ئەو منداڵەی لە کەناری ئەڵوەن مایەوە
9/9/2026 10:46:00 AM
عیماد ئهحمهد
راستە خۆری هەندێک رۆژمان ئاوا دەبێت، بەڵام
پرشنگی رووناکییان بۆ هەمیشە لە قوڵایی بیرەوەریدا دەمێنێتەوە. بەیانیانی رۆژەکانی
من لە 'جەلەوە'وە دەستیپێکرد؛ لەو پارچە خاکەی لەسەر نەخشە تەنیا شوێنێکی بچووک
بوو، بەڵام لە دڵی منداڵێکدا نیشتمانێکی گەورە و گەردوونێکی بێ کۆتایی.
هێشتا خۆر بە تەواوی لەپشت دارخورماکانەوە سەری
دەرنەدەهێنا، کە کۆڵانە خۆڵاوییەکان بە هەنگاوی منداڵان دەژیانەوە. لە ماڵەکانەوە
بۆنی نانی گەرم و چای بەیانی، لە باخەکانەوە بۆنی خاک و گوڵ و لە کەناری ئەڵوەن-یشەوە
هاژەی سەرکێشی ئاو هەڵدەستا؛ دەنگێک کە تا ئەمڕۆش لەناخمدا دەزرینگێتەوە.
لەوێ، لەگەڵ یەکەم یاریی تەمەندا، قوفڵی دڵم بە
کلیلی پاکی و بێگەردی کرایەوە. یارییەکانمان سادە بوون، بەڵام شادیمان بێ کۆتایی؛
باڵندەیەک دەبوو بە خەیاڵ، بەردێک دەبوو بە قەڵا و کەناری رووبارەکەش دەبوو بە مەیدانی
خەونەکانمان. هێشتا نەماندەزانی ژیان لە دەرەوەی، ئەو بەهەشتە بچووکە چەند دڵڕەقانەیە
و رۆژگار چەند بێ بەزەییانە منداڵیی لە مرۆڤ دەسەنێتەوە.
جەلەوە تەنیا شوێنی یاریی نەبوو؛ یەکەم
قوتابخانەی بوونم بوو. لەوێ فێریخوێندن و نووسین بووم و چرای زانست لە دنیای هۆشمدا
داگیرسا. فێربووم هاوبەشیی تەنیا بەشکردنی نان نییە، بەڵکو دابەشکردنی شادی و
ئازارەکانیشە. هەژاریی رەنگە رێگەی لە دەرگای ماڵەکانمان گرتبێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانی
لە دەوڵەمەندیی دڵەکانمان کەم بکاتەوە.
سیاسەت بۆ من لە وتار و لاپەڕەی کتێبەوە دەستی
پێ نەکرد؛ لە ناخی ژیانی ئەو رەنجدەرانەوە هەڵقوڵا کە بە دەستی زبر و رەق، نانیان
بەرهەم دەهێنا،کەچی بەشیان لە خوانی ژیاندا لە هەمووان کەمتر بوو. لەو خاکەدا خەون
و خەبات، لە پێناوی گەل و نیشتمان و چەوساوەکاندا، بوون بە بەشێکی دانەبڕاو لە
ناسنامەکەم. منداڵەکەی کەناری ئەڵوەن، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، یەکەم هەنگاوەکانی بەرەو
رێگای پرسیار و تێکۆشان دەنا.
ساڵان تێپەڕین و رێگاکانی ژیان لە جەلەوە-یان
دوور خستمەوە. لە بەهاری1978 دا دەرگای زیندان بە روومدا کرایەوە و دەرگای ئازادییم
لەسەر داخرا. لە تاریکخانەکانی «ئەمنی عامە»ی بەغدا، ئەشکەنجەدان و تەنیایی، هەموو
هەوڵێکیان دا تا دەنگی ئەو منداڵە کوردەی خانەقین لە ناخمدا کپ بکەن، بەڵام لە ئامێزی
تاریکیی زینداندا گوێم لە هاژەی ئەڵوەن دەبوو؛ وەک ئەوەی ئاوەکە دیوارە ئەستوورەکان
ببەزێنێت و بە گوێمدا بچرپێنێت: "ئەوەی رەگی لەم خاکەدا چەقیبێت، بە زنجیرکردنی
وشک نابێت".
کاتێک ئازاد کرام و گەڕامەوە، خانەقین وەک دایکێکی
بەپەرۆش باوەشی بۆکردمەوە. ئاوی ئەڵوەن ئاسەواری زیندان و برینەکانی جەستەی شۆردمەوە،
بۆنی باخەکانی جەلەوە رۆحیان ژیاندمەوە و دیداری هاوڕێیانیش بڵێسەی خەباتی
بووژاندمەوە. ئەوە بەتەنیا گەڕانەوە نەبوو بۆ شارێک؛ بەڵکو گەڕانەوە بوو بۆ رەگەکانم
و بۆ ئەو منداڵەی هێشتا لە کەناری ئەڵوەن چاوەڕێی دەکردم.
لە رێگای خەباتدا نەخشەی نیشتمان لە خەیاڵمدا
فراوانتر دەبوو؛ دارخورماکانی خانەقین تێکەڵ بە رەزەکانی پشدەر و بیتوێن دەبوون و
دەبوونە تابڵۆیەکی هاوبەش لە ویژدانمدا. لە نێو ئەو تابلۆیەدا هاواری ئەو خوشکە دڵسووتاوەی
دەڤەری رانیە "دایکی سلێمان عەبدوڵڵا یونس" هێشتا لەگوێمدا دەزرینگێتەوە؛
ئەو خوشکەی لە مزگەوتی مەرگە، لە کاتی کفنکردن و بەخاکسپاردنی برا شەهیدەکەیدا، بە
دوو دەستی لەرزۆکەوە، چاوە کراوەکانی برا شەهیدەکەی نووقاند و بە دەمێکی پڕ لە خوێن
و هاوارەوە گوتی: "کاکە گیان، جلی سپی زاوایی هەتاهەتاییت لەبەر کرد؛ شەرتبێت
منیش تا مردن رەشپۆشبم!" ئەو هاوارە تەنیا شیوەنی خوشکێک نەبوو؛ سوێندێک بوو
لەبەردەم مێژوو و نیشتماندا، بەڵام چارەنووس هێشتا وازی لە تاقیکردنەوەی ئەو خێزانە
نەهێنا؛ لە شەڕی ناوخۆشدا کوڕێکیشی شەهید کرا و رەشپۆشییەکەی نوێو تۆختر کردەوە.
چۆن دەتوانم واز بهێنم لە خەبات لە پێناوی میللەتەکەمدا،
لە کاتێکدا ئەو هاوارە هێشتا بانگم دەکات؟ وازهێنان تەنیا پشتکردن نییە لە رێگایەک؛
پشتکردنە لە دایک و خوشکە رەشپۆشەکان، لە چاوانیان کە لەبەر چاوەڕوانی وشکهەڵاتووە
و لە ژیانیشدا هێشتا پرسیاری ئازادیی لەسەر سنگیان نووسراوە.
ئەمڕۆ خانەقین گۆڕاوە، جەلەوە هەمان جەلەوەی ئەوسا
نییە و زۆرێک لە هاوڕێیان بوونەتە وێنەیەکی بێدەنگ لەسەر دیواری بیرەوەری، بەڵام هەرکاتێک
خەیاڵم بەرەو ئەڵوەن باڵدەگرێت، منداڵێک دەبینم لەسەر کەنارەکە راوەستاوە؛ پێی خۆڵاوی،
جلەکانی بە شەپۆلی ئەڵوەن تەڕ و ناخیشی پڕ لەبۆنی باخەکان. بە چاوە پڕ هیوا و پاکەکانی
دەپرسێت:
— هێشتا ئەو خەونانەت لە یادە؟
وەڵامی دەدەمەوە:- بەڵێ؛ ژیان زۆر شتی لێ سەندم،
بەڵام هەرگیز نەیتوانی تۆ لە ناخمدا بکوژێت.
ئەو منداڵە هێشتا لە کەناری ئەڵوەن ماوەتەوە؛ نە
پیر دەبێت، نە ماندوو دەبێت و نە لە خەونەکانی پاشگەز دەبێتەوە. هەر کاتێک رێگاکان
تاریک دەبن، دەستم دەگرێت و بەرەو رووناکیم دەبات. لەو رووناکییەدا دەزانم خەبات دەبێت
بەردەوام بێت؛ نەک بۆ تۆڵە، بەڵکو بۆ دادپەروەری، ئاشتی و ئازادی، بۆ ئەوەی هیچ دایک
و خوشکێکی دیکە ناچار نەبێت جلی رەشی هەتاهەتایی لەبەر بکات.