها خوویێکی ڕۆژانە نییە؛ دیدارێکە لەگەڵ هاوڕێیەکی دێرین، کە ساڵانێکە بەیانیان
دەرگام لێ دەدات. هەندێک جار هەواڵێکم بۆ دێنێت، هەندێک جار بیرەوەرییەکم بۆ دەبووژێنێتەوە
و جارێکیش پرسیارێک لە دڵمدا دەچێنێت.
ئەمڕۆش، وەک ڕۆژانی تر، بە هەردوو دەستم
ئەملاوئەولای ڕۆژنامە پانەکەم گرتبوو و لەبەرچاوم کردبوومەوە. خەریکی خوێندنەوە
بووم، لەپڕ سێ کوکوختی لە دەرەوە، لەسەر پەنجەرەی ژوورەکەم نیشتنەوە. سەرم هەڵبڕی؛
ئەوەی ناوەڕاستیان، وەک بڵێی لەمێژە دەیناسم، هاتە قسە:
ـ سێ پەیاممان بۆ هێناون؛ بە یەک مەبەست،
یەک دید و یەک خەون. سێ هاوڕێی دێرینی ڕۆژنامەکەتان ناردوویانین: مامۆستا حەمە نوری
تۆفیق، عەباس بەدری و مستەفا ساڵح کەریم؛ ئەوانەی ئێستا لە دنیایەکی تردان، بەڵام
هێشتا دڵیان لای ئەم لاپەڕانەیە.
ڕۆژنامەکەم کەمێک نزم کردەوە. لە خەیاڵمدا
ڕووخساری هەر سێکیان پەیدا بوو؛ وەک ئەوەی لە پشت پەنجەرەکەوە چاویان لە ژمارەی ئەمڕۆ
بێت.
کوکوختییەکە بەردەوام بوو:
ـ دەڵێن کوردستانی نوێ، یەکەم ڕۆژنامەی
ڕۆژانەی کوردیی دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ١٩٩١، دەستەگوڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان بوو بۆ رۆژنامەگەریی کوردستان. خۆتان دەزانن مام جەلال چەند دڵی لای سەرکەوتن
و پێشکەوتنی بوو. ئێستا، دوای زیاتر لە سی و چوار ساڵ، کاتی ئەوە نەهاتووە گۆڕانکارییەکی
تێدا بکرێت؟
بێ دوودڵی، لە دڵی خۆمدا وتم: ڕاست دەکەن.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونم لە مەکتەبی ڕاگەیاندن
و هۆشیاری، سەروتارێکم بۆ "کوردستانی نوێ" نووسی؛ سەبارەت بە پێویستیی
نوێبوونەوە و گەشەکردنی ڕۆژنامەکە. ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ، پێویستە
بگەڕێینەوە سەر ئەو رێنماییانە و بزانین چییان لێ بەدەست هاتووە و چی هێشتا چاوەڕێی
کارە. با بە هەڵسەنگاندنێکی راستگۆیانە و هەنگاوی کرداری، خەرمانی ئەو هەوڵانە پڕبەرەکەتتر
بکەین؛ تا نوێبوونەوە لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکەدا ببینرێت و خوێنەر لە ناوەڕۆکەکەیدا
هەستی پێ بکات.
بەردەوامبوونی رۆژنامەیەک بەم هەموو ساڵە،
لەناو ئەو هەموو گۆڕان و تەنگانەیەدا، خۆی سەرکەوتنێکی گەورەیە. لە پشت هەر ژمارەیەکەوە،
شەونخوونی و ماندووبوون و خەمی کۆمەڵێک مرۆڤ هەیە. بۆیە، وەک لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن
و هۆشیاری، دەستخۆشی و پێزانینم ئاراستەی هەموو سەرنووسەرەکانی، جێگرانیان، ئەندامانی
سکرتاریەتی نووسین، نووسەران، پەیامنێران، وێنەگران، دیزاینەران و کارمەندان دەکەم؛
لە ژمارەی سفرەوە تا ژمارەی «٩٧٧٢»ی ئەمڕۆ، «٢٧/١٠/٢٠٢٦». هەر یەکەیان بەشێک لە تەمەنی
خۆیان کردووەتە تەمەنی ئەم ڕۆژنامەیە.
لە باسکردنی کوردستانی نوێ-دا، چۆن دەکرێت
مام جەلال لەبیر بکەین؟ لە رۆژی یەکەمەوە تا ئەو کاتەی نەخۆشی لە کاری رۆژانە دووری
خستەوە، پشتیوان و خوێنەر و چاودێری رۆژنامەکە بوو. لە نێوان ئەو هەموو ئەرک و سەرقاڵییەدا،
بۆ خوێندنەوە و بەدواداچوونی ناوەڕۆکەکەی کاتی تەرخان دەکرد و گرنگیی بە وردەکارییەکانی
دەدا؛ چونکە دەیزانی رۆژنامە بەشێکە لە پەیوەندیی نێوان سەرکردایەتی و خەڵک و ئاوێنەیەکە
بۆ بینینی کەموکوڕییەکانمان. نەخۆشی لە چاودێریی رۆژانە دووری خستەوە و ماڵئاوایی
هەتاهەتاییشی جێگایەکی بەتاڵی جێهێشت؛ بەڵام ئەو گرنگییەی بە وشە و رۆژنامەگەری دەدا،
ئەمانەتێکە لە ئەستۆی ئێمە. وەفاداری بۆ ئەو ئەمانەتەش لەوەدا دەردەکەوێت کە
کوردستانی نوێ بتوانێت دەنگی خەڵک ببیستێت و بە راستگۆیی بیگەیەنێت.
رێزگرتن لە رابردوو، بەرپرسیارێتیی ئێمە
لەبەرامبەر داهاتوو قورستر دەکات. لە تەنیشت ئەو پرسیارەی چەند ژمارەمان دەرکردووە،
دەبێت بپرسین: چەند خوێنەرمان رازی کردووە؟ چەند راستیمان ڕوون کردووەتەوە؟ چەند کێشەمان
خستووەتە بەردەم چارەسەر؟
خوێنەری ئەمڕۆ، پێش ئەوەی رۆژنامەکە
بگاتە دەستی، زۆربەی هەواڵەکانی لە مۆبایلەکەیدا بینیوە. ئەوەی لە ئێمەی دەوێت، تێگەیشتنە:
بۆچی روویدا؟ کاریگەریی چییە؟ پەیوەندیی بە ژیان و داهاتووی ئەوەوە چییە؟ بۆیە پێویستمان
بە راپۆرتی مەیدانی، بەدواداچوون، لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی ڕوون هەیە؛ نووسینێک کە
خوێنەر دوای خوێندنەوەی، هەست بکات شتێکی فێر بووە و تێگەیشتنی بۆ رووداوەکان قوڵتر
بووەتەوە.
دەبێت خەڵک خۆیان لە لاپەڕەکانماندا ببیننەوە؛
مامۆستا و کرێکار، خانەنشین و کارمەند، ژن و گەنج. دەنگیان بەردەوام ببیسترێت و ئەزموون
و پێشنیاز و سەرکەوتنەکانیان جێگای خۆیان هەبێت. رۆژنامەکە دەبێت بگاتە ناو ژیانی
خەڵک و دەرگایەکی کراوەش بۆ گەیشتنی دەنگی ئەوان بێت.
کوردستانی نوێ ناسنامە و رێبازی خۆی هەیە.
بەهێزکردنی ئەو ناسنامەیە پێویستی بە ڕاستگۆیی و بوێری هەیە. داکۆکیکردن لە یەکێتی
بەوە بەهێز دەبێت کە رۆژنامەکە بتوانێت کەموکوڕی ببینێت، پرسیاری جددی بکات و دەنگی
رەخنەی بەرپرسیارانە بگەیەنێت. متمانەی خوێنەر کاتێک بەهێز دەبێت کە بزانێت رۆژنامەکە
لە ئاشکراکردنی راستی ناکۆڵێتەوە و گوێ لە دەنگی جیاواز دەگرێت.
رووخساری رۆژنامەکەش پێویستی بە پێداچوونەوە
هەیە. پێشنیاز دەکەم بۆ ساڵی داهاتوو، بە راوێژی پسپۆڕان، لۆگۆ و دیزاین و شێوازی
رێکخستنی لاپەڕەکان نوێ بکرێنەوە؛ بە پاراستنی ئەو ناسنامەیەی خوێنەر پێی ئاشنایە.
جۆر و قەبارەی پیتەکان رێکتر بخرێن؛ پیتەکان زیاتر بە رێنووسی یەکگرتووی کوردی
بنووسرێن و شێوازی ژمارەکانیش لە سەرتاپای رۆژنامەکەدا یەکسان بێت. ئەم وردەکارییانە
بەشێکن لە رێکوپێکی و جوانیی ڕۆژنامەکە. جوانیی لاپەڕە دەبێت خوێندنەوە ئاسان بکات
و هەر بابەتێک بەگوێرەی بایەخی خۆی جێ بگرێت.
ناوەڕۆک دەبێت لە پێشەوەی ئەم گۆڕانکارییە
بێت. لۆگۆی نوێ پێویستی بە بیرۆکە و بابەتی نوێ هەیە. دەبێت دەرفەت بۆ قەڵەمە تازەکان
بکرێتەوە و ئەزموونی هاوڕێ دێرینەکان بگوازرێتەوە بۆ نەوەی گەنج. ئەزموون و وزەی گەنجی،
کاتێک لەگەڵ یەکدا کار بکەن، دەتوانن رۆژنامەکە هەنگاوێکی گەورە پێش بخەن.
لە سەردەمی زیرەکیی دەستکردیشدا، دەبێت
بە ئاگایی سوود لە ئامرازە نوێیەکان وەربگرین؛ بۆ ئەرشیفکردن، گەڕان و ڕێکخستنی
کار. پشکنینی زانیاری، پاراستنی زمان و بەرپرسیارێتیی بڵاوکردنەوەش هەر لە ئەستۆی
رۆژنامەنووسە. هەر وشەیەک کە دەگاتە خوێنەر، دەبێت کەسێک بەرپرسیارێتیی راستی و
دروستییەکەی هەڵبگرێت.
وەشانی چاپی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانیش
دەبێت تەواوکەری یەکتر بن. ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت بە زمانێکی روون و
شێوازێکی گونجاو، ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکە بگەیەننە خوێنەری زیاتر و دەرفەتی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ
لەگەڵیدا بڕەخسێنن. هەروەها، ئەرشیفی ئەم هەموو ساڵە سامانێکی مێژووییە؛ پێویستە
بپارێزرێت و گەیشتن پێی ئاسان بکرێت، تا ببێتە سەرچاوەی توێژینەوە و ناسینی بەشێک
لە ژیانی سیاسی و رۆشنبیریی گەلەکەمان.
ئەم پێشنیازانە بۆ جێبەجێکردن پێویستیان
بە بەرنامە و کاتی دیاریکراو و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی هەیە. با هەر سێ مانگ جارێک،
بە بەشداریی ستاف و گوێگرتن لە خوێنەران، هەڵسەنگاندنێک بکەین؛ بزانین چی باشتر
بووە، چی کاریگەریی نەبووە و چی دەبێت بگۆڕدرێت. ئەوەی خۆمان دەینووسین، دەبێت خۆشمان
بتوانین بە چاوی ڕەخنەوە بیخوێنینەوە.
سەرم هەڵبڕییەوە؛ سێ کوکوختییەکە فڕیبوون.
پەنجەرەکە چۆڵ بوو، بەڵام پرسیارەکەیان لە ژوورەکەم مابووەوە.
ڕۆژنامەکەم داخست و دەستم لەسەر ناوەکەی
دانا: کوردستانی نوێ...
راستە ڕووی قسەم لە کوردستانی نوێ-یە،
بەڵام مەبەستم هەردوو بۆردی ڕاگەیاندن و بۆردی هۆشیاریشە. لەم سەردەمەدا کە دنیای
راگەیاندن بە خێرایی پێش دەکەوێت، پێویستە ئەوانیش قۆڵی نوێبوونەوە و چاکسازی هەڵبماڵن؛
زاخاو بە بیر و شێوازی کارکردنیان بدەن و خۆیان بۆ داواکارییەکانی ئەمڕۆ ئامادە بکەن.
خزمەتکردنی گەل و نیشتمان پێویستی بە گوێگرتن لە خەڵک، تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکان
و بوێریی نوێبوونەوە هەیە؛ تاکو قسەمان بگاتە دڵی خەڵک و کارمان شوێنێکی دیار لە ژیانیاندا
جێ بهێڵێت.
بیرم کردەوە: ئەوانەی ئەم ناوەیان هەڵبژارد،
خەونێکیان بۆ داهاتوو هەبوو. ئەمڕۆ ئەرکی ئێمەیە ئەو خەونە بە کاری ڕۆژانە زیندوو ڕابگرین.
با لە ساڵی داهاتوودا، خوێنەر گۆڕانکارییەکە بە چاوی خۆی ببینێت و لە ناوەڕۆکەکەیدا
هەستی پێ بکات؛ با "نوێ" هەمیشە لە لاپەڕەکانی کوردستانی نوێ-دا بژی.