8وتار

مام جەلال دەگمەن بوو، سەفەریش سەنگی مەحەک

6/4/2026 1:08:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

هەندێک پیاو، تەنیا لەسەر کورسیی دەسەڵات دانانیشن؛ بەڵکو لە ناخ و یادەوەریی خەڵکدا نیشتەجێ دەبن. سەرۆک مام جەلال لەو جۆرە پیاوانە بوو؛ پیاوێک کە لە گەرمەی سیاسەتدا دڵی گەرم بوو، لە سەختترین قۆناغەکانی مێژووی کوردستاندا، خەندە و هیوای لەبیر نەدەکرد. سەفەرکردن  لەگەڵیدا، تەنیا هاوڕێیەتیی رابەرێکی سیاسی نەبوو؛ بەڵکو گەشتێک بوو بۆ ناسینی مرۆڤێکی خاوەن کاریزما و رۆحێکی سادە و مرۆڤانە کە پڕ بوو لە وزە و گەرمیی.

لە ساڵی 1994ەوە، وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی، زۆر جار لەگەڵ سەرۆک مام جەلال بووم لە سەفەرەکانیدا بۆ وڵاتانی دەوروبەر و ئەوروپا، تا نەخۆشکەوتن و سەفەرە هەتاهەتاییەکەی؛ لە وەفدە سیاسییەکاندا و لە دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆکان و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە. ئەو سەفەرانە بۆ من هەر بەشدارییکردن لە چالاکیی سیاسیدا نەبوون؛ بەڵکو قوتابخانەیەک بوون بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و چۆنێتی بەرایەتی. لەو رێگایانەدا فێری ئەوە بووم کە گەورەیی تەنیا دەسەڵات نییە؛ بەڵکو ئەو دڵفراوانییەیە کە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگەیەوە دڵی خەڵک بەدەستبهێنێت.

دەەڵێن: «سەفەر و مامەڵە سەنگی مەحەکە.» راستیش وایە؛ چونکە مرۆڤ لە سەفەردا وەک خۆی دەردەکەوێت، بێ پەردە و بێ جوانکاریکردن. مام جەلال لە سەفەردا جیاوازتر دەردەکەوت، سەرەرای ئەو کاریزما و ناوبانگە  سیاسییەی هەیبوو، لە نزیکەوە مرۆڤێکی زۆر خاکەڕا، قسەخۆش و نوکتەزان، خۆشەویست و نزیک لە دڵی هاوڕێکان بوو. هەوڵی دەدا هەمووان هەست بە ئارامی و خۆشی بکەن، تەنانەت لە ناو گەرمەی چاوپێکەوتنە سیاسییە گرنگەکانیشدا. زۆرجار بە نوکتەیەکی کورتی خۆی، ماندووبوونی رۆژێکی درێژ و قورسی دەشکاند و هەوایەکی ئارامی بە دەوروبەری خۆیدا دروست دەکرد.

لە زۆر سەفەردا سەرنجی ئەوەم دەدا کە مام جەلال، پێش ئەوەی بیر لە پرۆتۆکۆلی فەرمی  بکاتەوە، بیری لە مرۆڤ دەکردەوە. لە فرۆکەخانەکان، لە ئۆتێلەکان، یان لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا، لە پرسیاری بچووکەوە بۆ گرنگترین بابەتە سیاسییەکان، هەمیشە هەوڵیدەدا کەسەکەی بەرامبەر هەست بە نرخ و گرنگیی خۆی بکات. ئەو تایبەتمەندییە، کە زۆرجار لە سیاسەتدا ون دەبێت، لەلای مام جەلال بە ئاشکرا دیار بوو.

مام جەلال گوێگرێکی باش بوو. زۆرجار پێش ئەوەی قسە بکات، گوێی دەگرت، حەزی بە تێگەیشتن هەبوو. لەبەرئەوەش بوو کە دەتوانی لەگەڵ جیاوازترین کەسایەتی و بیرکردنەوەکاندا گفتوگۆ بکات و پلەیەک لە متمانە دروست بکات. لە دیدارە سیاسییە سەختەکانیشدا، هەستت دەکرد قسەکانی تەنیا بۆ قایلکردن نییە، بەڵکو بۆ نزیککردنەوەی دڵ و بیروبۆچوو نەکانە.

هەندێک جاریش لە ناو سەفەرەکاندا، دوور لە میدیا و فەرمییەت، رووی مرۆڤانەتر و دڵناسکەکەی دەردەکەوت. قسەی لەسەر مێژوو، ئەدەب، شیعر و بیرەوەرییەکان دەکرد. هەستت دەکرد لە پشتی ئەو پیاوە سیاسییە گەورەیە، رۆحی ڕۆشنبیرێک و دڵی مرۆڤێکی پڕ سۆز هەیە. شاید هەر ئەوە بوو کە زۆر کەس، پێش ئەوەی وەک سەرۆک سەیری بکەن، وەک مرۆڤ خۆشیان دەویست.

سەرەرای کاریزما و هێزی سیاسیی تایبەت، مام جەلال لە سەفەردا خۆی لە پێستی «کەسی یەکەم» دەردەهێنا و دەبوو بە هاوڕێیەکی نزیک؛ دەم بەخەندە، خاکیی، کراوە و بەخشندە بوو. تەمەن و پلە و پایەی خۆی نەدەکردە دیوارێک لەنێوان خۆی و هاوڕێکانیدا. نەک هەر لەگەڵ ئەندامانی وەفدەکە و سکرتاریەت، بەڵکو لەگەڵ پاسەوان و شۆفێر و خزمەتگوزارەکانی وڵاتی میوانیش بە رووخۆشی و رێزەوە هەڵسوکەوتی دەکرد؛ هەندێک جاریش بە دەستی یارمەتی و بەخششەوە.

مام جەلال زۆر گرنگی بە رێکو پێکی دەدا؛ جلوبەرگی جوان، بۆینباخی سوور و کراسی سپی. پابەندبوون بە کات و وادەی دیدارەکان و دوا نەکەوتن لە وادە. لە کۆبوونەوەکاندا شێخی شارەزایی بوو؛ دەیزانی چۆن قسە دەستپێبکات و چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی پێبهێنێت. کاتێک قسەی دەکرد، هێدی هێدی دەچووە ناو مەبەستەکەوە و بەرانبەرەکانی سەرسام دەکرد بە زانیاری و شارەزاییی فراوانی لە بوارەکانی مێژوو، ئەدەب و سیاسەتی وڵاتەکاندا. زۆر جار لە سیمای بەرانبەرەکانیدا رێز و سەرسوڕمانت دەبینی.

بۆ سەرۆک مام، سەفەر تەنیا گواستنەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر نەبوو؛ هەناسەدانێک بوو لە دەرەوەی ئەرکە فەرمییەکان و ئازادبوونێک بوو لە زیندانی «کەسی یەکەم». 
حەزی لە خواردن، بە تایبەتی خواردنی ئیرانی بوو، وەک دەنەکەباب و فەسەنجون، لەسەر سفرەی پڕ و دانیشتنی هاوڕێیانەدا، دەستی بەخشندەیی  بە ئاشکرا دەردەکەوت و چاوی میهرەبانیی لە هەمووان بوو.

لە ناو فڕۆکەدا لە “مەتەبات” نارەحەت دەبوو، بەڵام هیچ کات ترس لە سیمایدا دیار نەدەبوو. لە ناو ئۆتۆمبێلدا شۆفێری نارەحەت نەدەکرد و لە رێگا دوور و درێژەکانیشدا بێتاقەت نەدەبوو. جارێک لە تارانەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو سنە و پاشان مەریوان و دواتر سلێمانی دەگەڕاینەوە. لە تەنیشتی دانیشتبووم، جاروبار گۆرانیی بە نرمی و کزی دەگوت و میلۆدی گۆرانییە رەسەنەکانی دەزانی، هەروەها شعری کۆنیشی لەبەر بوو. لەو کاتانەدا پرسیار و بە وردی موناقەشەی سیاسی و هەڵسەنگاندنی رووداوەکان سەردانەکەی دەکرد. سەفەرەکە زۆر دوور و درێژ بوو، بەڵام نە بێزاری و نە ماندووبوون بە رووخساریەوە دیار نەبوو. تەنانەت پێش ئەوەی بچێتە ماڵەوە، لە دەباشان سەردانی پارکی ئازادیی کرد بۆ ئەوەی بزانێت پرۆژەکە گەیشتووە بەکوێ.

لە سەفەرێکی تردا بۆ قاهیرە، وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بووین؛ «دکتۆر فؤاد مەعسوم، عەدنان موفتی، مستەفا سەی قادر، مەلا یاسین و بەندە.» مام جەلال لە تارانەوە “کاڤیار”ی بۆ رۆژنامەنووسی گەورە، مەحەمەد حەسەنەین هەیکەل هێنا بوو. کاتێک دیارییەکەی پێدا، پێی وت: «لە یەکەم سەردانت بۆ لای شای ئێران، لەسەر خوانی بەیانیانی شا، کاڤیارەکەت پێ نەخورابوو؛ ئێستا دوای دەیان ساڵ، من وەک دیاریی بۆم هێناویت، وابزانم ئێستا پێت دەخوردرێت.» هەیکەل بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە: «نایابترین دیارییە کە بۆم هێنراوە.»

لەو سەفەرانەدا زۆر شت لە مام جەلال فێردەبووین. بەردەوام ئیلهامبەخش بوو؛ یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو سەفەرانە ئەوە بوو کە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی وڵاتانی میواندار زۆر گرنگییان بە دیدارەکانی دەدا. زۆربەیان داوای چاوپێکەوتن و کۆنفرانسی رۆژنامەوانییان لێدەکرد و ئەویش بە خۆشحاڵیەوە جێبەجێی دەکرد؛ چونکە نرخ و گرنگیی ئەو دەرفەتانەی دەزانی بۆ گەیاندنی دەنگ و مافی رەوای گەلی کوردستان.

مام جەلال بێگومان دووربین، بەئەزموون و خاوەن بیرێکی تیژ بوو. لای ئەو، بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بوو. هەر بۆیە تەنیا سکرتێری گشتی یەکێتی نەبوو؛ بەڵکو بەڕاستی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بوو. 

ئێستا کە مام جەلال لە نێوانماندا نییە، زیاتر مانای بوونی دەزانین. هەندێ مرۆڤ بە مردنیان کۆتاییان دێت، بەڵام هەندێکی تر دەبنە درێژبوونەوەی بیرەوەری و شکۆ و هیوای نەتەوەیەک کە مام جەلال لەوجۆرە کەسایەتییانە بوو.
رەنگە مێژوو ناوی زۆر رابەر لە لاپەڕەکانی خۆیدا تۆمار بکات، بەڵام تەنیا هەندێک لەوانە لە دڵی خەڵکدا دەمێننەوە. مام جەلال لەو کەسانە بوو کە لە گەرمەی سیاسەتیشدا مرۆڤایەتیی خۆی ون نەکرد و لە ناو دەسەڵاتدا هێشتا دەیتوانی بە دڵێکی سادە و خەندەیەکی گەرمەوە راستگۆیانە لەگەڵ هاورێکانی خۆی هەڵسوکەت بکات.

ئێستا کە ساڵانێک بەسەر ئەو سەفەرانەدا تێدەپەڕن، زیاتر دڵنیادەبمەوە کە هەندێک پیاو تەنیا بە سیاسەت ناناسرێن؛ بەڵکو بەو گەرمییەی لە ناخی مرۆڤەکاندا بەجێی دەهێڵن.

مام جەلال لەو جۆرە پیاوانە بوو؛ پیاوێک کە لە گەرمەی دەسەڵاتدا مرۆڤایەتیی خۆی ون نەکرد و لەناو هەموو ئەو ئاڵۆزی و شەڕ و قەیرانانەدا، هێشتا دەیتوانی بە خەندەیەکی جوان، دڵ ئارام بکاتەوە. مێژوو ناوی زۆر سەرکردە تۆمار دەکات، بەڵام تەنیا هەندێک لەوانە دەبنە بیرەوەرییەکی زیندوو.

مام جەلال لە لاپەڕەکانی مێژوودا تەنیا ناوێک نییە؛ بەڵکو هەستێکە و هەندێک هەستیش هەرگیز نامرن.
مام جەلال بەڕاستی دەگمەن بوو لای هەمووان، بەتایبەتی لای هاوڕێکانی.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن