8وتار

کوردستانەکەم خۆشدەوێت وەکوو دایکم

2/22/2026 12:55:00 PM
عیماد ئه‌حمه‌د

کوردستان بۆ من تەنیا ناوێکی جوگرافی نییە؛ کوردستان دایکە، دایکێک کە بە ئامێزی گەورەی شاخەکان و بە نیعمەتی ئاوی سازگاریی کانییەکان و سەروەریی هەواکەی، منداڵەکانی پەروەردە کردووە. لە باوەشی ئەو شاخانەدا فێری بەرگریی بووین، لە هاژەی رووبارەکاندا فێری ئازادی و لە هەناسەی هەوا پاکەکەیدا فێری ئارامی بووین.

من شەیدای قاسپەقاسپی کەوم
تینوی ئاوی سازگاری کانیم و
مەستی هەوای پاکی کوردستانم.

ئەو خاکە بۆ من ناسنامەیە، مێژووە، رەگ و ریشەیە. شانازیی بە کورد وەک نەتەوە و بە کوردستان وەک وڵات دەکەم؛ بەڵام رقم لە هیچ نەتەوەیەکی دیکە نییە و چاوچنۆک نیم بەرامبەر هیچ خاکێکی دیکە. خۆشەویستی نیشتمان بە مانای پاراستن و رێزگرتن لە ناسنامەی خۆمانە. کورد لە ناوچەکەدا گەلێکی دێرینە، لە سەردەمی مادەکانەوە ناوی لە لاپەڕەکانی مێژوودا هاتووە. لە باوشی شاخەکان ژیاوە و بەرگەی پەلاماری دوژمنانی گرتووە و هەر لە شوێنی خۆی ماوەتەوە.

ئەشکەوتە کۆنەکان و شارە مێژووییەکان، وەک: شانەدەر، هەزارمێرد، بەرچەم، کانی میکائیل، حەسەنکێف ؛ ئەربیل، ئامەد، حەسەکە و کرمانشان، دەرخەری مێژووییەکی قووڵن؛ مێژوویەک کە دەڵێت ئەم خاکە، پیرۆزترین خانەی سەرەتایی ئێمە بووە.

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کورد لە ناوچەیەکی شاخاویدا ژیاوە؛ وەک داری بەڕوو، رەگ و ریشەی لەم خاکەدا داکوتاوە و بەرگەی رەشەبا و مەینەتیی ژیانی گرتووە.

مێژوومان پڕە لە کارەسات و مەینەتی. لە ئەنفال و کیمیاویبارانەوە هەتا کاولکاریی دێهات و دەرکردنی خەڵک لە شوێنی باووباپیرانیان؛ بەڵام ئەمڕۆ جیهان بچووک بۆتەوە و سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت ناهێڵن زوڵم وەک رابردوو بشاردرێتەوە. ئەمە هیوایەکە بۆ دادپەروەری و دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکان.

لەم رۆژانەدا، بۆ پشتیوانی لە رۆژئاڤا، منداڵێکی پێنج ساڵەم بینی کە ئاڵای کوردستانی لەسەر شان بوو، وەکوو تاوس ئەلەنگی، ئەوە تەنیا پارچە قوماشێک نەبوو لەسەر شانی، بەڵکو نیشانەی متمانەیە بە ئایندە. وەک باوکێک، کاتێک ئاڵاکە لە سەرشانی دەبینم، لەلایەک وەک قەقنەس بەرەو رۆژ هەڵدەستم و پڕ ئومێد دەبم؛ لە لایەکی دیکەوە ئەستەمە رابردوو دووبارە ببێتەوە!

کوردستانەکەم…
مەست و حەیرانی جوانییەکانتم
تینوی ئاوی کانییەکانتم،
تۆی سۆمای هەردوو چاوم و 
شەیدای ئاو و هەواتم،
موریدی موریدەکەی 
شاری شارانی سلێمانیتم.

جارێکی دیکە دەڵێم:
کوردستانەکەم…
خۆشمدەوێیت وەکوو دایکم.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن