72 کوردستان

مەترسییەک لەسەر مووچە و بودجە دروست بوو

02:36 - 11/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی بە ١٢ تریلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینارە، بەڵام ئەو پارەیەی كە لە واقیعدا خەرج دەكرێت كەمتر دەبێت لەو بڕەی دیاری كراوە، چونكە خەرجیی فیعلی لە نێوان ٨٠٪ بۆ ٩٠٪ـدایە.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق ڕایگەیاند: پشكی هەرێمی كوردستان لە كۆی گشتیی بودجەی ٢١٧ تریلیۆن دیناریی عێراق دەگاتە نزیكەی ٦٪ و دابەزینی خەرجیی فیعلی دەبێتە هۆی كەمبونەوەی پارەی تەرخانكراو بۆ ١١ تریلیۆن و دروستبونی مەترسی لەسەر خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم دابەزینەی خەرجیی فیعلی ڕەنگە پشكی هەرێم بۆ نزیكەی 11 تریلیۆن دینار داببەزێنێت، كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر بەردەوامیی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران، پەرەپێدانی پارێزگاكان و پرۆژە وەبەرهێنانەكان دروست دەكات.
ئیخلاس دلێمی لە لێدوانەكەیدا جەختی كردەوە، "گفتوگۆكان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە تەمویل، لەگەڵ كاركردن بۆ دەستەبەركردنی پابەندییە داراییەكان و ڕێگریكردن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر شایستە و بەشەبودجەی هەرێم".

دۆسیەی بودجە و دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە لە ساڵانی ڕابردودا بەهۆی ململانێی سیاسییەوە ڕوبەڕوی ئاستەنگ بوەوە. ڕۆژی دوشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبونەوە و دوای كۆبونەوەكە رایگەیاند، لەگەڵ زەیدی گەیشتینە رێککەوتن لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن