9وتار

مرۆڤ کاتێک کە خۆی دەبێتە کات

4/21/2026 12:33:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

مرۆڤ لەسەر سێ هێڵی نادیار دەژی: دوێنێ، کە وەک سێبەرێک بەدوامان دەکەوێت؛ ئەمڕۆ کە وەک هەناسەیەکی گەرم لە ناو سینەدا دەجوڵێت و سبەینێ کە وەک خەونێکی هێواش لە چاودا دەدرەوشێتەوە.
ئەم سێ چەمکە تەنها پێوانەی کات نین، بەڵکو رەنگدانەوەی شێوازی بیرکردنەوە و هەستکردنی مرۆڤن؛ هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی تایبەت رۆح و مێشکمان دەگۆڕن.

دوێنێ، نیشتمانی یادەوەرییەکانە؛ شوێنی ئەو شتانەی کە تێپەڕیوون، بەڵام کاریگەرییان هێشتا ماوە. لە دیدی دانایاندا، کات پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە گۆڕانکارییەوە هەیە و دوێنێ بریتییە لەو گۆڕانکارییانەی روویانداوە و تەواو بوون.
دیدی مرۆڤ بۆ دوێنێ جیاوازە؛ منداڵ بە شەکرێکی شیرین دەیبینێت، هەرزەکار بە دڵتەنگی و پیر بە بارێکی قورس.

لە خانەقین، دوێنێ بۆنی لمی کەناری ئەڵوەنە؛ لە شاخ، دەنگی خەبات و هاواری با؛ لە شار، جەنجاڵی ژیان.

دوێنێ، هەرچەندە بناغەی ئەمڕۆیە، بەڵام ئەگەر لێی تێنەگەین، دەکرێت ببێتە زنجیرێک کە مرۆڤ بە دوای خۆیدا رابکێشێت.

ئەمڕۆ، ساتی هەڵوێست وەرگرتنی بەرپرسیارانەیە.
ئەمڕۆ وەک قۆناغی هەرزەکارییە؛ کاتی هەڵبژاردنە لە نێوان رێگاکاندا.
لە دنیای سیاسەتدا، ئەمڕۆ مەیدانی تێکۆشانە؛ شوێنی هەڵبژاردنە لەنێوان ئازادی و بێدەنگیدا. ئەمڕۆ وەک ئاگرێکە؛ دەکرێت رووناکیی ببەخشێت، یان بسووتێنێت و ئەمە بەستراوەتەوە بەوەی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.
سبەینێ، ئەو خەونەیە کە هێشتا نەهاتووتەدی، بەڵام هەموو ئەگەرێکی تێدا چاوەڕوانکراوە.

لە دیدی سارترەوە، مرۆڤ خۆی خۆی دروست دەکات و سبەینێ ئەو بوارە فراوانەیە بۆ ئەو دروستکردنە.

منداڵ بە خەون سەیری سبەینێ دەکات، هەرزەکار بە ئاوات، و پیر بە ترس و پەشیمانی. سبەینێ شوێنی ئەوەیە کە تێیدا ئاواتەکان دەبنە دەستکەوت، یان لەناو دەچن؛ ناوبانگ دروست دەبێت، یان دەفەوتێت.

لەنێوان ئەم سێ کاتەدا، مرۆڤ وەک دارێکی ئەرخەوان وایە:

 رەگەکانی لە دوێنێدا، قەدی لە ئەمڕۆدا و گەڵاکانی لە سبەینێدا دەردەکەون. ئەگەر رەگەکان فەرامۆش بکرێن، دارەکە وشکدەبێت؛ ئەگەر قەدەکە بەهێز نەبێت، بەرگریی ناکات و ئەگەر گەڵاکانیش نەبن، هیوایەک نامێنێت.
گەلێک کە لە دوێنێی خۆیەوە شتێک فێر نەبێت، ئەمڕۆی لێ تێکدەچێت و سبەینێشی لەدەست دەچێت. سیاسەتیش تەنیا بڕیارێکی کاتیی ئێستا نییە، بەڵکو بەردەوامییەکی فەلسەفییە کە لەنێوان یادەوەری و هیوادا دروست دەبێت.
بێگومان، مرۆڤ تەنیا لە کاتدا ناژی، بەڵکو کات لە ناو مرۆڤدا دەژی. ئەگەر بتوانین لە دوێنێ فێرببین، لە ئەمڕۆدا کار بکەین و بۆ سبەینێ تێبکۆشین، ئەوا نەک تەنیا دەژین، بەڵکو مانایەکی راستەقینە بە بوونی خۆمان و ئەوانی تر دەبەخشین. وەک ئیمامی عەلی (ک.و) دەفەرموێت:

«بۆ دنیات وا کار بکە وەک ئەوەی هەمیشە دەژیت و بۆ دواڕۆژیشت وا کار بکە وەک ئەوەی سبەی دەمرێت.»
فەیلەسوفە ناودارەکانی جیهان “کات” بەم شێوەیە پێناسە دەکەن: 
کانت دەڵێت: «کات لای ئێمەیە.»
هیگڵ دەڵێت: «گەشەیە.»
دیکارت دەڵێت: «نوێبوونەوەیە.»
سپینۆزا دەڵێت: «تەنها خەیاڵە.»
 منیش لەوانەیە بتوانم بڵێم:
لە خەودا نە مێژوو هەیە نە ئایندە؛ تەنیا کاتێک هەیە کە لە راستیدا بوونی نییە.

ئەتهەم باقی، پیاوێکی قسەخۆش و تەنزئامێز لە گەڕەکی تێڵخانەی خانەقین، خاوەنی گرێمانەی سێ «نە» بوو؛ دەیگوت: (نە حزبی شیوعی عیراقی دێتە سەر حوکم، نە فەلەستین رزگار دەبێت، نە کوردستان دەبێت بە دەوڵەت).
بڕوای بە ئایندە نەما بوو. 

رۆژێک لە کافتریای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، گوێم لە گفتوگۆیەکی هاوڕێیانەی نێوان دوو ئەندامی  مەکتەبی سیاسی بوو کە لە تەنیشت پەنجەرەیەکی رووەو قیبلە دانیشتبوون. 

یەکەم وتی: دیدی یەکێتی بۆ یەکسانی و دادپەروەری لە کوردستان چییە؟

دووهەم وتی: هاوڕێ واز لە دید و هەڵوێست بهێنە، با چایەکەمان بەئیسراحەت بخۆینەوە.
ئەوەتر وتی: رەشبین مەبە، گەشبین بە.
دووهەم وتی: ئایندەمان رەنگدانەوەی مێژوومانە؛ سەرەرای سەرکەوتن و دەسکەوتمان بۆ گەل ونیشتیمان، بەڵام مێژوویەکی سەخت و پڕ لە کارەساتی جەرکبڕمان هەبووە.
یەکەم وتی: إن شاء الله، ئایندەمان پڕ خێر دەبێت.
ئەویتر وتی: ئێمە زۆرمان چووە و کەممان ماوە؛ ئایندەی چی؟ ئێستا ئێمە لە ئایندەدا دەژیین!
منیش لای خۆمەوە وتم: ئایندە تەنیا ئەو کاتە نییە کە ئێمە تێیدا دەژین، بەڵکو ئەو شوێنەوارەیە کە جێی دەهێڵین.
ئەگەر تەمەنمان کەمیش مابێت، قسەکردنمان لەسەر دادپەروەری و یەکسانی وەک چاندنی دارێک وایە؛ لەوانەیە خۆمان لە سێبەرەکەیدا دانەنیشین، بەڵام نەوەکانمان لەسایەیدا دەحەسێنێتەوە. مرۆڤ تەنیا لە کاتدا ناژی ؛بەڵام مرۆڤ کاتێک هەست بە مرۆڤ بوونی خۆی دەکات، کات لە ناویدا دەتوێتەوە!!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن