28وتار

کۆسرەت رەسولی عەلی شێری ئیمامی عەلی

2/18/2026 10:10:00 AM
عیماد ئه‌حمه‌د


پێش هەموو شتێک، زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ بەهۆی باری تەندروستییەوە، کاک کۆسرەت تاقەتی جارانی نەماوە کە بتوانێت وەک رابردوو لەگەڵماندا خزمەتی هەرێمی کوردستان و میللەتەکەی بکات، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیار و ترسناکەدا، بەڵام ناوی ئەو هەمیشە بە شێوەیەکی بەرز لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورددا ماوەتەوە و بەردەوام ورە بە ئێمە و نەوەی تازە دەدات.

کاک کۆسرەت یەکێکە لە تێکۆشەرە دیارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. من یەکەمجار لە ساڵی 1984 لە کۆنفرانسی سێی کۆمەڵە لە مێرگەپان بە دیداری شاد بووم. ئەو کاتە وەک لێپرسراوی رێکخستنەکانی کۆمەڵە لە هەولێر بەشدار بوو، دیارە رۆڵێکی کاریگەری لە سەرخستنی کۆنفرانسەکەدا بینی. دواتر بوو بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی شۆڕش و نەگەڕایەوە بۆ شار، بەڵکوو لە ناو شۆڕشدا مایەوە و ئەركی سیاسی و سەربازیی گەورەی لەئەستۆ گرت.

لە هاوینی ساڵی 1997دا، کاتێک سەرۆکوەزیرانی زۆنی سەوز بوو، لەگەڵ کاک کۆسرەت و وەفدێک سەردانی دێهاتەکانی ناوچەی ئالانی شارباژێرمان کرد. خەڵکیی بەژن و پیاو و بە مناڵ و پیرەوە پێشوازییان لێکردین و هاواریان دەکرد: «کۆسرەت رەسولی عەلی، شێرەکەی ئیمامی عەلی»

ئەو ناو و ناوبانگە بەهۆی ئازایەتی و قارەمانێتییەکەیەوە بوو کە لە شەڕ و ئاشتیشدا نیشانی دابوو.

کاک کۆسرەت پیاوێکی قارەمان و خاوەنهەستێکی سیاسیی دەگمەن بوو. زۆرجار بڕیارەکانی راست و هەڵسەنگاندنەکانی دروست دەردەچوون. لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، وەک سەرۆکی وەفد بەشداری دانیشتنە گرنگەکانی کردووە و هەمیشە داكۆكی لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان کردووە. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، پیاوێکی بەوەفا و خۆشمەعشەرە. لە کاتی خۆشی و ناخۆشی هەڤاڵاندا، دریغی نەکردووە. دەستکراوە و دڵپاک بووە بۆ خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان.

ئەگەرچی ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت وەک جاران رۆڵ ببینێت، بەڵام مێژووی تێکۆشان و خزمەتەکانی هەمیشە بۆ ئێمە وانەیەکە لە ئازایەتی، بەوەفایی و بەرپرسیارێتی.

ئێمەی یەکێتییەکان و هەموو ئەوانەی باوەڕمان بە رێبازی مام جەلال و یەکڕیزیی هەیە، دەبێت قۆڵی لێ هەڵبماڵین و جێگەی ئەو سەرکردانە پڕبکەینەوە کە بەهۆی تەمەن، یان نەخۆشی، یان کۆچی دواییەوە، زۆر بەداخەوە لە ناوماندا نین، بەڵام ئێمە بە یادی هەڤاڵە هەمیشە لەیادەکانمان و بە هیممەت و یەکڕیزیی، دەتوانین ئاڵای یەکێتی زیاتر شەکاوەتر بکەین و خزمەتی گەل و نیشتمان بکەین،  لەپێناوی ژیانێکی شایستە و سەرفرازیی زیاتر بۆ میللەتەکەمان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن