راگەیاندن پیشەیە ، یان پەیام
4/14/2026 1:37:00 PM
عیماد ئهحمهد
لە جیهانێکدا کە زانیاری وەک باڵندەیەکی خێرا دەفڕێت و هەواڵەکان لە کەمترین ماوەدا دەگەنە ناو ماڵەکان، راگەیاندن بووەتە هێزێکی باڵاتر لە تەنیا گواستنەوەی وشە. ئەمڕۆ، راگەیاندن توانای ئەوەی هەیە رای گشتی دروست بکات، هاوسەنگیی دەسەڵات بگۆڕێت و تەنانەت مێژووش بنووسێتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا، دەتوانێت راستییەکان بشێوێنێت و کۆمەڵگە لەناو ئاژاوەی فکریدا تووشی سەرلێشێوان بکات.
لە رووی پێناسەوە، راگەیاندن بریتییە لە گەیاندنی زانیاری بە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە؛ بەڵام لە رووی فەلسەفییەوە، ئەوە پەیوەندییەکی رۆحییە لەنێوان مرۆڤ و راستیدا. مێژووی راگەیاندن لە سەردەمە کۆنەکاندا بە هێما و دەنگ دەستی پێکرد، پاشان بە نووسین و چاپخانە، دواتریش بە رادیۆ و تەلەفزیۆن، تا گەیشتە ئێستا کە لە سەردەمی دیجیتاڵدا لە لوتکەی خێرایی و کاریگەریدایە، بەڵام هەر گەشەیەک، بارێکی قورستری لە بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، کە ئەویش «پاراستنی راستی»یە.
دانایان دەڵێن: «ئەگەر راستی تێدا نەبێت، هەواڵ تەنیا فێڵە.» ئەم وتەیە لە سەردەمی ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک راستە؛ چونکە لەنێوان زانیارییە راستەقینەکان و هەواڵە دروستکراوەکاندا، سنوورەکان لێڵ بوون. لە سۆشیال میدیادا، هەر کەس دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هەواڵ، بەبێ ئەوەی پابەندی هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی، یان پیشەیی بێت. ئەمەش راگەیاندنی کردووەتە مەیدانی ململانێی نێوان راستی و چەواشەکاری.
لەناو ئەم مێژووەدا، راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە. لە کاتێکدا کە هیچ ئامرازێکی مۆدێرن لەبەر دەستدا نەبوو، لە دڵی شاخەکانەوە دەنگی راستی هەڵدەچوو. ئەو دەنگە تەنیا هەواڵ نەبوو، بەڵکو تیشکە هیوایەک بوو بۆ گەلێک کە لەژێر فشاری قەیران و ستەمکاریدا دەژیا. لەو سەردەمەدا، راگەیاندن مانای قوربانیدان و خزمەت بوو، نەک تەنیا پیشە. دەزگای راگەیاندنی یەکێتی لە شاخ، شان بەشانی پێشمەرگە خەباتی دەکرد؛ لەوێدا وشە و کڵاشنکۆف یەک ئامانجیان هەبوو کە بەرگرییکردن بوو لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
دوای راپەڕین و ئازادی و گواستنەوەی راگەیاندن بۆ شار و ئاوێتەبوون بە جیهانی تەکنەلۆجیا، راگەیاندنی یەکێتی گەشەی کرد، بەڵام تاقیکردنەوەکانیش گەورەتر بوون. ئێستا لە سەردەمێکداین کە هەواڵ بێ سنوور بڵاودەبێتەوە، بۆیە پێویستە راگەیاندن زیاتر لەهەر کاتێک پابەند بێت بە راستگۆیی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی.
ئەوانەی پێش ئێمە بنەمای ئەم رێگەیەیان دانا، بە هەستێکی بەرزی نیشتمانپەروەری و ویژدانێکی زیندووەوە فێریان کردین کە راگەیاندن پەیامە؛ پەیامی راستی، ئازادیی و خزمەت بە مرۆڤایەتی. ئەگەر ئەم بنەمایانە فەرامۆش بکەین، راگەیاندن دەبێتە ئامرازێکی بێ رۆح و بێ کاریگەری.
ئەمڕۆ یەکێک لە گەورەترین ئەرکەکان بریتییە لە جیاکردنەوەی راستی لەناو ئەو هەموو دەنگە جیاوازانەی کە هەوڵی ئاراستەکردنی رای گشتی دەدەن. راگەیاندن دەبێت ئاوێنەیەکی پاک بێت بۆ نیشاندانی راستییەکان، نەک پەردەیەکی تاریک بۆ شاردنەوەیان. دەبێت هەواڵ ببێتە سەرچاوەی متمانە، نەک ترس و گومان.
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گۆڕانکاری لە راگەیاندندا بووەتە پێویستییەکی حەتمی. لە جیهانێکی گۆڕاودا، دەبێت راگەیاندنیش خۆی نوێ بکاتەوە؛ ئەمەش بە بەهێزکردنی شەفافییەت، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم و نزیکبوونەوەی زیاتر لە داخوازییەکانی خەڵک. ئەم نوێبوونەوەیە تەنیا لە فۆرم و شێوازدا نییە، بەڵکو دەبێت لە ناوەڕۆک و ویژدانی پیشەییشدا بێت.
لەم قۆناغەدا، راگەیاندن دەبێت دەنگی ئەو توێژانە بێت کە دەنگیان کپکراوە و هیوا لە دڵی هاووڵاتیاندا ببوژێنێتەوە؛ چونکە کوشتنی هیوا، کوشتنی داهاتووی نەتەوەیە.
لە کۆتاییدا، میراتی جەنابی مام جەلال لەم بوارەدا باشترین رێنمایە. ئەو بە حیكمەت و مرۆڤدۆستییەکەی فێری کردین کە وشە دەبێت «پردی پەیوەندی» بێت، نەک ئامرازی دابڕان. رێبازی ئەو پاراستنی متمانەی خەڵک بوو، ئەمەش ئەو بەردی بناغەیەیە کە دەبێت راگەیاندنی مۆدێرنی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستانی لەسەر بنیاد بنرێت. وشەکان تەنیا پیت نین، بەڵکو چارەنووسسازن؛ بۆیە با هەمیشە وشەکانمان لە خزمەت راستی و رووناکییدا بن.