12وتار

ئەڵوەنی تینوو

10/6/2026 11:53:00 AM
عیماد ئه‌حمه‌د

نازانم بۆچی ماوەیەکە، هەر خەو بە خاڵۆ وسگە، ڕەفاو، مورشیدە و خاڵۆ گوڵمرای دەبینم. هەر جارێک بە شێوەیەک دێن، بەڵام ناوەڕۆکی خەوەکان یەکە؛ هەر جارێک یەکێکیان لەبەردەمم ڕادەوەستێت و ڕاستییەکی تاڵم بۆ دەگێڕێتەوە.

خاڵۆ وسگە دەڵێت: «ئێمە ڕۆیشتین و ئەڵوەنمان بۆ ئێوە جێهێشت؛ بۆچی واتان لێ کرد؟»

ڕەفاو تۆڕە بەتاڵەکەی پیشان دەدات و دەڵێت: «جاران ماسی لە تۆڕەکەماندا دەجووڵا، ئێستا تۆڕەکەمان تەنها گەڵای وشک کۆدەکاتەوە.»

مورشیدەش لە کەناری ڕووبارەکە دادەنیشێت و بە بێدەنگی سەیری دارەخورما وشکبووەکان دەکات.

خاڵۆ گوڵمرای لە خوارەوەی گەرەکی جەلەوە، سەیری بێستانەکەی دەکات و دەڵێت: «کاتێک ئاو وشک دەبێت، تەنها دار و ڕووەک نامرن؛ بیرەوەرییەکانیش وشک دەبن.»

لەگەڵ بانگی بەیانیی مزگەوتی نالی، لە گەڕەکی عەقاری لە سلەیمانی بە ئاگا هاتمەوە. دەمم وشک بووەوە؛ وەک بێستانەکەی خاڵۆ گوڵمرای. چاوانیشم پڕ بوون لە فرمێسک؛ وەک کانییەکانی گەرمگ، لای ئیمام عەباس، نزیک گوندی عالیاوە لە خانەقین.

ئەڵوەن بۆ من تەنها ڕووبارێک نەبووە؛ دەنگی خانەقین و ئاوێنەی ئاسمانی منداڵیم بووە. لەسەر کەنارەکانی گەورە بووم، بە هاژەی ئاوەکەی گوێم لە چیرۆکی ژیان گرت و لەژێر سێبەری دارەخورماکانی جەلەوە، یەکەم وانەکانی خۆشەویستیی مرۆڤ و خاک و نیشتمانم خوێندەوە. ئەوسا پێمان وابوو ئەڵوەن هەمیشە پڕئاو دەمێنێتەوە و ماسیگرەکانی خانەقین هەمیشە لە کەنارەکەی دەبن. نەماندەزانی ڕۆژێک دێت ڕووبارەکانیش، وەک مرۆڤەکان، ناچار بە کۆچکردن دەکرێن.

لە دوا مانگەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژێک دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی ئەوکات، لە دانیشتنێکی برایانەدا لە ئۆفیسەکەم لە ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر باسی کێشەکانی ئاو و ژینگەی لە جیهان بۆ باسکردین. وەک هەمیشە، قسەکانی ورد، ئەکادیمی و پشت‌بەستوو بە زانست بوون. سوودێکی زۆرم لێ وەرگرت و تا ئێستاش لە زەینمدا ماونەتەوە.

کاتێک لە خەوەکانمدا لەگەڵ ماسیگرەکان و جوتیارەکانی خانەقین گەڕامەوە بۆ کەناری ئەڵوەن، ئەو قسانەش لەگەڵم گەڕانەوە. خەو، بیرەوەری و نیگەرانیی ئاو تێکەڵ بوون و ئەم بیرۆکە و دەربڕینانەیان هێنایە خەیاڵم؛ منیش خستمنە ناو «Notes»ی مۆبایلەکەم و ئامادەم کردن بۆ بڵاوکردنەوە.

قەیرانی ئاو چیتر بابەتێکی دوور یان تەنها کێشەیەکی ژینگەیی نییە. وشکبوونی ڕووبارەکان بە مانای کەمبوونەوەی کشتوکاڵ، مردنی ماسی، دارستان و باخ، بێکاربوونی جوتیار و ئاوارەبوونی خێزانەکانە. کاتێک سەرچاوەی ئاو وشک دەبێت، ژیانیش لە دەوروبەریدا دەستی بە کۆچکردن دەکات. لەوێوە، کێشەی ژینگەیی دەبێتە قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و، لە کۆتاییدا، مەترسییەکی نیشتمانی.

کوردستان بە خاک و چیا و ڕووبارەکانی ناسراوە، بەڵام ئەم سامانە سروشتییانە هەمیشەیی نین، ئەگەر پارێزگارییان لێ نەکرێت. کەمبوونەوەی باران، گۆڕانی کەشوهەوا، بەکارهێنانی بێ‌سنووری ئاوی ژێرزەوی، دروستکردنی بەنداو لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی دەرەوەی سنوور و نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانیی ئاو، هەموویان پێکەوە داهاتووی ئێمەیان خستووەتە مەترسییەوە.

ئاو تەنها خزمەتگوزارییەک نییە کە لە بۆڕیی ماڵەوە بێت؛ ئاو مافە، سامانە و بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی. بۆیە پاراستنی ئاو نابێت تەنها ئەرکی وەزارەتێک یان دامەزراوەیەک بێت. پێویستمان بە ستراتیژییەکی ڕوون و درێژخایەن هەیە؛ لە کۆکردنەوەی ئاوی باران و بنیاتنانی بەنداوە بچووکەکانەوە، تا نوێکردنەوەی شێوازی ئاودێری، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، ڕێگریکردن لە پیسبوونی ڕووبارەکان و پەروەردەکردنی هۆشیاریی ژینگەیی.

بەرپرسیارێتیی هاووڵاتییش لەمەدا کەمتر نییە. هەر دڵۆپێک ئاو کە بەفیڕۆ دەچێت، بەشێکە لە مافی نەوەکانی داهاتوو. ناتوانین لە ڕووبارەکان چاوەڕێی بەخشندەیی بکەین، بەڵام خۆمان بە بێ‌پەروایی مامەڵەیان لەگەڵ بکەین.

لە خەوەکانمدا، ماسیگرەکان هەر لە کەناری ئەڵوەن چاوەڕێن. تۆڕەکانیان بەتاڵە، بەڵام چاویان هێشتا لە ڕووبارەکەیە. خاڵۆ گوڵمرایش چاوی لە بێستانەکەیە؛ وەک ئەوەی چاوەڕێی وەڵامی ئێمە بن: ئایا ئەڵوەن و ڕووبارەکانی دیکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەپارێزین، یان ڕۆژێک دەبێت لەسەر نەخشەکان بەدوای ناویاندا بگەڕێین؟

چونکە کاتێک ڕووبارێک کۆچ دەکات، تەنها ئاو لە شوێنی خۆی نامێنێت؛ بەڵکو بەشێک لە مێژوو، ناسنامە و ڕۆحی نیشتمانیش لەگەڵ خۆی دەبات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن