9وتار

وردەکارییەکان گەورە دەکەین، نیشتمان بچووک

10/27/2026 11:47:00 AM
عیماد ئه‌حمه‌د

هەر کاتێک ژاوەژاوی ئەمڕۆ سەر و دڵم دەگرێت، بیرم دەگەڕێتەوە بۆ جەلەوە و ڕۆژانی منداڵیم؛ بۆ ئەو دنیایەی کۆڵانێک نیشتمانمان بوو و یارییەک هەموو خەونمان. تۆپێک یان قسەیەک بەس بوو لە یەکتر هەڵبچین؛ هەر یەکەمان خۆمان بە خاوەنی هەق بزانین و چاوەڕێ بکەین ئەوی تر هەنگاوی ئاشتبوونەوە بنێت. یارییەکە دەوەستا و کۆڵانەکە لەبەرچاومان تەنگتر دەبووەوە. بەڵام دڵی منداڵ جێگایەکی زۆری بۆ کینە نەبوو؛ ناکۆکییەکە بچووک دەبووەوە و کۆڵانەکە فراوانیی خۆی وەردەگرتەوە، چونکە دەمانزانی بە تەنها یاری ناکرێت.

ئەم بەیانییە، پێش ئەوەی پەنجەرەی ژوورەکەم بکەمەوە، پەنجەرەی مۆبایلەکەم کردەوە؛ ژوورەکەم پڕ بوو لە هاوار. بوختانێک بە جوێنێک وەڵام دەدرایەوە و هەر کەسێک هەوڵی دەدا بە نزمکردنەوەی ئەوی تر، خۆی بەرز بکاتەوە. لە خۆم پرسی: ئێمە گەورە بووین، ئەی بۆچی دڵمان تەنگتر بووە؟ چۆنە هێشتا لەسەر تۆپەکە شەڕ دەکەین، کەچی کۆڵانەکە لەبیر دەکەین؟

لەو ژاوەژاوەدا، چارەنووسی میللەت و نیشتمان وەک منداڵێکی ونبووە کە کەس بەدوایدا ناگەڕێت. وشەیەک، وێنەیەک یان هەڵەیەکی تاکەکەس دەکەینە بابەتی چەند ڕۆژ مشتومڕ، بەڵام نان، کار، دادپەروەری، یەکڕیزی و داهاتووی نەوەکان لە پەراوێزدا دەمێننەوە. وردەکارییەکان هێندە گەورە دەکەین کە نیشتمان لە پشتیانەوە دیار نامێنێت.

کەناری ئەڵوەنم هاتەوە یاد؛ بەردێکی بچووک بازنەی گەورە لەسەر ئاو دروست دەکات، پاشان بازنەکان ون دەبنەوە و ڕووبارەکە بە ڕێگای خۆیدا دەڕوات. ئێمەش ڕۆژانە بەردێک دەخەینە ناو ژیانی یەکتر و تا ئێوارە بازنەکانی دەژمێرین؛ کەچی ناپرسین ڕووبارەکە بۆ کوێ دەڕوات و چەند ئاوی تێدا ماوە.

لە بارودۆخێکی پڕ لە قین و ناکۆکیدا، بانگی ئاشتی بە لاوازی دادەنرێت و داوای گفتوگۆ گومانی لێ دەکرێت. لە بەشێکی سۆشیال میدیادا، جوێن دەبێتە ئازایەتی و بوختان جێگای بەڵگە دەگرێتەوە؛ قسەی ئارامیش لە ژێر هاوارەکاندا ون دەبێت. بەڵام منیش لەو تاقیکردنەوەیە بەدەر نیم؛ ئەگەر قینی ئەوان منیش بەرەو جوێن و بوختان ببات، تەنها دەنگێکی ترم بە ژاوەژاوەکە زیاد کردووە. ئاگر بە ئاگر ناکوژێتەوە و بە شکاندنی کەرامەتی یەکتر، کەرامەتی نیشتمان ناپارێزرێت.

ڕەخنە پێویستە و لێپرسینەوە مافی خەڵکە. هەڵەیەکی بچووکیش دەکرێت نیشانەی کێشەیەکی گەورە بێت، بەڵام دەبێت بپرسین: ئەم مشتومڕە کام هەڵە ڕاست دەکاتەوە؟ کام ماف دەگەڕێنێتەوە؟ میللەتێک کە هەموو وزەی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی یەکتر تەرخان بکات، چی بۆ بنیاتنانی داهاتووی دەمێنێتەوە؟

مۆبایلەکەم دانا و پەنجەرەی ژوورەکەم کردەوە؛ ڕووناکیی بەیانی کەوتە ژوورەوە و هەناسەیەکم هەڵکێشا. پاش کەمێک، مۆبایلەکەم هەڵگرتەوە و لە تێبینییەکانمدا نووسیم:

لە سەردەمی منداڵیدا، بۆ بەردەوامبوونی یاری فێری ئاشتبوونەوە دەبووین؛ ئەمڕۆ بۆ داهاتووی منداڵەکانمان پێویستمان بەو وانەیە هەیە. با وردەکارییەکان هێندە گەورە نەکەین کە نیشتمان لە دڵماندا جێگای نەبێتەوە. ئەگەر هەر یەکەمان بەردێک لە دیواری ماڵە هاوبەشەکەمان هەڵکەنین و بە سەری یەکتریدا بکێشین، سبەی سەقفێک نامێنێت تا منداڵەکانمان لە ژێریدا پەنا بگرن.

دۆستێکی خۆشەویستم، بۆ بەهێزترکردنی پەیامی وتارەکە ئەم دێڕانەی بۆ کۆتاییەکە زیاد کرد:

«وەرن با نیشتمان بکەینە هەرێمی گەشاوەی ژیان و پەنا بەرینە بەر ئەم شیعرە بەرزەی مامۆستا هێمن؛ شیعرێک کە پەند و ئامۆژگاری و وانەیەکی مەزنە و نیشتمان لە پێش هەموو بەرژەوەندییەک دادەنێت:

لە شاییدا لە وەختی هەڵپەڕینا
لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە»

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ