هەموومان وەک ئەستێرە لەدەوری مام جەلال بووین
12/28/2025 1:50:00 PM
عیماد ئهحمهد
هەڵپەرکێ هونەرێکە لە دێر زەمانەوە لەناو کوردەواریدا هەیە و لە جیهانیشدا، بەڵام هەر میللەتێک بە کەلتور و شوناسنامەی خۆی هەڵدەپەرێت و بەوەش گوزارشت لە دەرهاوێشتەی ژیانی کۆمەڵگەکەی دەکات. کورد لە رۆژهەڵات و لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵیدا دەژی، هەڵپەرکێی کوردیش خۆی لە چوارچێوەی ئەو تایبەتمەندییەدا دەبینێتەوە، هەڵپەرکێی کوردی تایبەتمەندییەکی هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە کاتی جەژن و خۆشی و سەرکەوتنەکاندا سازدەکرێت.
لەم رۆژانەدا لە (تیک تۆک)، هەڵپەڕکێیەکی تایبەت بە ناوچەی پاوەم بەرچاوکەوت کە لە دێی ژیواری کوردستانی رۆژهەڵات سازکرابوو، لە شاییەکەدا شێوازی جووڵە و دیمەنی سەنعان هەورامی سەرنجی راکێشام، ئەو بە کراس و شەرواڵێکی رەشەوە، لە ناو کۆمەڵیک هاوشاریی خۆیدا بەتەنیا هەڵدەپەری، بە جۆرێک کە بەردی دەتواندەوە.
ئەوان بۆ خۆشیی هەڵدەپەڕین، ئەمیش بۆ غەم و کەسەرەکانی خۆیی و بۆ خۆشی و بارینی زەردە خەنە و پێکەنین لەسەر لێوی کچە (29) ساڵە نەخۆشەکەی.
دەستی چەپی لەسەر دڵی داناوە تا لە ئازاردا هەڵنەفرێ!
جامانە رەشەکەشی وەکو شاخی بێستون لە سەر شانی داناوە بۆ ئەوەی هەست بە قورسایی ژیان بکات!
هەر جووڵەیەکیشی نمایشی دونیا تایبەتەکەی دەکات.
کە ئەو دیمەنەم بینی هاوارێکی عەرش هەژێن لە ناخمدا هەڵقوڵا و چاوەکانم پڕ لە ئەسرین بوون، جارجاریش وام هەستدەکرد ئەوە منم بەو شێوەیە هەڵدەپەڕم، بەڵام نازانم بۆ کێ؟ بۆ دایکە پەریئاساکەم، بۆ خۆشکە پڕ حەسرەتەکەم، یان بۆ خاڵە خێر نەدیوەکەم، یان بۆ ناخی خۆم؟!
لەگەڵ بینینی سەنعانی ناخ سوتاو، بەو شێوەیە یەکسەر زۆربای یۆنانی، پاڵەوانی رۆمانە نایابەکەی (نیکۆس کازانتزاکی)م هاتەوەیادم کە لە ساڵی (1946) نووسیویەتی و لە ساڵی (1964) کراوە بەفیلم و ئەنتۆنی کوین رۆڵی ئەلیکسیس زۆربا دەبینێ، پاڵەوانی فیلمەکە (ئەنتۆنی کوێن) لە سەر مۆسیقایەکی ناخ و هەست هەژێن، سەمایەکی جوان و نایابی دەکرد، هەر ئەم سەمایەش بوو بە کۆدی ناوداربوونی وڵاتی یۆنان.
رۆمانەکە باس لە پەیوەندیی لە نێوان گێڕەرەوەیەکی رۆشنبیر و ئەلیکسیس زۆربای سادە دەکات کە کەوتووەتە دوای خۆشیەکانی ژیان و بەردەوام بە سەما رووبەرووی قورسی و ناڕەحەتییەکانی ژیان دەبێتەوە، ژیان وەکو خۆی بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە دەبینێت، بە پێچەوانەی ئەوانەی بە ئارەزووی لۆجیکی رۆشنبیریی دەژین!
لەوکاتەدا و بە هەمان شێوە رەوانشاد دکتۆر ئەحمەد بامەرنی باوشی کرد بە یادەوەرییەکانمدا و ئەو رۆژەی دوکان هاتەوەیادم کە رەوانشاد مام جەلال، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە سەرکردایەتی و کادرە پێشکەوتووەکانی یەکێتیی نیشتمانی لە دوکان بۆ یادی نەورۆز بانگهێشت کردبوو.نەورۆزی ئەو ساڵە، زۆر تەڕوبر و پڕ خێر بوو، لە رۆژێکی فێنک و ئاسمانێکی سایقە و ساماڵ و دەشتێکی سەوزی نزیکی بەنداوەکە، هەموومان بە دەروونێکی پڕ ئومێدەوە، وەک ئەستێرە لە دەوری رەوانشاد مام جەلال دەخولاینەوە. ئەحمەد بامەرنی، پیاوێکی قۆز، پڕ جووڵە، ناسک و خۆشمەعشەر و رەفیق دۆست و ئەندامی کۆمەڵە بوو، لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی-یەوە لە ساڵ (1975)، بامەرنی لە هەندەران کادرێکی چالاک و دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. دوای رووخاندنی دیکتاتۆریەت لە بەغدا لە ساڵی (2003)دا ماوەیەک سەفیر بوو لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق کاری دەکرد، دوای ئەوەش بوو بە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق ئەو کاتەی مام جەلال سەروک کۆمار بوو. زۆر بە داخەوە لە (2020)، کۆرۆنای نەگریس ئەمیشی لەگەڵ ژمارەیەک ئازیز، نوقمی عەدەم کرد و فڕی بۆ دنیای هەتاهەتایی. کەم کەسم بینیوە وەک ئەو بە جوانی هەڵپەرێ، بە شێوازێک هەموو جەستەی بە جووڵەیەکی هارمۆنی لەگەڵ ریتمی دەهۆڵ و زوڕناکە دەبوون بە ئەڵوەن و بە جەلەوەدا تێدەپەڕین، کە سەرچۆپی دەگرت،بارانی خۆشیی و جوانیی دەباراند.
هیوادارین ساڵی نوێ ببێتە ساڵی خۆشیی و سەروەری و دووربوون لە خەم و خەفەت بۆ سەرجەم گەلی کوردستان، بەردەوام وەک زۆربا سەما بکەین و وەک ئەحمەد بامەرنی لە بەهاری سەرکەوتن و هاتنەدی خواستەکانی میللەتەکەماندا هەڵپەرین.