12وتار

کاتێک دڵ دەبێتە دواین قەڵای مرۆڤایەتی

4/8/2026 1:00:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

خاڵە موحسینی پر بەهرەم، دەیوت: “ئاکار لە کاتی ئارامیدا دەنووسرێت، بەڵام لە کاتی جەنگدا دەخوێندرێتەوە”، ئەم رستەیە هەر بەتەنها وتەیەکی جوان نییە، بەڵکو کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ لە ساتەکانی تاقیکردنەوەی گەورەدا.

لەو ساتەی یەکەم گوللە دەتەقێندرێت، ژیان رەنگی دەگۆڕێت. جەنگ تەنها وێرانکردنی باڵەخانە و خاپوورکردنی شارەکان نییە؛ بەڵکو هێرشێکی قووڵە بۆ سەر مانا و بەها مرۆییەکان. لە ناو دووکەڵ و تاریکیی ئەو هەلومەرجەدا، ئەم پرسیارە بنەڕەتییە سەرهەڵدەدات: ئایا لە جیهانێکدا کە زمانی “ئاگر و ئاسن” زاڵە، شوێنێک بۆ هەست و هاوسۆزی دەمێنێتەوە؟

لە کاتی تەنگانەدا، کۆمەڵگا دوو رێگای هەیە؛ یان دەبێتە بەشێک لە ئامێرە بێڕۆحەکانی وێرانکاری، یان پەنا دەباتەبەر قووڵایی دڵ وەک دواین قەڵای پاراستنی مانا. لێرەدا ئاکار تەنها سۆزدارییەکی سادە نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی فەلسەفییە. ئەوەی دەتوانێت لە ناو جەنگدا هێشتا بەزەیی هەبێت، خەون ببینێت و هاوسۆزیی نیشان بدات، بەشێوەیەکی ناچاوەڕوان سەرکەوتووە؛ چونکە دڵێکی نەرم، لە هەموو چەک و توندوتیژییەکان بەهێزترە.

توندوتیژیی زۆرجار خەسڵەتی مرۆڤی لاوازە؛ رۆحێک کە ناتوانێت بەبێ چەک خۆی بسەلمێنێت، بەڵام نەرمیی دڵ، هێزی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتییە، هێزێکە کە هیچ تۆپبارانێک ناتوانێت بیبەزێنێت.

جەنگ هەوڵدەدات داهاتوو بکوژێت، بەڵام خەون و ئاشتی دەتوانن کات بەیەکەوە ببەستن. مرۆڤ لەو ساتانەدا پشت بەو یادەوەرییانە دەبەستێت کە هێشتا زیندوون: یادێکی شیرین، خەونێکی گەڕانەوە، یان نامەیەکی پڕ لە هیوای ماندوو. ئەمانە ئەو چرا بچووکانەن کە رێگەنادەن مرۆڤ لە تاریکیی بێ ئومێدیدا ون ببێت.

لە جیهانی ئەمڕۆدا، زۆرجار مرۆڤ دەکرێتە ژمارە و نیشتمان دەگۆڕێت بۆ نەخشە. بەڵام نیشتمانپەروەریی راستەقینە لە دڵەوە سەرهەڵدەدات، لەو شوێنەی خەون و هاوسۆزیی تێدا دەژین. نیشتمانێک کە مرۆڤدۆستیی تێدا نەبێت، تەنها پارچە زەوییەکی بێ دەنگە.
سەرکەوتنی راستەقینە لە جەنگدا ئەوە نییە کە دوژمن تێکبشکێنیت، بەڵکو ئەوەیە رێگە نەدەیت جەنگ خۆت تێکبشکێنێت.


لە کۆتاییدا، جەنگەکان رۆژێک تەواو دەبن و دەنگی چەکەکان خامۆش دەبێت؛ بەڵام ئەو دڵانەی لە ناو تاریکیدا رووناکییان پاراستووە، دەمێنن. خەون ئەو وزەیەیە کە دەیسەلمێنێت مرۆڤ هەمیشە لە جەنگ گەورەترە. ئەو پرسیارەش کە هەموو رۆژێک دەبێت لە خۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا دەتوانین لە ناو ئەم هەموو وێرانکارییەدا، پارێزگاری لەو مۆمە بکەین کە لە دڵماندا دەسووتێت؟
وەڵامەکە هەمیشە لە دڵی خۆماندایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن