زۆرێک بۆ خەڵک و جارجاریش بۆ خۆم دەنووسم
11/5/2025 10:31:00 AM
عیماد ئهحمهد
یەکەم رۆژی مانگی یانزەی (2025)، بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژادنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەردانی شاری خانەقین-مان کرد. لە سلێمانییەوە بۆ خانەقین رێگاکە نزیکەی سێ سەعاتی خایاند، شوکور ئیستا چاککردنی رێگای هاتونەهاتەکەی نیوان سلێمانی و کەلار بەشێکی زۆری تەواو بووە و بۆتە جوتساید و کێشەی هاتوچۆ لەو رێگایە کەمبۆتەوە.
لەو ماوەیەدا، لەناو خەیاڵ و یادگاری و بیرەوەرییەکانمدا مەلەم دەکرد.سەرەتا پەیکەرە نیوییەکەی شەهید ئازاد هەورامی-م بینی روویکردووتە هەورامان و بە زمانە شرینەکەی پێی وتین: لە پەنای خوادا بن. لە نزیک دەربەندیخان لە دێی سیارە، سێبەری مام دەروێش-م بە جامانە و جلی کوردی خاکییەوە بینی، وەک ساڵی(1993) بە تاقم و کڵاشنکۆفەوە چاودێریی جادەکەی دەکرد، دڵ و دەرونم پڕ بوون لە خەفەت و داخ کە ئەمبەر و ئەوبەری جادەکەم دەبینی زەوییەکە چەند تینووی ئاوە و چاوەڕوانی رەحمەتی بارانە.
لە بانیخێڵان، ناوچەی برنج و ئاوی سازگار، داستانەکەی مەحمودی مامە عەزەم دژ بە سوپای داگیرکەری بەعس هاتەوەیاد و ئەحمەدی بانیخێلانی، سەرکرەدی حزبی شیوعی عیراقمان بینی بە فەرهەنگی فراوانی پەندی پێشینانەوە.گەیشتمە لای تونی بابا، لە دڵی خۆمدا وتم، خوایە بەڵای وشکە ساڵی، ئاوی ئامون و توونی بابا بچێت.
یادت بەخێر هێرۆ خانی هاورێ و خاوەن هەڵوێست و بە وەفا، چەند بە تەمای بینینی توونەکان بوویت، بۆ ئەمەش لەگەڵ عەدنانی حەمەی مینە خەریکی هێنانەدی ئاواتەکەت بووین، بەداخەوە بەهۆی تەندروستیتەوە ئاواتەکەت نەهاتەدی. لای دێی قوڵەبەرز، ئەو رۆژانەم هاتە یاد کە چۆن وەسفیە خان دەمانچەیەکی لێرەوە بە تەکسییەکەی عەلی باپیری خانەقین، گەیاندە مولازم جوامێر و هەڵۆی سوور لە بەغداد. لە دێی بەرلووت جەوهەر نامیق و رێکەوتننامەی واشنتۆنی ساڵی(1998) و وەفدی یەکێتی و پارتی هاتنەوە بیرم.. پێش ئەوەی بگەینە ناو شاری کەلار، چاوم کەوتەسەر ماڵ و دیوەخانەکەی ئەحمەد کەلاری، ئەو رۆژانەی پێش ساڵی(1970)م هاتەوە یاد چۆن لە فلکەی کرندی ناو شاری خانەقین بە جلی سەربازی و پووزەوانە و کلێتە و فەرەنجییەوە بە دەنگە پڕ جۆش و خرۆشەکەی شیعری دڵدار و قانع و حاجی قادری دەخویندەوە.
لەناو شاری کەلار سەڵاح کوێخای میواندۆست و ئیسماعیل مەردانی قسە خۆشم هاتەوەبیر.
لە دەشتی بنکورە لەگەڵ قسە دانسقەکانی شێروان شێرەوەندی و هیمەتی کەموێنەی حەمە نوری بەسە، ژیام.
گەیشتمە لای باوەمەحمی و خەیاڵم فڕی بۆ لای چوارەم رۆژی جەژنەکانی رەمەزان و قوربانی خۆش و دەگمەن لە خانەقین و دەهۆڵ و زوڕنای و هەڵپەرکێی فەتاح پاشا و سێپێیی خوداداد عەلی و سەی جاسم رەئوف قەیتەران و رەحیم خەیات و خەڵکانی دیکە.
نزیکبووینەوە لە خانەقین، بۆنی ئەڵوەن و سیمای باخەکانی دڵ و دەروونمانی پڕ کرد لە ئومێد و خۆشی وەک منداڵێکی کۆپە کاتێک شاد ببێتەوە بە دایکی. هەڤاڵانی مەڵبەند پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین و کۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی مەڵبەندی خانەقین و کاندیدەکانمان ئەنجامدا،
لە گەرمەی کۆبوونەوەکەماندا بوومەلەرزەیەکی تا رادەیەک بەهێز لە خانەقین و دەوروبەریدا، بەشێک لە هەڤاڵان کەمێک شڵەژان، بەڵام کۆبوەنەوەکەمان بەردەوام بوو.
سەبارەت بە بوومەلەرزە قسەیەکی نەنکم هاجەر بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە، کە دەیوت: هەر کەسێ لە کاتی بوومەلەرزەدا، فریا بکەوێت دەستبخاتە سەر زەوی و نیەت بهێنێت یەکسەر نیەتەکەی دێتەدێ، بەڵام بەداخەوە ئێمە لەسەر کورسی و مێز دانشتبووین و فریای دەست خستنەسەر زەوی نەکەوتین.
ئینجا بەیەکەوە رۆشتین بۆ خدرزندە بۆ سەر مەزاری شەهیدان، کە هێمای خانەقین و یەکێتی-یەکەمانە، هەستم دەکرد روحیان لەگەڵماندایە و قسەیەکی مارکیز -م هاتەوە یاد لە رۆمانی (مئة عام من العزلة)دا، کە نزیکەی(40) ساڵ لەمەوبەر خوێندومەتەوە تێیدا دەڵێت: «سەر بە خاکێک نابیت ئەگەر مردووت تێیدا نەناشتبێت».
ئێمە لە خانەقین دەیان هەزار کەس و دەیان شەهێدمان لەم خاکە پیرۆزەدا ناشتووە. یەکێتێکەمان لەسەردەمی شاخ و راپەرین و دوای رزگارکردنی عیراقیش لە دکتاتۆریەت، هەر بایەخی بە خانەقین داوە.
رەوانشاد مام جەلال زۆر جار کە دروشمی دەوتەوە، دەیوت: (یان کەرکوک و خانەقین، یان هەتا ماوین دەجەنگین)،
لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە سەرتاسەری کوردستاندا بۆمان دەردەکەوێ، هەندێ جار جەماوەر، لاینگران و ئەندامانی یەکێتی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بەحەماسەتتر و شۆرشگێڕترە لە سەرکردایەتییەکەی!
لە گەرانەوەماندا بو شار، لە فلکەی پاشاکۆپری پەیکەرە پر واتاکەی حسێن مەنسور خواحافیزیی لێکردین و بە خوای سپاردین.
پێم باشە،لە کۆتایی ئەم زنجیرە وتارەدا دەربارەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بڵاومکردونەتەوە بڵێم:
خوێنەری بەرێز داوای لێبوردن دەکەم زۆرێکم بۆ تۆ نووسیوە و جاروباریش بۆ خۆم، زۆر شت لە ژێر پێستمەوە، بۆ دنیای تەنهایی لەکەڵ خۆم دەیبەم، دوور لە تۆ و نزیک لە خۆم.