میتی و من و دەواری قەرەجەکان
10/5/2025 11:55:00 AM
عیماد ئهحمهد
سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو، تەمەنم هەر پێنج شەش ساڵێک
دەبوو، کە لە خانووە قوڕەکەی نەنکم هاجەر نیشتەجێبووین. منداڵێکی بزێو و هاروهاج
بووم، دایکم و نەنکم بە دەستمەوە گیریان خواردبوو.
ساڵانە لە بەهاراندا، ئەوانەی پێیان دەوترا
(قەرەج) بە شێوازی سۆرانی و (کاولی) بەشێوازی خانەقینی، لە (بان جەلەوە) دەواریان
هەڵدەدا و چەند هەفتەیەک دەمانەوە، خەریکی کار و کاسبیی تایبەت بەخۆیان دەبوون، وەک:
دانسازی و دانانی کیفی ددانی ئەڵتون و خاڵکوتان، بە زمانی ئێستا (تاتۆ) و حەفەی
ژنان (واتە دەموچاو چاککردن) و فرۆشتنی گوارە و مستیلەی ژنان.
لە بیرمە دوو دەواری کاولی، لە بان جەلەوە
و نزیکی باخی قەسرەکە هەڵدربوون، چەند ژن و پیاو و منداڵێکیان تیادا بە کولەمەرگی
دەژیان. رۆژانە ژنەکانیان بۆ کەسابەت دەچوون بۆ گەڕەکەکانی دیکەی خانەقین، منداڵەکان
و پیاوەکانیان لە خەێمەکەدا دەمانەوە. وافێرکرابووین کە ئەمانە قەرەجن، مناڵ دەدزن
و دەیانڕفێنن بۆ خۆیان، منداڵانی گەڕەک دەترسان لە نزیکبوونەوە لێیان.
شاعیری گەورەی کورد عەبدوڵڵا پەشێوە، لە
هۆنراوەی “بۆ قەرەجێک”دا دەڵێت:-
ئاسمانی تۆ بەرپێی خۆتە.
سەرت شۆڕکە،
ملت کەچ کە،
چاو مەگێڕە
بۆ ئاسمان و ئەستێرە و خوا
ئەوەی بستێک خاکی نەبێ،
خوا و ئەستێرە و ئاسمانی کوا؟!
هەر لەبارەی قەرەجەوە شاعیر و نووسەری
ناسراوی روسی، ئەلیکساندەر پوشکین لە شیعرێکدا دەڵێت: “ نیشتمانی قەرج سەرپشتی ئەسپەکەیەتی”
جارێکیان لە بەردەم دەرگای ژوورە بێ پەنجەرەکەمان،
پاڵکەوتبووم و سەرم لەسەر رانی میم جەهانە دانابوو، ئەویش بە پەنجەکانی دەستی راستی
سەرمی دەخوراند، منیش جاروبار سەیری روومەتی و هەر دوو چاوی رەش و سورمەکراویم دەکرد،
لە پڕا پرسیارێک سەبارەت بە کاولییەکان هات بە خەیاڵمدا، وتم: میم جەهانە ئەم کاولییانە
کێن و بۆ ئێمە نابێت لێیان نزیک ببینەوە؟ ئەویش وتی: کاولییەکان ترسناک و جادووگەرن،
بێ وڵاتن و مافی هاوڵاتیبوونیان نییە، بەڵام ئازادن و دەتوانن گوزەر بە هەموو گۆی
زەویدا بکەن، هەژارن و بە کولەمەرگی دەژین،
خاوەنی زەوی نین.
لەوکاتەوە بەردەوام بیرم لای وڵاتەکەم
و کوردستانەکەمە بە جۆرەهای جۆر هەوڵمداوە لە قۆناغەکانی ژیانمدا ئەم وڵاتەم لە کیس
نەچێت و خزمەتی بکەم، وەک بیلبیلەی چاوم بیپارێزم بۆ ئەوەی ئێمەش نەبین بە قەرەچ! میم جەهانە ژنێکی بە تەمەن،باڵا کورت و گەنم رەنگ
و دەم و لوت باریک و قنج، بەردەوام جلی رەشی لەبەر دەکرد، سەری بە فوتە و بۆیەمە دەپۆشی.
جارێکیان کاولییەکان هاتن لە تەنشت باخی
قەسرەکە دەوارە شەقوشڕەکەیان هەڵدا و ماوەیەک مانەوە، کوڕێکیان هەبوو ناوی مەهدی
بوو، پیاندەوت (میتی)، میتی حەزی دەکرد تێکەڵاوی منداڵان ببێت و یاریی لە گەڵ منداڵانی
گەڕەک بکات، خولیای مەلەکردنی هەبوو لە ئەڵوەن-دا، بەڵام منداڵانی گەڕەک پێیان خۆش
نەبوو، لەبەر قسەی سواو و نەشیاوی خەڵکە بە تەمەنەکانی جەلەوە.
میتی لە تەمنی خۆمدا بوو، مناڵێکی چڵمن
و چڵکن، چاو رەش و ئەسمەر و قژ رەش و پڕ، دەست و پەنجە خۆڵاویی، نێنۆک درێژ و ژێر
نینۆکی رەش بوو ، دشداشەی کورت و پینە کراوی لەگەڵ چاکەتی گەورە و درێژدا لەبەر دەکرد.
من بە پێچەوانەی منداڵانی گەڕەک لەگەڵیدا دادەنشتم و لەگەڵیدا یاریی و مەلەم دەکرد
و بووین بە هاوڕێی گیانی بە گیانی.
رۆژی جێهێشتنی جەلەوە و هەڵگرتنەوەی دەوار
و بارکردنیان لەسەر وڵاخ و گوێدرێژ، میتی دەستی بە دەستی دایکییەوە بوو، منیش لە بەردەرگای
ماڵەوەمان راوەستابووم، لە دوورەوە سەیری یەکترمان دەکرد، بە هەستێکی برایەتی دوا
ماڵئاواییمان لەیەکتر کرد. لەپڕدا دەستی دایکی بەردا و بە راکردن هات بۆلام، باوەشمان
بەیەکدا کرد و فرمێسکمان تێکەڵاو بوو، بە خوڕ رژایە سەر روومەت و ملمان، دایکی هات
و بە توندیی دەستی گرت و بردی و کەوتنە دوای وڵاخەکانیان، هەر ئەوجارە وەکو خۆر
ئاوابوو، جارێکی دیکە هەڵنەهات و نەمبینییەوە، چونکە ئەوان وەک ئاوی رووبار وەهان،
هەر جارێک لە شوێنێک گوزەر دەکەن و دووبارەی ناکەنەوە!
ماوەیەکی زۆر عەوداڵی هەواڵی میتی
بووم، هەر لەو سەروبەندەدا، شەوێک بە گریانەوە خەبەرم بووەوە، دایکم وتی: عیماد کورم چیتە؟ وتم: دایە خەوم بە میتییەوە
بینی، خەریکە لە گۆمی باوەگەزی-دا دەخنکێت و منیش نەمتوانی رزگاری بکەم! ئەویش وتی:
خەوی خێرت بێت و ئینشا اللە میتی سەلامەتە. خوایە مەگەر هەر خۆت بزانی میتی برا و
برادەرم چی لێ بەسەر هاتووە و ئێستا لە کوێیە!؟
نهێنی خۆشەویستیم بۆ جەلەوە و خانەقین
و کوردستان لە ژیان و بەسەرهات و درامای (میتی)یەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە هەر لەوکاتەوە
درکم بەوەکردوە، کە مرۆڤ وڵاتی نەبوو وەکو قەرەج و میتی لێیەت و ژیانی کولەمەرگیی
دەبێت.
خاکی کوردستان، ئازیز و بەنرخ و پیرۆزە،
نابێت هەندێ کەموکوڕیی و تارادەیەک نەبوونی حوکمی رەشید و کەمی خەڵکی ساڵح، وڵاتمان
لەبەرچاو بخات و بێباک بین لە پارستن و چارەنووسیدا، چونکە ئەوان ئاون و وڵات زیخە.!
ئەوان رەفتەنین، بەڵام وڵات (دار
القرار)ە.