کاتێک رۆح پیر نابێت
6/14/2026 1:15:00 PM
عیماد ئهحمهد
هەندێک پرسیار هەن وەڵامەکانیان لە کتێبەکاندا نادۆزرێنەوە؛ چونکە هەر مرۆڤێک دەبێت بە تەمەنی خۆی بینووسێتەوە. «چۆن بژین؟» یەکێکە لەو پرسیارانە. پرسیارێک کە لە منداڵییەوە لەگەڵمان گەورە دەبێت، لە گەنجێتیدا وەک ئاگرێک دەسووتێت و لە پیریدا وەک چراخانێکی هێمن لە ناخماندا دەدرەوشێتەوە. هەریەکەمان بە رێگایەکی جیاوازدا دەڕۆین، بەڵام لە کۆتاییدا هەمان پرسیارمان هەڵگرتووە: مانای ئەم گەشتە چییە؟
لەوانەیە ژیان تەنیا ژماردنی ساڵەکان نەبێت؛ بەڵکو کۆکردنەوەی ئەو ساتانە بێت کە دڵمان تێیاندا بە تەواوی ژیاوە. لە دەنگی گۆرانییەک، لە بۆنی خاک، لە هاژەی رووبارێک، لە خەندەی منداڵێک، یان لە یادەوەریی ناوێکی خۆشەویست. مرۆڤ لەو ساتانەدا تێدەگات کە ژیان تەنیا رێگایەک نییە بۆ گەیشتن بە کۆتایی؛ بەڵکو هونەری رۆیشتنە لە نێوان سەرەتا و کۆتاییدا. هەر بۆیە کاتێک دەپرسم «چۆن بژین؟»، وەڵامەکەی لە فەلسەفەی دوور و ئاڵۆزدا نییە؛ لە مۆسیقا و تەنیایی، لە خەیاڵ و یادەوەری، لە ئەڵوەن و کوردستان، لە بێگەردیی منداڵی و دانایی پیریی و لە عەشقێکدا دەیدۆزینەوە کە هەموو وەرزەکانی ژیان بە یەکدییەوە دەبەستێتەوە.
پرسیارێک کە لە روانگەی داناکانەوە کتێبی زۆری لەبارەوە نووسراوە و لە زمانی شاعیرانەوە بە هەزاران شیعر گوتراون، بەڵام هێشتا وەڵامەکەی لە دڵی هەر مرۆڤێکدا جیاوازە، چونکە ژیان وەک رووبارەکان نییە تا هەموویان لە یەک سەرچاوەوە دەست پێبکەن و بە یەک دەریا بگەن؛ ژیان وەک بارانە، هەر دڵێک بە شێوەی خۆی لێتدەدات و هەر رۆحێک بە رەنگی خۆی دەیخوێنێتەوە.
لەوانەیە ژیان تەنیا تێپەڕبوونی کات نەبێت؛ بەڵکو هونەری دۆزینەوەی مانا بێت لەناو ئەو کاتەدا. دانا ئەوەیە بتوانێت وەرزە جیاوازەکانی ناخی خۆی لە یەک دیدا کۆبکاتەوە؛ بێگەردیی منداڵی بپارێزێت، خەون و چاونەترسیی گەنجایەتی لەبیر نەکات و لەگەڵ دانایی و سەبری پیریی ئاشتی بکاتەوە. ژیانی راستەقینە سیمفۆنیایەکی هاوسەنگە لەنێوان ئەم وەرزانەدا. من حەزم لە مۆسیقا و گۆرانییە. نەک تەنیا بۆ ئەوەی گوێ لە ئاوازێک بگرم، بەڵکو بۆ ئەوەی هەست بکەم جیهان هێشتا دڵی لێدەدات. هەندێک ئاواز هەن وەک باڵندەیەک لەسەر لقێکی پیر، بە بێ ئەوەی قسە بکەن، چیرۆکی تەمەنی تەواوی دارێک دەگێڕنەوە. گۆرانی هەن وەک بارانی بەهار؛ خۆڵی ساڵان لەسەر بیرەوەریی دەشۆنەوە و مرۆڤ بۆ ساتێک دەگەڕێننەوە بۆ سەرەتای خۆی. لەو ساتانەدا زمان کڕ دەبێت و رۆح دەست بە گۆرانییەکی بێ وشە دەکات.
حەزم لە تەنیاییە. نەک ئەو تەنیاییەی لە بێکەسییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکو ئەو تەنیاییەی مرۆڤ لەگەڵ خۆی ئاشنا دەکات، چونکە لە قەرەباڵغیی ژیاندا زۆرجار دەنگی هەمووان دەبیستین، بێجگە لە دەنگی خۆمان. تەنیایی وەک ئاوێنەیەکی روونە؛ رووخسارمانی تێدا دەبینین، بەڵام لە قووڵاییدا رۆحمان دەناسین. هەر لەوێشەوە خەیاڵ و یادەوەری دەست بە قسەکردن دەکەن.
حەزم لە خەیاڵ و یادەوەرییە. مرۆڤ ئەگەر خەیاڵی لێ بسەندرێتەوە، وەک باڵندەیەکە باڵی لێ زەوتکرابێت. ئەگەر یادەوەرییەکانی لێ بسەندرێتەوە، وەک دارێکە، لەرەگەوە هەڵکێشرابێت. یادەوەری تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ رابردوو؛ بەڵکو بەشێکە لە ناسنامەی مرۆڤ. هەر کات بیر لە منداڵیی دەکەمەوە، بۆنی لمی ئەڵوەن، دەنگی با لەنێو دارەخورماکان و خەندەی ئەو رۆژانە دێنەوە ناو دڵم؛ ئەو رۆژانەی دنیا زۆر بچووک بوو، بەڵام خەونەکانمان لە ئاسمان فراوانتر بوون.
حەزم لە ئەڵوەنە؛ ئای ئەڵوەنەکەی دایکم. رووبارێک کە لە نەخشەدا تەنیا هێڵێکی شینە، بەڵام لە ناخی مندا دەریایەکە. هەموو کاتێک کە ناوی ئەڵوەن دێت، وەک ئەوەی دەستی دایکێک لەسەر سەرم دابنرێت هەست دەکەم هێشتا لەوێم؛ لە کەنارەکانی، لەژێر سێبەری دارەکان، کاتێک منداڵێک بە پێی هەوری خەونەکانییەوە رادەکات. ئەڵوەن بۆ من تەنیا رووبار نییە؛ مانیفێستی مانەوەیە، وەک دایکێک هەمیشە دەبەخشێت و داوای هیچ ناکات.
حەزم لە کوردستانە، چونکە وڵات تەنیا خاک نییە؛ وڵات بیرەوەرییە، برین و هیوای هاوبەشە. کوردستان بۆ من؛ کۆبوونەوەی دەنگی شەهیدانە، خەونی پێشمەرگەیە، فرمێسکی دایکەکانە و خەندەی منداڵانێکە کە هێشتا هیوا لە چاوەکانیاندا دەدرەوشێتەوە. نیشتمان کاتێک لە دڵدا جێ دەگرێت، لە خاکێک زیاتر دەبێت؛ دەبێتە بەشێک لە رۆحی مرۆڤ.
بێگەردیی منداڵیی وەک ئاوێکی زەلالە؛ هەرچی دوورتر دەبیتەوە، تینووتر دەبیت بۆی. گەنجایەتیش وەک ئاگرێکە؛ پڕ لە خەون و چاونەترسی و ئارەزووی گۆڕینی جیهان.بەڵام کاتێک مرۆڤ دەگاتە پیریی، دەزانێت کە ژیان بە هێز ناپارێزرێت، بە دانایی دەپارێزرێت. دارە پیرەکان بەرزترین دارن،لەبەرئەوە نا کە زیاتر رەگیان رۆچووە بە خاکدا، بەڵکو لەبەرئەوەی زیاتر باوبۆرانیان بینیوە و زیاتر لە وەرزەکان تێگەیشتوون. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، عەشق دێت. نەک تەنیا عەشقی مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی تر، بەڵکو عەشق وەک شێوازی ژیان. مرۆڤ دەتوانێت لە حەفتا ساڵیشدا عاشقی باران بێت، عاشقی کتێب، وڵات، مۆسیقا، عاشقی ژیان بێت. ئەوەی پیر دەبێت جەستەیە؛ بەڵام ئەوەی عەشقی تێدا دەمێنێت، رۆحە.
لە دوای هەموو ئەو ساڵانەی ژیان فێربووم کە خۆشبەختی لە دەسەڵاتدا نییە، لە سامانداریشدا نییە. خۆشبەختی لەوەدایە کە دڵت هێشتا بتوانێت بە گۆرانییەک بلەرزێت، بە یادێک بخەنێت، بە دیمەنێکی سروشت ئارام بگرێت و بە خەونێکی جوان هێشتا هیوای هەبێت، چونکە ئەو مرۆڤە هێشتا زیندووە.
لە کۆتاییدا، ژیان وەک رووبارێکە کە هەموومان بەناویدا تێدەپەڕین. کەس نازانێت چەند مەودای ماوە، بەڵام گرنگ ئەوە نییە چەند ساڵ ژیاوین؛ گرنگ ئەوەیە چەند جار بە تەواوی ژیاوین. چەند جار بە گوێگرتن لە گۆرانییەک دڵمان لەرزیوە، چەند جار لە کەناری رووبارێکدا مانای بوونمان دۆزیوەتەوە، چەند جار لە بیرەوەرییەکدا گەڕاوینەتەوە بۆ منداڵی و خۆشەویستی رۆشنایی بە رێگای تاریکمان داوە، چونکە ژیان لە کۆتاییدا، تەنیا مەودای کات نییە؛ شێوازی خۆشویستنی ئەو کاتەیە، لەوانەشە باشترین وەڵام بۆ پرسیاری «چۆن بژین؟» ئەوە بێت کە بە عەشقەوە بژین، بە یادەوەرییەوە، بە خەون، بە هیوا و بە هەستێکەوە بژین کە هەرگیز رێگە نادات، رۆحمان پیر ببێت.