8وتار

دادپەروەری و یەکسانی؛ لە دروشمەوە بۆ راستی ژیان

4/22/2026 2:33:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

لە مێژووی دوورودرێژی مرۆڤایەتیدا، کەم چەمک هەن هێندەی "دادپەروەری" و "یەکسانی" لە ناو دڵ و هزری مرۆڤدا رەگیان داکوتا بێت. ئەمانە تەنها وشەی گەورە، یان دروشمی سیاسی نین، بەڵکو بنەمایەکی ئەخلاقی و شارستانیی گشتگیرن، کە هەر کۆمەڵگەیەک بەپێی نزیکی، یان دووریی لەم دوو چەمکە، هەڵدەسەنگێنرێت. کاتێک دادپەروەری باڵادەست دەبێت، مرۆڤ هەست بە ئارامی دەکات؛ کاتێکیش یەکسانی دەچەسپێت، کەس هەست بە ستەم و بێبەشی ناکات، بەڵام ئەگەر ئەمانە تەنها لە چوارچێوەی وشەدا قەتیس بمێنن، کۆمەڵگە بەرەو تاریکییەکی بێ ئاسۆ هەنگاو دەنێت.

سەرهەڵدانی ئەم دوو چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساتەی مرۆڤ یەکەمین هەنگاوی بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگە و داڕشتنی یاسا هاویشت. لە سەرەتادا، "داد" زۆرجار لە لایەن بەهێزان و دەسەڵاتدارانەوە پێناسە دەکرا، نەک لەسەر بنەمای رەوایی، بەڵام لە سەردەمی رۆشنگەرییدا، بیرمەندانی گەورەی وەک "ژان ژاک رۆسۆ" بانگەوازی ئەوەیان کرد کە مرۆڤ یەکسانە  بە سروشت و ئەوە کۆمەڵگەی نادادپەروەرە ئەو یەکسانییە تێکدەشکێنێت. لەم دیدگایەدا، دادپەروەریی تەنها جێبەجێکردنی یاسا نییە، بەڵکو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە.

دواتر و لە سەردەمی گەشەسەندنی بیرۆکە سۆشیالیستییەکاندا، بیرمەندانی وەک «کاوتسکی»، «پلیخانۆف»، چەمکی یەکسانییان فراوانتر کرد. بە بڕوای ئەوان، یەکسانی تەنها لەبەردەم یاسادا بەس نییە، بەڵکو دەبێت لە ژیانی راستەقینەدا، لە هەلی کار، دابەشکردنی سامان و دەرفەتەکاندا رەنگبداتەوە. «رۆزا لۆکسمبۆرگ» پێی وابوو ئازادی بەبێ یەکسانی، مانایەکی نییە؛ چونکە کاتێک مرۆڤێک توانای بەکارهێنانی ئازادییەکەی نەبێت، ئەو ئازادییە تەنها ناوێکی بەتاڵە.

لە سەدەی بیستەمدا، ئەم بیرۆکانە بە شێوەیەکی رێکخراو لە لایەن حزبە سۆشیال-دیموکراتەکانەوە لە جیهاندا پەیڕەو کران. ئەوان هەوڵیاندا یەکسانی لە دەرفەتی خوێندن، تەندروستی و کاردا دابین بکەن و دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی گشتیدا بچەسپێنن. سیستمە پێشکەوتووەکانی تەندروستی و پەروەردەی گشتی، بەرهەمی ئەم تێکۆشانەن، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە هەمیشە ئەوەیە: ئایا دەکرێت یەکسانی تەنها بە یاسا بسەپێنرێت، یان پێویستی بە گۆڕانی کەلتوریی و رۆحی کۆمەڵگەش هەیە؟
لە دیدی ئایینە جیاوازەکانیشدا، دادپەروەری و یەکسانی بنەمایەکی هاوبەشن. دادپەروەری وەک فەرمانێکی خودایی، و یەکسانی وەک مەرجی خۆشەویستی و هاوبەشیی مرۆیی دەبینرێت. لە ئایینی زەردەشتییدا، راستی و داد وەک کۆڵەکەی ژیان دەناسرێن، ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئەم دوو چەمکە پێش ئەوەی ببنە دروشم لە سیاسەتدا، لە قوڵایی رۆحی مرۆڤدا بوونیان هەبووە.

لە چوارچێوەی کوردستاندا، بە تایبەتی لەناو لایەنە سیاسییەکاندا، زۆرجار دادپەروەری و یەکسانی وەک دروشم دەبینرێن، بەڵام خەباتی راستەقینە لەوێوە دەستپێدەکات کە ئەم وشانە ببنە سیستم و کردار: کاتێک یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ دەکرێت، کاتێک دەسەڵات لێپرسراو و وەڵامدەرەوە دەبێت و کاتێک لایەنەکان لە ناوخۆیاندا دەبنە مۆدێلێکی باڵای دادپەروەری.

دادپەروەری و یەکسانی، دوو باڵی پێویستن بۆ فڕینی هەر کۆمەڵگەیەکی تەندروست. ئەگەر یەکێکیان نەبێت، ئەوی دی ناتوانێت کۆمەڵگە بەرز بکاتەوە. دادپەروەریی بێ یەکسانی، دەبێتە دادپەروەرییەکی لاواز و فۆرمالیستی و یەکسانیی بێ دادپەروەرییش دەبێتە هاوشێوەیەکی زۆرەملێ و بێ گیان.

پەندی پێشینان: دەڵێت "هەق بڵێ با سەرت بشکێ"؛ واتە دادپەروەریی پێویستی بە بوێری و باجدانە، نەک تەنیا قسەی خۆش.

حاجی قادری کۆییش  دەڵێت، رزگاری لە "قانوون و عەدل"دایە. لێرەدا یەکسانی تەنیا خەون نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە "یاسا". هەروەها دادپەروەری وەک تەرازوویەکی بێ لایەن و یەکسانی وەک تیشکی خۆر وایە؛ کە بەبێ جیاوازی دەبێت بەسەر هەموواندا دابەش بێت.

ژیان بەبێ ئەم دوو باڵە، وەک دەستەواژە ئەدەبییەکان دەڵێن: "ناوێکی بەتاڵ و هەناسەیەکی ساردە"

لە کۆتاییدا، ئەم دوو چەمکە نابێت تەنیا لە وتار و دروشمەکاندا بمێننەوە. پێویستە ببنە رەفتاری رۆژانە، بڕیاری سیاسی، یاسای کارا و کەلتورێکی چەسپاو، چونکە کاتێک دادپەروەری لە دڵی کۆمەڵگەدا نیشتەجێ دەبێت و یەکسانی لە کرداری رۆژانەدا دەردەکەوێت، ئەو کاتە مرۆڤایەتی نەک هەر دەژی و پێشدەکەوێت، بەڵکو دەدرەوشێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن