کەرنەڤاڵی سەرکەوتن و یادکردنەوەی شەهیدان...
11/10/2025 12:40:00 PM
عیماد ئهحمهد
لە دوا رۆژەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یاریگای نێودەوڵەتیی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوانی
لە شاری میهرەبانی، شاری شەهید شیهاب و شەهید ئارام سازکرد.
جەماوەرێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و ئومێد بە سەرکەوتن، گەنجانی خوێنگەرم، ژنانی تەوارئاسا و پیرانی دڵگەرم لە گۆڕەپانەکە شەپۆلیان دەدا بەرەو خۆری ئازادی. هەناسەی بۆنخۆشی ئەم دەریا بێبڕانەوەیە
بەڕاستی "مسك الختام" بوو.
لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی و کادرانی پێشکەوتووی یەکێتی ئامادەی کەرنەڤاڵەکە بووین. لەم کەرنەڤالەی سلێمانیدا، بیر و هۆشم لای یادەوەریی شەهیدانی یەکێتی گیرسایەوە.
لە دڵمدا خۆشی و شایی ئەمڕۆ بە ئاگر و خەفەتی دوێنێ تێکەڵ بوو، لەناو خۆمدا، بەبێ دەنگی هاوارم دەکرد و دەموت: هەڤاڵان لە یادتان نەچێ رۆژگاری سەختی شۆڕشی نوێ، خوێنی شەهیدان و عەرەق و ماندووبوونی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ئەو رۆژانەی کە لە نائومێدی ئومێدیان بەرهەم هێنا و ئەمڕۆیان هێنایە دی.
لە دەوروبەرم زۆر گوێبیستی ناوی حەمە و مەحەمەد بووم، یەکسەر حەمەی شاسوار و مەحەمەد یاوەر هاتنەوە یادم.
حەمەی شاسوار ئەو پیاوەی هەموو ژیانی خەبات بووە لەپێناو میللەتەکەیدا و لە شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگەیەکی دیار بوو لە بەتالیونی کفری.
حەمەی شاسوار ساڵی ١٩٣٦، لە دێی ئاوەخوێری لە دایکبووە، پیاوێکی گەنمڕەنگ و باریک و چوست و چالاک و خاکی بووە، من بە خزمەتی نەگەیشتووم و بە دیداری شاد نەبووم، بەڵام ناو و ناوبانگی لە گەرمیان وەک قەڵای شێروانە دیار و ئاشکرایە.
حەمەی شاسوار*، پیاوە قارەمان و بەهیمەتەکەی یەکێتی، وەرزی پایزی ساڵی ١٩٨٠ لە چەمەکەی نێوان گوندی *شێخ تەویل و قەڵاتۆبزان لەگەڵ حەسەن حاجی حوسیەن کەلاری و حەمەی مامەلی و عومەر فەرج بە کۆپتەر لەلایەن سەربازانی حکوومەت و خۆفرۆش تەحسین شاوەیس و جاشەکانییەوە، شەهید کران و سەری حەمەی شاسواریان بردە لای ئاغاکەیان لە چەمچەماڵ! تەرمەکەی بەبێ سەر لە گۆڕستانی دێی سەی خەلیل بە خاکی پیرۆزی گەرمیان ئەسپاردە کرا! روحی بۆ ماوەیەکی زۆر وەک هەڵۆی بەرزەفڕ لە ئاسمانی گەرمیان بە دوای جەستە و قەڵافەتە پیرۆزەکەی خۆیدا دەگەڕا...! دوای چەند ساڵێک بە هەزار دەردەسەری و پاڕانەوە، کەسوکارەکەی سەرە پیرۆزەکەیان وەرگرتەوە و وەک تاجی سەروەری لەلای لاشەکەی ناشتیانەوە.
دوای شەهید بوونی باوکی، عەلی شاسوار*، کوڕە گەنج و تازە پێگەیشتووکەی *حەمەی شاسوار*، ماوەیەک لە گەرمیان لەگەڵ *مەحەمەد یاوەر پێشمەرگە بووە.
مەحەمەد یاوەر بۆنی باخەکانی خانەقین و دەستەگوڵی رێکخستنەکانی کۆمەڵە بوو. دوای پەیوەندیکردنی بە شۆڕش و تەواو کردنی دەورەی کادران هاتە گەرمیان وەک کادری سیاسی.
مەحەمەد یاوەر ساڵی ١٩٤٧، لە دێی جەبراوە*، نزیک خانەقین لە دایکبووە؛ پیاوێکی قۆز و باڵابەرز و حەیزەرانی، سپیڕەنگ، قژ رەش، چاو خر و تیژ و رووخۆش، لە رۆیشتن و رێکردندا جوانی دەباراند، خاوەن هەڵوێست و بیری چەپ، هاوڕێی نزیکی شەهید *مجید غاندی بوو. رێکەوتی
١٠/ ٩/ ١٩٨١، لە نزیک بیرەکەی گوندی تووەقوت لەگەڵ ئومێد شاکەلی و جەباری حاجی حوسیەن بە دەستی حەمەی ئەحە فەڕاش و جاشەکانی شەهید کران. جاشەکان تەرمی پیرۆزی هەردوو شەهید مەحەمەد یاوەر و "ئومێد شاکەلی" یان بردن بۆ حکوومەت لە کەلار. تەرمی مەحەمەد یاوەر نەدرایەوە بە کەسوکاری و نەیانهێشت بیبەن بۆ خانەقین، شارەوانی لە کەلار ناشتی.
پیاوخاسانی گەرمیان پەیکەرێکی شایستەی ئەو کەڵەمێردەیان لە دەروازەی شاری کەلار داناوە.
دیار و ئاشکرایە و شاعیر وتەنی:
داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەرناگرێ...
ئەم جەماوەرە لەبننەهاتووە و ئەم سەرکەوتن و سەروەرییانە بە خوێنی شەهیدان و رەنج و ماندووبونی پێشمەرگە و رێکخستنە دێرینەکانی یەکێتی هاتۆتەدی. دەبێت وەک بیلبیلەی چاومان بیپارێزین و موتوربەی بکەین بە نەوەی نوێوە و ئاڵاکەی یەکێتی بەرزتر راگرین و رێبازەکەی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال بکەینە شاڕێیەکی پڕ ڕێبواری ژیر و وریا و ئازاتر.