8وتار

هاوسەنگی لە تەرازوەکەی خانەقین دا

1/27/2026 11:08:00 AM
عیماد ئه‌حمه‌د


تەرازو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا رۆڵی گرنگی بینیوە، تەنانەت لە قورئانی پیرۆزدا چەندینجار ناوی هاتووە، هەروەها لە ئەدەبیاتی کوردیشدا حەزرەتی نالی لە ستایشی چاوی حەبیبەدا باسی تەرازوی نازی کردووە.

پێم دەڵێن مەحبووبە خێل و قیچە مەیلی شەڕ دەکا
خێل و قیچە، یا تەرازوی نازی نەختی سەر دەکا؟!


تەرازو سەرەتا بە مەزەندە واتە بە گۆترەکاریی بوو، لە دواییدا بە ئامێری سادە شتەکان پێوانە کراوە.
تەرازو وەک ئامێر بۆ کێش و پێوانەی شتی بابەتی، بە سادەترین شێوە دروستکراوە و لەگەڵ رۆژگاردا وەک ئامراز و ئامێرەکانی دیکە لە کۆمەڵگەدا، قۆناغی گەشەکردنی بڕیوە تا گەیشتۆتە ئەمرۆ و بووە بە تەرازووی پێشکەوتووی ئەلکترۆنی کە سووکترین شت دەکێشێت، بێگومان قورسترین شتیش.
جۆری تەرازو زۆرە، وەک تەرازوی باخ و عەلوە و دوکان و ئەلکترۆنی و تەرازوی زەرەنگەر و تاقیگە ...هتد
تەرازوو لە بورجەکانی بەختدا حەوتەمین بورجە(23/ئەیلول-22/تشرینی یەکەم).
هەروەها تەرازو بێجگە لە کێشانی شتە بابەتییەکان، وەک میتافۆرێک بۆ کێشان لە سیاسەت و فەلسەفە و ئاین و دەوڵەتداریدا بەکاردێت.  
تەرازو بە واتای گشتی، بە مانای دادپەروەریی و راستی دێت.
لە شاری خانەقین، قەڵای دمدمی کوردستان، شاری خەبات و بەرخودان و تێکۆشەران، شاری جاروڵا و دەروێش باوەخان، لەگەڵ تەرازودا سەربوردە و یادوەری خۆی هەیە کە لەسۆنگەیەوە دەمەوێت ئەمجارەیان لەبارەی دوو سیمبولی پاک و بێگەرد و سەر راستی ئەو شارە بنووسم.

جاروڵا پیاوێکی سوبی (صابيئه)ی زەرەنگەر بوو، لەمامەڵەدا سەرڕاست و پاک بوو.

جاروڵا پیاوێکی، سپی رەنگ و باڵابەرز و چاوکاڵ بوو، سمێل قەیتانی و قژپڕ و رەش و جەستەیەکی باریکی هەبوو، دشداشەی سپی لە بەردەکرد و غوترەی لە سەر دادەنا. دوکانەکەی نزیکی کەبابخانەی ئەحمەدە خەجە بوو، لە گەڕەکی تێلخانە نشتەجێبوو.
ئەم زاتە، لەکاتی کڕین و فرۆشتنی زێردا، فوی بە هەردوو لای تەرازوەکەیدا دەکرد، بۆ لادانی تۆزی سەر قاپی تەرازوەکە، نەک ببێتە کێش و کڕیار، یان فرۆشیار زەرەرمەند بێت.

جاروڵا وتەیەکی بەنرخی هەبوو دەیوت؛ لە دنیای فانیدا زێڕ بە تەرازو پێوانە دەکرێت، بەڵام لەودنیا و لای خوای گەورە، ئەم زێڕە نرخی نییە، رەوشت و دادپەروەری و پاکیی دەروونی بە تەرازوی زۆر ورد پێوانە دەکات و ئینجا پاداشتی خاوەنەکەی دەکات.

دەروێش باوەخان، پیاوێکی نورانیی و لە خواترس بوو، دوکانیکی گەورەی وشکەفرۆشی لە دەستی راستی دوکانی خورما فرۆشییەکەی مامم محەمەد سەیفور بوو، بەردەوام جلێکی سپی هەرزانی لەبەر دەکرد و سەندەلیی چەرمی بەبێ گۆرەوی لەپێ دەکر و غوترەی لە سەر دادەنا. سەروڕیشی سپی وەک بەفر، باڵا کورت و جەستە لاواز، چاوی لە زەوی هەڵنەدەگرت، تەنیا لەکاتی نوێژ و تاعەتدا سەری بەرزدەکردەوە بۆ ئاسمان. ئەم زاتە لە گەڕەکی جەلەوە لە بەرامبەر ئەڵوەن نشتەجێبوو.

هەروەها دەروێش باوەخانیش لە کاتی پێوانە و کێشاندا کیسەیەکی کاغەزی بەتاڵی بۆ لاکەی خۆی دادەنا بۆ یەکسانی ئەو کیسەیە کە شتەکانی تێ دەکرد.

ئەم دوو زاتە و خەڵکانی دیکەش هەبوون کە نەیانویستووە رزقی حەرام بەنسیبیان ببێت و شەوان خەویان لێنەکەوێت!

ئەمڕۆ بۆ پاراستنی هەرێم و چاکسازی لە دەسەڵاتدا و نەهێشتنی گەندەڵی لەناو کۆمەڵگەدا، پێوستیمان بە تەرازوی راست و پێوانەی دروستە بۆ هەموو  بوارەکانی ژیان.

وابیردەکەمەوە وێڕای تێپەڕبوونی رۆژگار، بەڵام هێشتا هەر لەم سەردەمەشدا بۆ هەموو کارێک جا ئەو کارە بازرگانی بیێت، یان سیاسی و بەڕێوەبردن و تەنانەت لە ژیانی رۆژانەشدا هەر دیسان پێوستیمان بە کەسانی وەکو جاروڵا و دەروێش باوەخان هەیە.

خوایە کوردستانەکەم بێبەش نەکەی لەم نیعمەتە، لە تەرازوی هاوسەنگی و یەکسانی و دادپەروەری

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن