7وتار

سەفەر لەگەڵ با

9/14/2026 12:07:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

با بە ئارەزووی خۆی هەنگاو دەنێت؛ نە ڕێگەی دیاریکراوی هەیە، نە سنوور دەناسێت و نە مۆڵەت لە کەس وەردەگرێت. جارێک وەک شنەبایەکی نەرم بەسەر ڕووی ئاو و گەڵای دارەکاندا تێدەپەڕێت، جارێکیش وەک تۆفانێکی تووڕە، دەرگا و پەنجەرەکان دەلەرزێنێت. خۆی دەکاتە میوانی هەموو شوێنێک: باخ و بیابان، شاخ و دەشت، شار و گوند. هەمووان هەستی پێ دەکەن، بەڵام کەس ناتوانێت دەستی بگرێت.

لە باخچەدا، با بۆنی گوڵەکان هەڵدەگرێت و بەسەر ڕێگەدا دابەشی دەکات؛ وەک دەستێکی بەخشندە کە جوانی تەنیا بۆ خۆی ناهێڵێتەوە. لەسەر ڕووبار، بە پەنجە نەرمەکانی شەپۆل دروست دەکات و ئاو فێری سەما دەکات. لە بیاباندا، خۆڵ هەڵدەستێنێت و شوێن پێی ڕێبواران دەسڕێتەوە؛ وەک ئەوەی بیەوێت بڵێت: هیچ هەنگاوێک لەسەر خاک بۆ هەمیشە نامێنێتەوە.
با، باڵی باڵندەکان پڕ لە هێز دەکات و ڕێگەی ئاسمانیان نیشان دەدات. هەندێک جار بە نەرمی بەرەو هێلانەیان دەباتەوە و هەندێک جاریش بە تووڕەیی لە ئاراستەکەیان لایان دەدات؛ بەڵام باڵندە فێری کردووین لە بەرامبەر بادا نەوەستین، بەڵکو باڵەکانمان لەگەڵ ئاراستەکەیدا بگونجێنین. چونکە ژیانیش وەک فڕینی باڵندەیە: ئاسمان هەمیشە ئارام نییە، بەڵام ئەوەی باڵی هەبێت، لەنێو تۆفانیشدا ڕێگەی گەڕانەوە بۆ هێلانە دەدۆزێتەوە.

با تەنیا دیاردەیەکی سروشتی نییە؛ زمانێکی بێدەنگی ژیانە. کاتێک بە نەرمی بە ڕووماندا تێدەپەڕێت، وەک دەستی دایکێک هەستی پێ دەکەین بەسەر ڕوخساری منداڵەکەیدا. کاتێکیش بە تووڕەیی دەکەوێتە گیانی دارەکان، وەک ئەوەیە دوای ساڵانێک بێدەنگی، ڕێگەی دەربڕینی هەڵچوونەکانی دۆزیبێتەوە.

هێمنی و تووڕەیی، هەردووکیان لە سروشتی بادان. مرۆڤیش هەر وایە؛ جارێک دڵی باخێکی پڕگوڵە و جارێک دەبێتە بیابانێکی وشک. جارێک وشەکانی وەک شنەبا ڕۆحی خەڵک ئارام دەکەنەوە و جارێکیش تووڕەیییەکەی ماڵ و ژیان دەخاتە لەرزین. جیاوازییەکە تەنیا لەوەدایە کە با بە سروشتی خۆی دەجووڵێت، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت ئاراستەی هەنگاوەکانی هەڵبژێرێت.

بێ با، هەوا دەوەستێت، گەڵا ناجووڵێت و کەشتییەکان لەناو دەریادا مات دەبن. بێ گۆڕانیش، ژیان دەبێتە گۆماوێکی بێجووڵە. لەبەر ئەوە، نابێت لە هەموو بایەک بترسین؛ هەندێک با تەنیا بۆ ئەوە دێت تۆزی ڕابردوو لەسەر دڵمان بتەکێنێت و پەنجەرەیەک بەرەو ڕووناکی بکاتەوە.

بەڵام هەندێک جاریش با نرخێکی گران لە ژیان وەردەگرێت؛ دار دەرفێنێت، سەربان دەڕووخێنێت و کەشتی لە ئاراستەکەی لادەدات. لەو ساتانەدا دەزانین کە هێز، ئەگەر بە بەرپرسیارییەوە بەکارنەهێنرێت، جوانی دەگۆڕێت بۆ وێرانی. ئەمە تەنیا ڕاستییەکی سروشتی نییە، بەڵکو دەرسێکیشە بۆ دەسەڵات. هەر دەسەڵاتێک دەتوانێت وەک شنەبا ئارامی و ئومێد بڵاو بکاتەوە، یان وەک تۆفان ژیانی خەڵک لە بنەڕەتەوە بهەژێنێت.

نرخی با بە پارە ناپێورێت؛ بە هەناسە، بە جووڵە و بە ژیان دەپێورێت. با هەموو شتێک دەجووڵێنێت، بەڵام خۆی نابینرێت؛ وەک خۆشەویستی، وەفا و ئازادی کە بە چاو نابینرێن، بەڵام بوونیان بە دڵ هەست پێ دەکرێت.

سەفەر لەگەڵ بادا فێرمان دەکات کە ژیان لە وەستاندا نییە، لە جووڵەدایە؛ لە گەیشتن بە کۆتایی ڕێگە نییە، لە بەردەوامیی هەنگاوەکاندا. با بەردەوام دەڕوات و لە هیچ شوێنێک نیشتەجێ نابێت، بەڵام لە هەموو شوێنێک نیشانەیەک بەجێ دەهێڵێت: گەڵایەکی لەرزیو، شەپۆلێکی بچووک، هێلانەیەکی گەرم، یان بیرەوەرییەکی دوور.

خوایە، چەند دڵخۆش و پڕ لە شانازیم، کاتێک ئاڵای کوردستان بە شەکاوەیی لە بەرزایی قەڵای هەولێر، پایتەختی هەرێم، دەبینم کە بە باوە شەپۆل دەدات. لەو ساتە پڕشکۆیەدا، ئاڵاکە تەنها پارچە قوماشێکی ڕەنگین نییە؛ بەڵکو لە هەر شەپۆلێکیدا گرانیی ساڵانی خەبات، خوێنی پاکی شەهیدان، ئارەقی نێوچەوان و ماندووبوونی پێشمەرگە دەبینم. ئەو دیمەنە بۆ من تابلۆیەکی زیندووی قوربانی، سەربەرزی و ئومێدە؛ تابلۆی گەلێک کە بە خوێن و فرمێسک، ئاڵاکەی بەرز کردووەتەوە.

لە کۆتایی ئەم سەفەرەدا دەزانین ئێمەش وەک با ڕۆژێک تێدەپەڕین؛ گرنگ ئەوە نییە چەند خێرا ڕۆیشتووین، بەڵکو ئەوەیە لە ڕێگەی خۆماندا چی‌مان جووڵاندووە، کام تۆزمان سڕیوەتەوە و چ بۆنێکی خۆشمان لە دڵی خەڵکدا بەجێ هێشتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن