14وتار

یەکێتی و ژنان و میم خەنان

11/1/2025 5:54:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د


ئەمجارە دەمەوێت شتێک بنووسم و بیرەوەریی و یادگاری سیاسی و مەسەلەی ژنان بەیەکەوە شەتەک بدەم لەرێگەی باسکردنی تۆماری ژیانی ژنێکی خانەقینیی کە ژیانێکی سەخت و کولەمەرگی ژیاوە.
  میم خەنان ژنێکی بەساڵاچوبوو، بەتەنها لە ژوورێکی بنەوەی حەوشی گەورە دەژیا، هاوسەرەکەی خاڵو سلەیمان زوو بەجێیهێشتبوو كۆچی دوایی کردبوو، من هیچ شتێک لە بارەی خاڵو سلەیمان نازانم، یان لەبیرم نەماوە، بەڵام میم خەنان-م بە باشیی لەبیرە
رۆژانە کە خۆر لەپشت باخەکانی خانەقین هەڵدەهات، میم خەنان، کترییە قوپاوە رەشپۆشەکەی و قۆری فەخفوریی لەسەر ئاگری دار دادەنا و چایەکی خەست و عەنابیی بە نانێکی وشکەوە دەخوارد، لەپاشان خۆی ئامادە دەکرد و پێڵاوە لاستیکەکەی لە پێ دەکرد، پەت و گوریسی دەخستە سەر شان و بەرەو بێستانەکانی خوارەوەی گەڕەکی جەلەوە دەرۆشت، بۆ کاری جوتیاریی و پەیداکردنی بژێوی ژیان.
  میم خەنان، ژنێکی باڵا کورت، پشت چەماوە، سوور  و سپی، لەشولار باریک، چاو کاڵ، برۆ و برژانگ و پرچ زەرد، پەنچە شمشاڵی و ناولەپ  ئەستور، ددانی لە دەمدا نەمابوو، لێوی سەرەوەی شۆڕ بووبۆوە و فسکە زمان بوو. ئەو جیاواز لە ژنانی جەلەوە، سەری بە فوتە و بۆیەمە نە دەبەست، بەس بە لەچکێکی سپی سەری دادەپۆشی.
ئێواران پێش بانگی مەغریب دەگەڕایەوە، کۆمەڵێک داری وشک، کە بە پەت شەتەکی دابوون، بە گوریسیش لە سەر پشتی خۆی قایمی دەکرد، هەر دوو دەستی بە گوریسەکەوە بوون.
رۆژێک، بە باری سەر پشتییەوە پاڵی دایە دارخورمایەکی بەرانبەر  دەرگای حەوشی گەورەوە، کە سێ چوار پایەی لە ئەرزەکە بەرزتر بوو. بە چاوی منداڵێکی بێنازەوە ئەو تابڵۆ نایابەم بینی، بەداخەوە کە وەک مایکل ئەنجیلۆ نەبووم، تا بێکەم بە تابلۆیەک بۆ هەتاهەیە بمێنێتەوە!
لە ژێر سێبەری دارخورماکە و لە تەنشت میم خەنان دانیشتم، گوێم لە ترپەی دڵ و هەناسەی  بوو، بێم وت: مێم خەنان حەزدەکەم یارمەتیت بدەم و بەشێک لە چیلکە وشکەکان بخە سەر شانم، بارەکەت لەگەڵ هەڵدەگرم، ئەویش بە دەنگی پڕ لە سۆز و چاوێکی پڕ لە حەسرەتەوە وتی: بە قوربانتبم کوڕە هاروهاجەکەم، تۆ هێشتا منداڵیت و ناتوانیت بچیتە ژێر ئەم بارە قورسەوە، کە گەورە بوویت باری لەمە قورستر و گەورەتر چاوەڕوانت دەکات، بەدبەختییەکەتان ئەوەیە لە جەلەوە لەدایکبوون و دراوسێی خەنانی بەدبەختن!
دوای ماوەیەک، میم خەنان بە بێکەسیی لە ژوورە تاریکەکەیدا بۆ ئەبەد سەرینایەوە و خەڵکی دڵسۆزی جەلەوە لە گۆڕستانی ئیمام عەباس ناشتیان.  بیرمە تا لای گۆڕی سەید، بەپێخاوسی دوای تەرمەکەی کەوتم و  لە خوای گەورە دەپاڕامەوە، لە بەهەشت ئیتر باری قورسی پێهەڵنەگیرێت!
بیرەوەریی و بەسەرهاتی میم خەنان، مەسەلەی ماف و بزووتنەوەی ژنانی  هێنایە بیرم. وەکو مێژوونوس و فەیلەسوفەکانی بواری کۆمەڵایەتی دەڵین؛ ژنسالاریی پێش پیاوسالایی هەبووە، سەرەرای  نەبوونی یاسای هاوچەرخ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، تارادەیەک دادپەروەریی باشتر بووە لە ئێستا و چەوساندنەوەی رەگەزیی وەک ئێستا  نەبووە.
سەردەمانێک کە گەنج و هەواداری فەلسەفەی چەپ بووین، زیاتر شانازیمان بە رۆزا لوکسومبۆرگ و ئەنجیلا دیفش و جمیلە جەزائیرییەوە دەکرد. بێگومان ئێستا دنیا گۆڕاوە، ئێمە لە  خانەقین شانازیی بە لەیلا قاسم و وەسفییەخان دەکەین، لە گەرمیان شانازیی بە نازەی دەرەدۆین و توبای زەنگەنە دەکەین، لە سلێمانی بە هێرۆ خان و لە هەولێر بە خانزاد و لە بادینان بە زێرینی ئامێدی.
لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەش لە باکوور شانازیی بە لەیلا زانا و لە باشوور عادیلەخان و لە رۆژهەڵات مەستوورەی ئەردەڵانی و لە رۆژ ئاوا شانازیی بە گەریلاکانی کۆبانی لە شەری دژ بە داعش، دەکەین.
ژنان لەم سەردەمەدا تا ئەندازەیەکی باش مافیان پارێزراوە لە گشت ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییدا، دۆخەکە وەک سەردەمی کۆنی جیاکاریی و پێشێلکردنی مافەکانیان  نەماوە.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، وەک حزبێکی سۆشیال ئەنتەر ناسیوناڵ بڕوای تەواوی بە مافی ژنان هەیە و درێغیشی لە پشتیوانی و هاوکاری ژنان لە پرۆسەی سیاسی و حکومداریدا نەکردووە، بڕوای تەواوی بەم  فەرمودە بەنرخە هەیە، کە دەڵێت: پێوەری رزگاریی کۆمەڵگا، بەندە بە رزگارکردنی ژنانەوە.
لەم رۆژانەدا، بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەردانی کۆمیتە و بازنەی رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان-م کرد  لە گەرەگی (شێخ محێدین)، ئەو گەڕەکەی لە پایزی ساڵی(1983)  لە ماڵی خاڵم سەعدولڵا چەند رۆژیک خۆم حەشاردابوو، بو ئەوەی پەیوەندیی بە شاخەوە بکەم لە ناوچەی قەرەداغی لانکەی شۆرش و مەزارگای کاک ئارام.
خۆشحاڵبووم کە زانێم لێپرسراوی کۆمیتەکە ژنە و زۆر ژنی رێکخستنیش ئامادەی کۆبونەوەکە بوون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لەسەر شاڕێگەی خەباتی مەدەنی و رێبازەکەی رەوانشاد مام جەلال بەردەوامین و ئەمەش نوقڵانەی سەرکەوتنە، بەتایبەت کە دەبینم ژیان و بژێوی و پێگەی ژن لە کۆمەڵگا زۆر جیاوازە لەوەی میم خەنان و هەزارانی وەکو ئەو تیایدا بوون، سەرەڕای ئاستەنگەکان دۆخی ژنان بە رێژەیەکی بەرچاو گۆڕاوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن