چەرخی زەمانە؛ لە نانی بەیانییەوە بۆ قاوەی تەنیایی
10/13/2026 11:47:00 AM
عیماد ئهحمهد
بەیانی زوو بوو، هێشتا سپێدە نەکەوتبوو کەوا بەخەبەر هاتم. لە جێگەکەم هەستام، بە پلیکانەکاندا هاتمە خوارەوە و رووم کردە باخچەی ماڵەکەمان. هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا و سینەم لە بۆنی گوڵەباخ و رێحانە پڕکرد. لە بێدەنگیی بەیانیدا تێڕامام لە جوانیی باخچەکەمان؛ جوانییەک کە هەرچەندە هەموو رۆژێک لە بەرچاومە، هەر جارەو رازێکی تازەی ژیانم بۆ دەدرکێنێت.
دوو مشتی گەنمم بەسەر مەڕمەڕی خوانی باڵندەکاندا بڵاوکردەوە. چەند خولەکێک لە بەردەم پەنجەرەکان هاتوچۆم کرد. لەو کاتەدا خوشکی گەورەم مامۆستا سوعاد، کە ئەویش بەخەبەر هاتبوو، منی لە باخچە بینی و گوتی:
— دەستان خۆش بەیانیان زوو دێنە ناو باخچەکە و هەوای پاک هەڵدەمژن و دانی باڵندەکان دەدەن؟ ئەمەش خێرێکە دەبێتە «الصدقة الجارية»؛ خوا پاداشتت بداتەوە.
منیش وتم:— با ئەمەش بکەینە خێر بۆ دایکمان.
ئەویش گوتی:— لە ژیانیدا درێغیمان لێ نەکرد، ئێستاش بەردەوام خێری بۆ دەکەین؛ بەڵکو بتوانین چاکەی بەشێکی بچووک لە ماندووبوون و مەینەتییەکانی بدەینەوە.
پاشان گەڕامەوە ژوورەوە، قاوەیەکم دروست کرد و لەگەڵ پەرداخێک ئاو و پارچەیەکی بچووک لە شیرینیی کەم شەکر، لەسەر تەپڵەکێکی تەختە دامنان. لەسەر کورسیی تەنیشت پەنجەرەکە بە تەنیا دانیشتم.
باڵندەکان یەکەیەکە و کۆمەڵکۆمەڵ دەهاتنە خوارەوە؛ هەندێکیان لەسەر خوانەکە دەنیشتنەوە و هەندێکی تریشیان لە هەوادا بە دەوری هاوڕێکانیاندا دەسووڕانەوە. چاوم لە جووڵەی سووکیان بوو، دڵیشم بەو دیمەنە زیندووە ئارام دەبووەوە. گەنمەکان ژەمی بەیانیی ئەوان بوون؛ سەیرکردن و تێڕامان لێیان، چێژ و رۆشنایی بەیانییەکەم بوون.
لەگەڵ یەکەم و دووەم قوم لە قاوە گەرمەکەم، خەیاڵ و بیرەوەری هەڵیانگرتم و لەگەڵ خۆیان بردیانم. لە باخچەکەی ئەمڕۆوە پەڕیمەوە بۆ زێدی باو و باپیرانم؛ بۆ جەلەوە، بۆ کەنار ئەڵوەن، بۆ خانەقین. گەڕامەوە بۆ ساڵانی شەستی سەدەی رابردوو؛ بۆ ئەو شەوانەی لەسەر سەربانی خانووە قوڕەکان رادەکشاین.
ئەوسا مێرمنداڵێکی سەرکێش و لە پۆلی چواری سەرەتایی بووم، شەوان لەژێر ئاسمانێکی پڕ لە ئەستێرەدا دەخەوتین؛ خەومان شیرین بوو، بەیانیان زوو بەخەبەر دەهاتین. دایکم «گەوهەر»، بە دەنگێکی پڕ لە سۆز لە خەو هەڵیدەستاندم تا بچم بۆ نانەواخانەکەی خاڵۆ ئەحمەد، باوکی کاکە پشتیوان ئەحمەد ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق و هاوشاریم. نانەواخانەکە لە بان کۆپریی گەورە، بەرانبەر جامعەکەی حەسەن ئەفەنی بوو، چەند نانێکی ئیعاشەی گەرمم دەهێنایەوە.
هێشتا تاریکیی بەسەر کۆڵانەکاندا زاڵ بوو، رووناکیی بەیانی کەم و کزبوو. بە کۆڵانە تەسک و باریکەکاندا دەکەوتمەڕێ. لە نزیکی مەزاری «قرخلەر»، لە بەرانبەر جۆگەی عالیاوە، زۆر جار ئەو چرکەساتانەم لەنێوان ترسێکی راستەقینە و ئازایەتییەکی رواڵەتیدا بەسەر دەبرد؛ لە دڵدا مێرمنداڵێکی ترساو بووم، بەڵام لە دەرەوە خۆم بە ئازا نیشاندەدا. دەیانگوت لە ناو مەزارەکەدا جنۆکە هەیە و منداڵ دەڕفێنن؛ سەرەتا چاوم لەبەر قورسیی خەو بەزۆر دەکرایەوە، بەڵام هاژەی بێپچڕانی ئەڵوەن و بۆنی خۆشی باخەکانی دەوروبەر، وردەوردە بەهۆشیان دەهێنامەوە. لە رێگادا خەو و خەونەکانم و ترس لە جنۆکەی ناو مەزاری «قرخلەر» لەبیر دەچوونەوە و تەواوی بیرم لەو نانە گەرمانەدا چڕ دەبووەوە کە دەبوو بۆ ماڵەوەیان ببەم.
ئێستا کە بیر لەو بەیانییە دوورانە دەکەمەوە، دەنگی دایکم پێش هەموو شتێک لە ناخمدا دەنگدەداتەوە. ئەوسا دەمویست کەمێکی تر بهێڵێت بخەوم، بەڵام ئەمڕۆ لە قووڵایی دڵمەوە ئارەزوو دەکەم جارێکی تر بە هەمان دەنگە سۆزدارەکەی بانگم بکات، تەنانەت ئەگەر بۆ هەستان لە خەوێکی شیرینیش بێت.
سێ ساڵ تێپەڕین؛ ئێسقانم کەمێک ئەستوورتر، لە پۆلی یەکی ناوەندیی بووم و ئەمجارە خەمی بژێویی ژیان لە خەو هەڵیدەستاندم، تا روو بکەمە مەیدانی کرێکاران؛ بۆ کرێکاریی «عەماڵەیی». لەوێ بە چاوی پڕ لە ئومێد و نیگەرانییەوە چاوەڕێی کەسێک بووین بێت و بۆ کارێک بانگمان بکات. هێشتا رۆژەکە دەستی پێنەکردبوو، خەمی کار و بژێوی لەسەر شانمان بوو؛ نەماندەزانی کارمان دەست دەکەوێت یان نا، ئێوارەش بە چ دەستکەوتێکەوە دەگەڕێینەوە بۆ ماڵ.
ئەوسا تەنیا ئاواتم ئەوە بوو رۆژێک بە دڵی خۆم تێر بخەوم؛ کەس لە جێگەکەم هەڵمنەستێنێت و ناچار نەبم پێش هەڵهاتنی خۆر دەربچم. تێرخەوتن ئاواتێکی بچووک بوو، بەڵام لە ژیانی ئەو مێرمنداڵە ماندووەدا دنیایەک بەهای هەبوو.
ئێستا تەمەن و رۆتینی ژیان و ساڵان بەخەبەرم دەهێنن. بە ئارەزووی خۆم هەڵدەستم، دێمە خوارەوە و لەگەڵ تەنیایی و بیرەوەرییەکانم دادەنیشم. لەو چرکانەدا چێژێکی قووڵ دەبینم؛ لە بۆنی گوڵ، لە گەرمیی قاوەکەم، لە فڕینی ئازادانەی باڵندەکان و لە بیرەوەرییەک کە بێ بانگکردن دێت و لە تەنیشتم دادەنیشێت. مۆبایلەکەم هەڵدەگرم و لە پەڕەی تێبینییەکاندا چەند دێڕێک دەنووسم. ئەو ئاواتەی ئەوسا، ئێستا دەرفەتی هاتنەدیی هەیە، بەڵام مەخابن خەوە شیرینەکەی جاران نەماوە. مرۆڤ هەمیشە لەکاتی خۆیدا ناگاتە ئاواتەکانی؛ هەندێکیان کاتێک دێنە دی کە خۆی گۆڕاوە و شتەکانیش تامی جارانیان نەماوە. ئەوسا خەوم هەبوو، کاتی تێرخەوتنم نەبوو؛ ئێستا کاتم هەیە، بەڵام خەوەکەم وەک جاران نییە.
زەمانە گۆڕاوە و منیش گۆڕاوم. لە کۆڵانە خاکییەکانی جەلەوەوە تا ئەم باخچە ئارامە، ساڵانێکی درێژ و پڕ لە رووداوم بەڕێبکردووە، بەڵام هێشتا هاژەی ئەڵوەن لە ناخمدا دەنگدەداتەوە و بۆنی نانی گەرمی ئەو بەیانییانە لە یادمدا ماوە. دەمەوێت لەناو هەموو ئەم گۆڕانکارییانەدا مرۆڤبوونی خۆم بپارێزم؛ خۆشەویستیی گەل و نیشتمانم لەبیرنەچێتەوە و رەگم لەو خاکە بەپیتە نەکێشرێتەوە کە تیایدا رواوم.
قاوەکەم کەمێک سارد بووبۆوە. باڵندەکان هێشتا لەسەر خوانەکە بوون و رووناکیی نەرمی بەیانی بە باخچەکەدا بڵاوبووبۆوە. لە ناخی دڵمەوە چرپاندم: «چەرخی زەمانە هەر دەخولێتەوە… خۆزگە لەگەڵیدا بڕۆین، بەڵام ئەسڵ و مرۆڤبوونمان لەبیر نەکەین.»