عەقاری و فیدراڵیەتی هەرێم
8/24/2025 12:21:00 PM
عیماد ئهحمهد
1-2
دوای دوورکەوتنەوە و بێبەشبوونم لە جەلەوە، بەهەشتی لاوێتیم و جێهێشتنی
خانەقینی (نصفی) جیهانم و پەیوەندییکردنم بە شۆڕشەوە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ و راپەرین و راماڵینی رژێمی بەعس لە بەشێکی زۆری کوردستانی
باشوور، لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی نشتەجێبووین.
ئەوەی لە کیسمان چوو لە مەنزڵگای باوباپیرانمان لە خانەقین، لێرە لە سلێمانی شاری هەڵمەت و
قوربانی بە زیادەوە دەستمانکەوت. راستە مەحروم بووین لە هاژەی ئەڵوەن و بۆنی باخ و
جوانی خانووە قوڕەکانی جەلەوە، بەڵام شادبووینەوە بە قۆریە شکاو و جادەی سەهۆڵەکە
و مزگەوتی نالی.
نەنکم هاجەر دەیوت: پەیداکردنی دراوسێی باش، دەکەوێتە
پێش پەیداکردنی خانووی باشەوە. منیش بووم بە خاوەنی گەنجینەیەک لە دراوسێی باش و
نایاب لە بەهەشتە تازەکەم. شکور بۆ خوا نە خۆم و نە پێشمەرگەکان لە جیاتی عەون، نەبووین
بەفیرعەون بۆ گەڕەکەکەمان.
لەوێ خاڵو گوڵمرای و کەلای مراخان و حاجی یاسین،
لێرە غەفور ئاغا و حاجی فایەق و شێخ مەحمود و دکتۆر فوئاد بابان.
لەوێ میم خەنان و بانو و ئاهو و میم رەبابە، لێرەش
شەفیقە خان و فاتمە خان و باجی مەلیح و دکتۆر پەری. لەوێ مامۆستا مەجید غاندی، لێرە
مامۆستا ئەحمەدی سناعە. لەوێ محەمەد دلگ، لێرە رەحیمە فشە.
لەوێ ئەحمەدە خەجە، لێرە عومەری ئەجێ. لەوێ رەزای
تەسجیلات، لێرە شوانی ئۆسکار. لێرە مامۆستا جەمال عەبدول، لەوێش مامۆستا بەندەر. لەوێ
گردی ئیمام عەباس لێرەش گردی سەیوان.
بەراستی ویسالم بە سلێمانی و عەقاری، فیراقم لە
خانەقی و جەلەوە قەرەبووکردەوە و سوکنایی بە دڵمدا هات.
ئێوارانێک لە هاوینی ساڵی (1993) غەفور ئاغا و
دکتۆر فوئاد بابان، هاتن بۆ لامان بۆ بەخێرهاتن لە نیشتەجێبوونمان لە گەڕەکە
نازدارەکەی عەقاری. لە باخچەی حەوشەکەمان دانیشتین، یەکەمجار بوو بە خزمەتی هەردووکیان
بگەم، زوو چوونە دڵمەوە. قسە خۆش و نایابەکانی غەفور ئاغا دانیشتنەکەی شیرینتر
کرد، هەر زوو بووین بە دۆست و ناسیاو. غەفور ئاغا کوڕی حاجی مەلا سەعید کەرکوکی زادەیە، باوکی لە حکومەتەکەی مەلیک مەحموددا
وەزیری داد و ئەوقاف بووە، خۆشی ئەفسەری سەردەمی مەلیکی بووە، غەفور ئاغا پیاوێکی
پاکوتەمیز، جەستە رێک، سپی رەنگ، باڵا
مامناوەند، چاو تیژ، دەموددان سپی، لە جل و بەرگدا پۆشتە و پەرداخ و بە سەلیقە بوو .
کاتێک لە (4/10/1992) ئەنجومەنی نیشتمانیی
کوردستان (پەرلەمان) بە بڕیاری (22) لە دانیشتنی ژمارە(8)دا فدراڵییەتی بۆ کوردستان- عیراق وەک هەرێمێک پەسەند کرد، شەوەکەی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک
رژانە سەر شەقامەکان و تەقەیەکی هەمەجۆر و بێئەندازە ئاسمانی شارەکانی هەرێمی
رووناک کردەوە و بوو بە مارشی سەرکەوتن! ئەوسا سەردەمی چەکسالاریی بوو!
لەو کاتەدا غەفور ئاغا دێتە دەرەوە و دەڵێت: خەڵکینە
چی قەوماوە؟ ئەوانیش دەڵێن: کوردستان بوو بە فیدراڵیەت.
ئەویش دەڵیت: چۆن و کێ بڕیاریداوە؟
ئەوانیش دەڵین: پەرلەمانی خۆمان بڕیاریداوە.
غەفور ئاغاش دەڵێت: (خۆش) فیدراڵییەت، خۆیان بڕیار
دەدەن و خۆشیان شایی بۆ دەکەن و هەڵدەپەڕن!